ده‌وڵه‌تی تورك له‌ گرێسپی منداڵێكی كوشت

ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر شاری گرێسپی و منداڵێكی كوشت.

دوای كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ی نێوان توركیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا و ڕووسیا له‌ ئیسته‌نبووڵ، ده‌وڵه‌تی تورك ده‌ستی كردووه‌ به‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی فورات له‌ ڕۆژئاوای كوردستان.

ئه‌مڕۆ سوپای توركیای داگیركه‌ر هێرشی كرده‌ سه‌ر گوندی تل فه‌نده‌ر-ی سه‌ر به‌ شاری گرێسپی، له‌ ئه‌نجامدا منداڵێكی كچی ته‌مه‌ن ١٢ ساڵان به‌ ناوی سارا ڕه‌فعه‌ت كوژرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سه‌ربازانی سوپای توركیای داگیركه‌ر هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر گونده‌كه‌ و گوله‌ به‌ سه‌ری منداڵه‌كه‌ كه‌وتووه‌. ڕاگه‌یه‌نرا منداڵه‌كه‌ دوای گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه‌ هێرشه‌كانی توركیا دژی گرێسپی زیادیان كردووه‌. هه‌ر ڕۆژ گوله‌بارانی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌كرێت كه‌ نزیكن له‌ سنوور. له‌ ٣١ی تشرینی یه‌كه‌م\٩ی گه‌ڵاڕێزاندا گوله‌بارانی گونده‌كانی سلیپ قران، تلفندر، سووسكێ و یابیسێ كرابوو.

ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یه‌كه‌م\٨ی گه‌ڵاڕێزان هێرش كرابوویه‌ سه‌ر گرێسپی و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی ئه‌ركی خۆپاراستن به‌ ناوی زێن ڕه‌مه‌زان خه‌له‌ف شه‌هید بوو.

هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی سه‌ر گرێسپی، هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كۆبانێش. دوای كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ی ئیسته‌نبووڵ، ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یه‌كه‌م\٦ی گه‌ڵاڕێزان هێرش كرایه‌ سه‌ر گوندی زۆرمخار و ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی ئه‌ركی خۆپاراستن به‌ ناوی محه‌مه‌د مووتی شه‌هید بوو.

قه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر به‌ مانای پشتگیری كردنی داعشه‌ و هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری له‌ دێره‌زۆر وه‌ستاند كه‌ ڕۆژی ١٠ی ئه‌یلوول ده‌ستی پێكردبوو.

s.m