«ئێمە بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکیاوە لە عەفرین هەڵهاتین»
مستەفا محەمەد و خێزانه‌كه‌ی کە نەیانتوانی چی دیكه خۆیان لە به‌رانبه‌ر زوڵمی دەوڵەت و چەتەکانی ده‌وڵه‌تی تورك لە عەفرین ڕابگرن، ناچاربوون ماڵ و واری خۆیان جێبهێڵن.
مستەفا محەمەد و خێزانه‌كه‌ی کە نەیانتوانی چی دیكه خۆیان لە به‌رانبه‌ر زوڵمی دەوڵەت و چەتەکانی ده‌وڵه‌تی تورك لە عەفرین ڕابگرن، ناچاربوون ماڵ و واری خۆیان جێبهێڵن.
لە ١٨ی مارس به‌دواوه، كاتی داگیركردنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییهوه، كۆتایی به ئەشکەنجە، تاڵانكاری، دەستدرێژی و ڕفاندنی خه‌ڵك نایەت. پاش ئەوەی عەفرین داگیر کرا، هەزاران کەس لە دانیشتوانەکەی ناچاربوون شوێن و واری خۆیان جێبهێڵن. ئه‌و عەفرینییانهی كه هەموو شتێکیان خستە پێش چاوی خۆیان و نه‌یانویست عه‌فرین جێبهێڵن، چی دیكه نەیانتوانی خۆیان لە به‌رانبه‌ر ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ڕابگرن. ناچاربوون شوێن و واری خۆیان جێبهێڵن و کۆچ بکەن.
مستەفا محەمەد و خێزانه‌كه‌ی، یەکێکن لەو خێزانه عەفرینیانەی کە نەیانویست لە کاتی داگیرکردنی شارەکەیاندا عەفرین جێبهێڵن. مستەفا و هاوژینەکەی؛ زولەیخا محەمەد چی دیكه نەیانتوانی خۆیان لە به‌رانبه‌ر زوڵمی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدا ڕابگرن، عەفرینیان جێهێشت و لە شەهبا نیشتەجێ بوون. ئەوان چیرۆکی خۆیان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەگێڕنەوە.
«ویستی کوڕەکەی ڕزگار بکات بەڵام خۆیشیان دەستگیر کرد»
زولەیخا محەمەد باسی ئەوە دەکات کە خزمەکانیان نەیانویستووە عەفرین بچنه ده‌ره‌وه، بۆیه بڕیاریانداوه کە لە عەفرین بمێننەوە. گوتیشی: «ئێمە ویستمان لە گوندەکەمان بچینه ده‌ره‌وه، بەڵام خاڵم و باپیرم گوتیان مه‌ڕۆن. ئێمەش گوتمان «باشە، ئەگەر ئێوە نه‌ڕۆن و بمێننەوە، ئەوا ئێمەش دەمێنینەوە.» به‌م شێوه‌یه ئێمه ماینه‌وه. له‌ناكاو دەنگە دەنگ دەهات، سەرەتا ئێمە تێنەگەیشتین، بەڵام زۆر ترساین. له‌ناكاو به هاواری «ئەڵاهوئەکبەر» دایان بەسەر گوندەکەماندا. وه‌ك زه‌رگه‌ته بڵاوبوونه‌وه.
«پاشان دەنگی فیشەکمان بیست. ئێمە زۆر ترساین و منداڵەکانمان لە ترساندا دەگریان. دوو ڕۆژ لە گوندی خلنێر ماینەوە. پاشان توركه‌كان هاتن. کاتێک کە فڕۆکه‌كان بۆردومانیان كرد، منداڵێک ژیانی لەدەستدا. پاشان لە گوندی خلنێر دەستیان بە ڕەشبگیری کرد. باوکی کوڕێک کە گیانی لەدەستدابوو، بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی ڕۆیشتە دەرەوە، بەڵام ئه‌ویشیان بریندار کرد. ئه‌و له‌گه‌ڵ كوڕێكی دیكه‌ی، ماوه‌ی دوو مانگ دەستگیر کران. دوو کەسی دیكه‌یان بە ناوەکانی مەزڵووم و عیسمەت ڕفاند و تا ئێستاش نازانرێت لە کوێن. ئێمە هەمان ڕۆژ گوندەکەی خۆمان جێهێشت و هاتینه عەفرین.»
زولەیخا محەمەد له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ستنیشانی كرد، چەتەکان هاوژینەکەیان ڕفاندووه و دوای فیدیه‌یان لێ‌كردبوون له به‌رانبه‌ر ئازادكردنی. گوتیشی: من نەمزانیبوو کە هاوژینەکەمیان ڕفاندووە. خزمەکانم پێیان گوتم. بۆ ئازادکردنی داوای 20 ملیۆن لیرەی سووری‌یان لێ دەکردین. منیشیان ده‌ڕفاند، بۆیه خۆم ده‌شارده‌وه. ژنێکی دیكه‌یان ڕفاند. ئەگەر منیش لە عەفرین مابوامهوه، ئەوا منیشیان دەڕفاند.
«جلوبەرگی سەربازییان لەبەرکردین و بە تۆمەتی ئەوەی شەڕڤانی یەپەگەین وێنەیان گرتین»
مستەفا محەمەد كه ماوەی ٦٤ ڕۆژ بە دیلی لای چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا مایەوە و ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرا، باسی ئەو کاتەی بۆ كردین و گوتی: «کاتێک ده‌چوومه سەر کار، چەتەکان لەسەر ڕێگه منیان ڕفاند و بردمیانە مەراتای. لەوێ ئەشکەنجەیان داین. جلوبەرگی سەربازییان لەبەر کردین، وێنەیان گرتین و بڵاویان کردنه‌وه. گوتیان [ئه‌مانه شەڕڤانی یەپەگەن و خۆیان ڕادەست كردووه.] سەرەتا ئێمە دوو کەس بووین، پاشان ژمارەمان بوو بە ١١ کەس. دواتر ئێمەیان بردە جندرێس و لەوێش لە کاتژمێر ٦ی بەرەبەیان هەتا کاتژمێر ١٢ی شه‌و ئەشکەنجەیان داین. لەوێش گوتیان [ئه‌مانه چەتەن، لە به‌ره‌كانه‌وه هێناومانن] کاتێکیش ئێمەیان برد، چاویان به‌ستبووین.»
«لە جندرێسیشەوە ئێمەیان بردە گركێ. پاشان ئێمەیان بردە عەزاز و سوجار. زۆر ئەشکەنجەیان ده‌داین. لەوێ ژنیش هەبوون. نزیکەی هەزار کەس لەوێ گیرابوون. نانیان پێ نەدەداین. زۆر ئەشکەنجەیان ده‌داین. بە تایبەتی ئێواران دەستیان بە ئەشکەنجەدانمان دەکرد و هەتا بەرەبەیان بەردەوام دەبوون. بە سۆندە و بە دار، به هەموو شێوەیەک ئەشکەنجەی توندیان ده‌داین. سوکایەتیی گەورەیان پێدەکردین.»
«لێپرسینەوە لە لایەن تورکەکانەوە دەکرا»
مستەفا محەمەد دەستنیشانی کرد کە کەسێک لە گوندی حەسەنە به ئه‌شكه‌نجه كوژراوه و گوتی: «کەسێکی بریندارمان لەگەڵدا بوو کە ناوی محەمەد بوو. لە ڕاجۆ بریندار بووبوو. چارەسەری برینەکەیان بۆ نەکرد، بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو مانگ برینەکەیان بۆ نەپێچا، پاش دوو ڕۆژ لە ئازاد کردنم، شەهید بوو. تورکیا و گرووپه چەتەکانیان زیاتر پێكه‌وه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین.»
ئه‌و هاوڵاتییه‌ی عه‌فرین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، چەتەکان بە سه‌ختی کاری وەرگێڕانیان دەكرد. ٩٠%یی زیندانییەکان کورد بوون. دوو کەسمان لەگەڵدا بوو کە یەکێکیان تەمەنی ٦٠-٧٠ ساڵان بوو. سەرەتا ئۆتۆمبێلەکهیان لێ سەند، پاشان خستیانه زیندان. ئەو کەسانەی کە دەڕفێندران، بە بێ پاره لێسه‌ندن ئازاد نەدەکران. ئەوان بۆ پارە هەموو شتێکیان ده‌كرد. بۆ هەر کەسێک کە دیانڕفاند، فیدیه‌یان وه‌رده‌گرت.
«بۆ دەرهێنانی به‌رهه‌مه مێژووییه‌كان هەموو شوێنێکی عەفرینیان هەڵدەکۆڵی»
مستەفا محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەی ئەو چەتانەی لە غووته-وه هێنراون زۆرن و ناهێڵن خەڵکی عەفرین به ئاسووده‌یی لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. محه‌مه‌د باسی ئه‌وه‌ی كرد كه هه‌میشه خه‌ڵك ده‌ڕفێندرێت. گوتی: «ژنان و کچان ده‌به‌ن. هەموو ڕۆژێک ٣ تا ٤ کەس ده‌به‌ن. هه‌ر بزانن کە پارەت هەیە، بە بیانووی ئەوەی ئه‌ندامی یه‌په‌گه یان ئاسایشی، ده‌تڕفێنن. دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانی تەواوی ئەوانەشدا دەگرن کە دەیانڕفێنن.
مستەفا محەمەد دەستنیشانی کرد کە ئەشکەنجە، تاڵانكاری و ستەم لە ناوچەی کەفەرجان لە لووتکەدایە. هێمای بۆ ئه‌وه كرد کە به‌ر له چەند ڕۆژێک سێ هاوڵاتیی سیڤیل له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوژراون.. ئه‌و هاوڵاتییه سەرنجی ڕاکێشایە سەر وێرانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی عەفرین و گوتی: «بەمەبەستی دەرهێنانی بەرهەمه مێژووییه‌كان، چەندین شوێنی عەفرینیان هەڵکۆڵیوە. بە تایبەتی ناوچەکانی گوندی سێڤی-یان زۆر هه‌ڵكۆڵیوه.
«ئەنەکەسە لەگەڵ چه‌ته‌كان كار ده‌كات»
مستەفا محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە مەترسی ئەوە هەبووە هاوژینەکەی بڕفێنن، لەبەرئەوە نەیانتوانی چی دیكه لە عەفرین بمێننەوە. بارودۆخی ئێمەش باش نەبوو، سێ جار هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان و بەدواماندا دەگەڕان. ئێمە خۆمان دەشاردەوە.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئەنەکەسە لەگەڵ چەتەکان کار ده‌كات و گوتی: «لە عەفرین ژمارەیەکی زۆری ئه‌ندامانی ئەنەکەسە هەن. بە چڕوپڕی لەنێو ئەنجوومەنەکانی چەتەکاندا ئه‌ندامن. ئه‌وان به چه‌ته‌كان ده‌ڵێن كێ چ كارێت ده‌كات. ئەو کەسانەی کە مامۆستاش بوون، دەیانڕفاندن. ئەوانەی کە لەسەر مامۆستاکان ڕاپۆرتیان دەدا و شکایەتیان دەکرد، ئەنەکەسەیی بوون.»
s.m