ئووجا: سوپای تورکیا هاوشێوه‌ی داعش په‌لاماری ئێزدییه‌كانی عه‌فرین ده‌دات
فەلەناس ئووجا، په‌رله‌مانتاری هەدەپە، ڕایگەیاند؛ لە هێرشەکانی توركیا بۆ سەر عەفرین، ئێزدییه‌كان به ئامانج گیراون.
فەلەناس ئووجا، په‌رله‌مانتاری هەدەپە، ڕایگەیاند؛ لە هێرشەکانی توركیا بۆ سەر عەفرین، ئێزدییه‌كان به ئامانج گیراون.
فەلەکناس ئووجا، په‌رله‌مانتاری شاری ئامه‌دی پارتی دێمۆكراتیی گه‌لان - هه‌ده‌په، له لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له په‌رله‌مانی توركیا ڕایگه‌یاند؛ سوپای توركیا له هێرشه‌كانیدا بۆ سه‌ر عه‌فرین، خه‌ڵكی سیڤیلی كردۆته ئامانج و هاوشێوه‌ی داعش په‌لاماری ئێزدییه‌كانی داوه.
«زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریاوە، ڕوویان لە عەفرین کردووە و بۆ ماوەی ٦ساڵە لە ئارامی و ئاشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. عەفرین، شارێکە کە گەلێک باوەڕی و کولتووری جیاجیای وەک سوریانی، ئەرمەنی، تورکمەن، عەرەب، کورد و هەروەها سوننە، عەلەوی، مەسیحی و ئێزدی لێ دەژین. بەڵام بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیاوە به بیانووی شەڕ لە دژی تیرۆر، ڕۆژانە بۆمب بەسەر ئەو هەموو گەل و باوەڕیانەدا دەبارێندرێت.»
منداڵان و هاوڵاتیانی سیڤیل دەکوژرێن
ئووجا، ڕایگه‌یاند؛ نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریا، ئاژانسی هه‌واڵی سانا-ی سەر بە ڕژێمی سووریا، یونیسێف و گەلێک ڕێکخراوەی دیکەی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندووە کە لە هێرشەکاندا هاوڵاتیانی سیڤیل به ئامانج گیراون. یونیسێف، ڕۆژی ٢٧ی كانوونی دووه‌م/ ٧ی ڕێبەندان بە ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو لە عەفرین بە لایه‌نی کەمەوە ١١ منداڵ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کوژراون. دوایین جار نەخۆشخانەی ئاڤرین باسی گیانله‌ده‌ستدانی ١٠٤ هاوڵاتی و برینداربوونی ١٥٦ی دیکەی کردووه.
گەلی ئێزدی-ش كراونه‌ته ئامانجی هێرشەکان
په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په فه‌له‌كناس ئووجا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد گەلی ئێزدی-ش لە هێرشەکانی سەر عەفرین بە ئامانج گیراون و وتی؛
«هەموومان دەزانین کە هاوینی ٢٠١٤ داعش لە شه‌نگال چۆن گەلی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد. داعش ده‌یه‌ویست گەلی ئێزدی بە تەواوی لە شه‌نگال پاکتاو بکات و لەسه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ریان بكات و ئاوارەی هەندەرانیان بکات. هەر ئەو کاتە به هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی ڕفێندران. داعش لە پێش چاوی منداڵان، سەری باوکیانی دەبڕی و ژنانیان دەخستە قەفەسەوە و به زیندوویی دەیانسووتاندن. کۆمەڵکوژییەکی به هەمان شێوە، ئه‌مڕۆش لەسەر گەلی ئێزدیی عەفرین بەڕێوە دەچێت.»
ژنه‌په‌رله‌مانتاری ئێزدی له فراكسیۆنی هه‌ده‌په، فه‌له‌كناس ئووجا، له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: ساڵی ٢٠١٤ کە داعش هێرشی کردە سەر شنگال، بەر لە هەر شتێک هێرشی كرده سەر ئێزدییەکان. شتێکی بە ڕێکەوت نییە کە سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سووریا، لە هێرشەکانیان بۆ سەر عەفرین لە پێشدا پەلاماری ئێزدییەکانیان لە قەستەل جندۆ داوە. لە ماوه‌ی ١٤ ڕۆژی هێرشه‌كاندا، په‌لاماری ماڵ و حاڵی ئێزدییه‌كان و شوێنە پیرۆزەکانیان دراوە و لە بەریەک هەڵوەشێندراون. یەکەمین بۆمباکان بەسەر شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکان لە قەستەل جندۆدا بەردرایە خوارەوە. لە ١٣هەمین ڕۆژی هێرشەکانیش گوندە ئێزدینشینه‌كانی باسوفان، باشمەرا و گوندە مەزن، بۆردومان کراون.
ئووجا، ڕایگه‌یاند؛ لە عەفرین به هەزاران ئێزدی دەژین و لەگەڵ نیزیکەی ملیۆنێك دانیشتووی دیکە خه‌ریكه له لایه‌ن توركیا و سوپای ئازاد کۆمەڵکوژ ده‌كرێن.
وتیشی؛ خوازیاری لە ناوبردنی ئێزدییەکانن. پاراستنی هەموو نەتەوە و باوەڕییەک ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤایەتییە و پێویستە هێرشەکانی سەر عەفرین بەپەلە کۆتای‌یان پێبێت.
ش. م