بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: دەبێت دەوڵەتی تورک بوەستێنرێت

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە، "نوێنەرایەتی پڕۆژەیەک دەکات کە هەڵوەشاندنی کردووە بە ئامانجی خۆی"، بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە کۆتایی بەو سیاسەتەی بهێنن.

بەڕێوەبەریایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچە، راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ بە مەبەستی وێرانکردنی ناوچەکە پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکات و جەختیشی کردەوە کە ئەو پڕۆژەیە مەترسیدارە و نەک تەنها بۆ هەرێمێکی دیاریکراو، بەڵکو هەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر گشت ناوچەکە.

لە راگەیێنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا هاتووە:

"دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە بەردەوامە لە سیاسەتە وێرانکاریەکانیدا. بە تایبەت دوای ئەوەی شۆپۆلی رەگەزپەرەستی تورکی تورانی کە لەگەڵ شۆپۆلی ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی لە سەرەتای سەدەی نوێوە بوو بە یەک، ئیدی سیاسەتی هەڕەشەئامێر و قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکانی لە ناوچەکە پەیرەو کرد.

دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ گشت پێوانە ئەخلاقی و یاسایی و بێلایەنەکانی ناوچەکە پێشەل دەکات، هەر وەکو لە سوریا ئەنجامی دەدت. هەمان سیاسەت لە عێراقیش پەیرەو دەکات. ئەمڕۆش لە دەریای سپی، ئەوروپا و ئاسیاش بووە بە هەڕەشەیەکی جدی. هەر وەکو لە یونان و لیبیا ئەنجامی دەدات. لە میسریش پشتیوانی لە ئیخوان موسلیمین دەکات و دەست لە کاروباری ئەفریقاش وەردەدات. لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریاوە، رۆڵێکی نەرێنی و وێرانکارانەی بینیوە. پەرەی بە پڕۆەژی داگیرکەری، پارچەکردن و جیاکردنەوە جۆگرافیا و کۆمەڵاگای داوە. بزوتنەوەی گەلیان گۆڕی بۆ ناکۆکی تایفی و رەگەزی. پشتیوانی گروپە توندڕەوەکانی کرد کە لە بەردەم چارەسەری و رێکەوتنی نشتیمانی لە سوریا بوون بە رێگر.   

هەروەها دەوڵەتی تورک، کێشەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنیستانی قوڵتر کردەوە، دوای ئەوەی پشتیوانی لە ئازەربایجان کرد و گروپە چەتەکانی رەوانەی ئەوێ کرد. ئەمەش ئامانجەکانی بۆ داگیرکەری و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتەکەی دەخاتەروو. ئەردۆغان بە بیانووی ئەوەی تورکیا و ئازەربایجان یەک گەلن و دوو دەوڵەتن، راستەخۆ دەستەوەردانی لەو ناکۆکیانەدا کرد.

ناکۆکیەکان قوڵتر دەکاتەوە و دژایەتی خۆی لە بەرامبەر گەلی ئەرمەنی بەکار دێنێت، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت و ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون، بیانشارێتەوە. واتە دەیەوێت ئاڵۆزیەکانی خۆی رەوانەی دەرەوە بکات. بە رێکارە سەربازیەکان هەوڵ دەدات دەستوەردان لە هەر کێشەیەکدا بکات. دەیەوێت ئاڵۆزیەکان قوڵتر بکاتەوە و ئەوە پیشان بدات کە هیچ رێگایەک جگە لە رێگای سەربازی بوونی نیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەرفەتی چارەسەری بە رێگای دیالۆگ لە ئارادا هەن. ئەمەش بۆ ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتیش هەڕەشەیە و پەرە بە ناکۆکی و خوێنڕێژی لە سەرتاسەری قەفساس دەدات.

جگە لەم سیاسەتە و کردەوە و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ناوچەکە، چەتەکانی سوریاش لە شەڕ و ناکۆکیەکانی ناوچەکە و جیهاندا بەکار دێنێت. ئەمەش جارێکی دیکە رۆڵی ئەو لە دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی سوریا پشتڕاست دەکاتەوە. ئەمەش نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو کەسانە دروست دەکات کە ئیدیعای ئەوە دەکەن گوایا، سوریا لە ئەستۆی ئەواندایە. وەکو ئیتیلافی سوریا کە کەوتووەتە بەرەی رەواکردنی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا.

ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، سیاسەتە هەڕەشەئامێزەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ئیدانە دەکەین. هاوکات رایدەگەیێنین کە دەبێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەت و تاوانانە، هەڵوێستێکی جدی و کرداری بنوێنن. دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسەی ئەمنی، یەکێتی ئەوروپا، ناتۆ و کۆمکاری عەرەبی هەڵوێستیان بنوێنن و ئەو تاوانە وێرانکاریانەی دژی ناوچەکە بوەستێنن. ئەگەر ناڕەزایەتی لە بەرامبەر جوڵە و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دەرنەبڕن و ماڵوێرانی بەردەوام بێت، ناوچەکە ئارام نابێتەوە.  

دەوڵەتی تورک نوێنەرایەتی پڕۆژەیەک دەکات کە ئامانجی وێرانکردنی هەرێمەکەیە. ئەمە پڕۆژەیەکی مەترسیدارە. نەک تەنها هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمێکی دیاریکراو، بەڵکو بە زیهنیەتە فاشیستەکەی، دەستی بۆ هەموو شوێنێک درێژ کردووە. هەوڵ دەدات بارودۆخی شەڕ بسەپێنێت. بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی راستەوخۆ و بە پەلە دەستوەردان بکات."

ز.ش