تورکیا چەتەکانى سوپاى ئازادی گواستووەتەوە بۆ نسێبینی سەر سنووری رۆژئاواى کوردستان

لە دواى هەڕەشەکانى ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاواى کوردستان، دەوڵەتى تورکیا چەتەکانى سوپاى ئازادی سوریای بردە بنکەی سەربازیى سوپاکەى لە نسێبین و لەوێ جێگیریکردوون.

سوپاى تورکیا بەشێک لە چەتەکانى سوپاى ئازادی سوریا (OSO) کە لەگەڵ سوپاى تورکیای داگیرکەر لە ئیدلب پێکەوە جموجوڵیان دەکرد، گواستووەتەوە بۆ بنکەى سەربازیى سوپاى دەوڵەتەکەى لە نسێبینى مێردین لە باکووری کوردستان و کە پێشتر ئەو شوێنە وەک کامپی پەنابەران بەکاردەهێنرا.

دواى ئەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکى گشتیى ئاکەپە وتى "ئۆپەراسیۆنمان دەستپێکردووە. لە ماوەیەکى کەمدا هەر وەک عەفرین ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین" هێرشەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە دژی هەندێک ناوچەى خۆبەڕێوبەریى باکووری دەستیان پێکردووە.

یەکێک لەو شوێنانە، کە سوپاى تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاواى کوردستان بەکاری دەهێنێت خاڵ و بنکە سەربازییەکانى سوپاکەیەتى لە شاری نسێبین لە پارێزگاى مێردینی باکووری کوردستان، کە هاوسنوورە لەگەڵ شاری قامیشلۆ لە رۆژئاواى کوردستان دا. لە بورجەکانى چاودێریکردنى سوپاى تورکیا لەسەر سنوور جموجوڵێکى زۆر دەستیپێکردووە. ئەو سنوورە کە ماوەى چەند ساڵە بە دیواری کۆنکرێتى داخراوە و رێگا لە هەموو جۆرە جموجوڵێک گیراوە، بۆ جارێکیتر جموجوڵی سەربازی و زرێپۆشەکانى سوپاى تورکیا تیایدا زۆر زیادیکردووە.

"سوپاى ئازادی سوریا جێگیر دەکرێت"

ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، ئەو گروپەکانەی سوپاى ئازادی سوریا، کە لەگەڵ سوپاى تورکیا پێکەوە کار دەکەن لە بنکەى سەربازیى گوندی دالێ جێگیرکران.

هەروەها ژمارەیەکى زۆر پاس دەستیان کردووە بە هاتوچۆکردن بۆ ئەو بنکە سەربازییەى نزیک سنووری رۆژئاواى کوردستان. ئەو پاسانە جامەکانیان رەشن و بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکان، گروپەکانى سەر بە سوپاى ئازادیى سوریا لە ئیدلب و شەهبا دەگوێزنەوە بۆ ئەو بنکە سەربازییە و لەوێ راهێنانى سەربازییان پێدەکرێت.

کامپى پەنابەران کرا بە بنکەى سەربازی

ئەو شوێنە کە دەوترێت، گروپەکانى سەر بە سوپاى ئازادی سوریایان تیادا جێگیرکراوە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن سەرۆکایەتیى فەرمانگەى رووداوە نەخوازراو و لە ناکاوەکانەوە بۆ لە خۆگرتنى ٥ هەزار پەنابەر ئامادە کرا و دواتر هەزار و ٨٠٠ کەسی تیادا جێگیرکرا. دوای ماوەیەک پەنابەرانى سوریایان لەو کامپە گواستنەوە بۆ کامپی پەنابەران لە وێرانشاری رحا.

دوای ماوەیەکى تر ژمارەیەک لەو هاووڵاتییە ئێزدییانە، کە ناچاربوون بەهۆی هێرشی داعشەوە کۆچ بکەن لەو کامپەدا نیشتەجێکران. ئەو هاووڵاتییە ئێزدیانەشیان لە دوای ماویەکى کەم گواستەوە بۆ کامپی میدیات.

ئەو شوێنە کە بۆ کامپی پەنابەران دروستکرابوو رادەستى سوپاى تورکیا کرا و ئێستا کراوەتە بنکەیەکى سەربازی.

سوپاى تورکیا ئەو کەمپەى کردووەتە ناوەندی راهێنانى سەربازی و دەوترێت جگە لە سەربازەکانى سوپاکەى خۆی، بەشێک لە گروپە چەکدارەکان لەو بنکە سەربازییەى سوپاى تورکیادا راهێنانیان پێدەکرێت.

ر.م