تەڤدەم: دەبێت هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی هێرشەکانى تورکیا رابوەستن

تەڤدەم هێرشەکانى دوێنێى سوپاى تورکیا لە دژی گوندەکانى کۆبانێ بە توندی ئیدانە کرد و رایگەیاند، دەوڵەتى تورکیا هەوڵ دەدات رێگری لە کۆتایهێنان بە شەڕی سوریا بگرێت و چارەسەری دیموکراتیک بۆ سوریا دروست نەبێت.

ناوەندی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى تەڤگەری کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم - TEV-DEM) لەبارەى هێرشەکانى سوپاى تورکیای داگیرکەر لە دژی گوندەکانى کۆبانێ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى تەڤدەم دا ئاماژە بە قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى لەناوبردنى داعش کراوە و رایگەیاندووە، دەوڵەتى تورک هەوڵ دەدات شەڕ لە سوریا کۆتایى پێنەیت و کارەکان بۆ چارەسەریى بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات.

هێرشکردنە سەر کۆبانێ لە کاتى دانیشتنى لوتکەى ئیستەنبول دا روویدا

تەڤدەم ئەوەى بەبیرخستەوە، سوپاى تورکیا بەرەبەیانى کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەى سەرکردەکانى رووسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و تورکیا لە ئیستەنبول لە دژی گوندەکانی کۆبانێ هێرشیى ئەنجامدا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، تورکیا دەیەوێت شەڕ لە سوریا بەردەوامیى هەبێت و ئاماژە بەوەشکراوە "ئەردۆغان لە رێگەى تێکشکاندنی هەوڵ و دەرفەتەکانى چارەسەری، هەوڵ دەدات لە رووی سیاسی و سەربازییەوە سوریا زیاتر بەرەوە دۆخی داڕمان و هەڵوەشانەوە ببات. تورکیا هەوڵیش دەدات رێگری لە خوڵقاندنی پرۆژەیەکى دیموکراتیک بۆ چارەسەریى نیشتمانیى لە سوریادا بگرێت".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش دەستنیشانکراوە، دەوڵەتى تورک بۆ ئەنجامدانى ئەو هێرشە ناڕەوایە هیچ پاساوێکى نییە. بەڕێوەبەریى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بە تەواوی خاوەنی مافی خۆپاراستنن و بەرگرییە لە پرۆژە دیموکراتیکەکەی لە سوریا و ناوچەکەدا.

بانگەوازی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان

ناوەندی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى تەڤگەری کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم - TEV-DEM) هێرشی سوپاى تورکی لە دژی گوند و ناوچەکانى کۆبانێ بە توندی ئیدانەکرد و داواى لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد:

"ئێمە داوا لە هەموو هێزە کاریگەرەکانى گۆڕەپانى سوریا بە تایبەتى داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیى ئەوروپا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی دەکەین، کە پێویستە شەڕ و سەرکەوتنمان لە دژی داعش و هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریى دیموکراتیک بە باشی لێکبدەنەوە، چونکە بۆ دۆخی پێشکەوتن و سەرکەوتن لە دژی تیرۆر رێوشوێنى تایبەتیان نەگرتووەتەبەر.

  نابێت هەوڵەکان و تێکۆشانمان و شەڕی ئێمە لە دژی تیرۆر بکەنە قوربانیى بەرژەوەندییەکانى خۆیان.

هەروەها ئەرکی ئەو هێزانەیە چالاکی و هەوڵەکان بۆ چارەسەریى قەیرانى سوریا بە رەنجێکى جدی بەرەوپیش ببەن و چارەسەری بەپێى دەستوورێکى دیموکراتیک و داواى هەموو هاووڵاتییانى سوریا بێتە دی.

هاوکات رێگاش لە هێرشەکانى تورکیا و داگیرکەرییەکانى لە ناوچەکانى سوریادا بگرن.

داواش لە رای گشتی و نێونەتەوەیى دەکەین، کە بەپێى ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرانە، کە تورکیا هاوکاریى تیرۆری کردووە و دەکات و هەوڵ دەدات ئارامیى سوریا تێکبدات، بەرامبەر بە تورکیا بجوڵێنەوە".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى تەڤدەم دا بانگ لە هەموو گەل و پێکهاتەکان، لایەنە سیاسییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتى و مەدەنییەکان کراوە، هەڵوێستێکى توند لە دژی تورکیا نیشان بدەن.

ر.م