ئەنجومەنی گەلی سەرێکانی: شارەکەمان لە داگیرکەران پاک دەکەینەوە

هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل-ی سەرێکانی باسیان لە بارودۆخی ناوچەکەو داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کردو جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوان رێگە نادەن داگیرکەری بەردەوام بێت و شارەکەیان لە داگیرکەران پاک دەکەنەوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە لە سەرێکانی و گرێ سپی دەستیان بە هێرشێکی توند و دڕندانە کردووە، ژمارەیەکی زۆری لە هاوڵاتیانی مەدەنی کۆمەڵکوژ کردووەو ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانیشیان بە تاڵان بردووە. بە هۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەسی مەدەنی ناوچەکانییان بەجێ هێشتووەو ئاوارە بوون، هاوڵاتیان کە بە هۆی ئەم داگیرکەرییەوە بە مەجبووری ئاوارەو دەربەدەر بوون، لە ئێستادا بە ناچاری لە ناو قوتابخانەو خوێندنگاکانی شارەکانی تری ناوچەکە نیشتەجێ بوون.

فادیا ئیبراهیم و فەرەج محمد هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل-ی سەرێکانی باسیان لە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و خۆڕاگری هاوڵاتیانی سەرێکانی و بارودۆخی ناوچەکە کردوو جەختیان کردەوە کە سەرێکانی شاری ئارامی و پێکەوەژیان بوو، بەڵام دەوڵەتی ئەردۆغان دەیەوێت ئەم ئارامی و یەکێتیەی ناو پێکهاتەکانی ناوچەکە تێک بدات و دەیەوێت بە بەهانەی 'ناوچەی ئارامەوە' هەرێمەکە داگیر بکات.

'لە ژێر ناوی ناوچەی ئارامەوە دەیەوێت هەرێمەکە داگیر بکات'

فادیا ئیبراهیم هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە سەرێکانی رایدەگەیێنێت کە بوونی سوپای دەوڵەی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جگە لە داگیرکەری هیچ واتەیەکی تری نیە و وتی:"ئەردۆغان کە لە خەیاڵی زیندوکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی دایە، لە ژێر ناوی 'ناوچەی ئارام' دا بە نیازە هەموو ناوچەکە داگیر بکات. دەوڵەتی تورک بە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ناچارمان دەکات کۆچ بکەین."

فادیا ئیبراهیم هەروها تیشکی خستە سەر پیلانە قێزەوەنەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەو وتی:" هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، تا ئێستاش بەردەوامن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت پلانەکانی لە بارەی ناوچەکەوە، بخاتە بواری فەرمییەتەوە. هەڕەشەی داگیرکردن لە نەتەوەی کورد و عەرەب وسوریانی و ئەرمەنی و ئێزیدی و گەلانی تری ناوچەکە دەکات. ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر خاکی باوک و باپیرانمان."

'دەوڵەتی تورک دەیەوێت یەکێتیەکەمان تێک بدات'

لە لایەکی ترەوە فەرەج محمد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە سەرێکانی تیشکی خستە سەر ئەوەی سەرێکانی بە هەموو پێکهاتەکانیەوە شارێکی ئارام و دادپەروەر بوو وتی:" پێشوازی لە خەڵکی سەرتاسەری سوریا دەکرد. لەم شارە هیچ کێشەیەک بوونی نەبوو. ئێمە لە ئارامیدا دەژیاین و یەکسانی هەبوو. دەوڵەتی تورک کە دەیەوێت ئەم یەکێتیە تێک بدات، هێرش دێنێتە سەر شارەکەمان و تا ئێستا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید کردووە. ئەمە چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک زوڵم لە خەلکی سەرێکانی دەکات. لە کەسایەتی گەلی کورد دا دەیەوێت پێکهاتەکانی ناوچەکە تەفروتونا بکات."

فەرەج محمد رایگەیاند تا ئەو رۆژەی چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر شارەکە بمێننەوە ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان و وتی:" دەوڵەتی تورک بە چەکی فسفۆڕ و چەندین جۆر چەکی تری قەدەغەکراو، هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی وتا ئێستا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید کردووە و بە بێ جیاوازی منداڵ و ژن و گەنج و پیر هێرشی هەموو کەسێک داکات. دەوڵەتی تورک هەموو جۆر هاوکارییەکی داعش دەکات. ئایا دەوڵەتێک کە هاوکاری داعش بێت، دەبێت چ بەڵێنێکی هەبێت؟ مامۆستای داعش، ئەردۆغان خۆیەتی."

'جگە لە هەسەدە هیچ هێزێکمان قبووڵ نیە'

فەرەج محمد باسی لە خۆڕاگریی بەرامبەر بە داگیرکەران کرد و وتی:" هەسەدە بەو رەنجە زۆرەی داویەتی، داعشی لە ناوچەکە پاک کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ١٢ هەزار شەهیدمان دا. گەلی سەرێکانی بە پشتیوانی هەسەدە لە دژی دەوڵەتی تورک و فاشیزمی داعش تێدەکۆشێت. گەلی سەرێکانی جگە لە هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هیچ هێزێکی تر قبوڵ نیە. ئێمە تەنها بە هێزەکانی هەسەدەو یەپەگەو یەپەژەوە پشتگەرمین. هێزەکانی هەسەدە ئێمەی لە دیکتاتوریەتی داعش و ئەردغان پاراست. ئێمە خاکەکەمان نە بۆ ئەردۆغان و بۆ داعشیش بەجێ ناهێڵین."

ز.ش