رەوانە کردنی هێزی بەرگری زیاتر بۆ منبج

پاش هەڕەشەکانی ئەردۆغان، ئەنجومەنی سەربازیی منبیج هێزەکانی بەرگری لە سنوورەکانی باکوری ئەو کانتۆنە زیاد دەکات.

 

ئەمرۆ، ئەنجومەنی سەربازیی منبیج لە سەر ماڵپەڕی فەرمییدا ڕایگەیاند، کە هێزەکانی بەرگری لە سنوورەکانی باکوری ئەو کانتۆنەدا زیاددەکەن و ڕاگەیەندراوێکی لەم باریەوە بڵاوکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سەربازیی منبیج دا هاتووە: پاش هێرشی سوپای تورک و چەتەکانی قەڵغانی فورات بۆ سەر عەفرین و منبیج، ئێمە وەک ئەنجومەنی سەربازیی منبیج هێزەکانمان لە لایەنی باکور و باکوری ڕۆژئاوای منبیج زیاددەکەین، ئەو ناوچانە لە ناو ناوچەکانی هاوپەیمانیی ئاگربەست دا دیاریکراون، بەڵام حکومەتی تورک بەنیازە ئەو هاوپەیمانییە بشکێنێت.

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەربازیی منبیج هێزێکی زۆری ڕەوانەی باکوری منبیج کردووە و ڕاشیگەیاندووە، کە بە هەموو جۆرەکان ئامادەن بەرگری لە منبیج بکەن.