سیسته‌می فێركاریی زانكۆكانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا گۆڕا

له‌ یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی زانكۆكانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بۆ ئافراندنی «نه‌وه‌ی تێگه‌یشتوو و خاوه‌ن ئه‌زموون»، سیسته‌می فێركاریی گۆڕدرا. ده‌ست له‌ ڕێبازی كلاسیك به‌ردرا و له‌ شوێنیدا «سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن» دانرا.

له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ به‌شداری زانكۆكانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌ قامیشلۆ به‌ڕێوه‌چوو، ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زانكۆ و پێشخستنی داموده‌زگه‌كانی بواری فێركاری بڕیاری گرینگ دران. ئامانجیش ئه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌ی نوێ به‌شێوه‌یه‌كی تێگه‌یشتوانه‌ پێبگه‌یه‌نرێت و ببێته‌ خاوه‌ن ئه‌زموون. یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فێركاری به‌ گوێره‌ی «سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن» پێشبخرێت.

له‌م سیسته‌مه‌دا سه‌ركه‌وتنی بواری فێركاری به‌ گوێره‌ی سه‌ركه‌وتنی فێرخوازان دیاری ده‌كرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ بواره‌كانی سیسته‌می فێربوون و په‌روه‌رده‌. سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن گرێدراوه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكی چالاكیی فێركاری و ئه‌و ڕێبازانه‌ی له‌ چالاكیی فێركاریدا به‌كارده‌هێنرێن. واته‌ هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن.

ئامانج له‌م سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندنه‌، جیاكردنه‌وه‌ی فێرخوازی باش و خراپ یان سه‌ركه‌وتوو و سه‌رنه‌كه‌وتوو نییه‌، به‌ڵكوو ئامانج ئه‌وه‌یه‌ ئاستی فێرخوازان به‌رز بكرێته‌وه‌ و كێماسی و هه‌ڵه‌كانی ئێستا چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌ڵام ئه‌و ڕێبازه‌ی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندندا به‌كارده‌هێنرێت، پێویسته‌ ئاستی فێرخوازان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دیاری بكات.

ئه‌و ڕێبازانه‌ی بۆ ناسینی ئاستی فێرخوازان به‌كارهێنراون به‌گشتی په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ی نووسراو، زاره‌كی و پڕۆژه‌كان. ڕێبازی تاقیكردنه‌وه‌ی نووسراو و ئه‌زموونه‌كان زیاتر به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌م ڕێبازه‌ ڕێ ده‌دات به‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نێوان فێرخواز و مامۆستایاندا دۆگماتیك بێت (یان ته‌نیا گرێدراوی ڕه‌نجی فێرخواز بێت له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان). هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئاستی سه‌ركه‌وتن به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دیاری ناكرێت. بێگومان ئه‌م ڕێبازه‌ گرێدراوه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی دۆخه‌كی كه‌ ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌.

ئه‌م دۆخه‌ ده‌بێته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م  ژیان و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمیناڵه‌كان و ئه‌و خه‌باتانه‌ی ڕه‌هه‌ندی كولتووری گشتییان هه‌یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ربازی خه‌باتی تاكه‌كه‌سی ده‌بن و له‌ خه‌باتی كۆمیناڵ دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاری خۆیان تاكه‌كه‌سانه‌ پێشبخه‌ن.

سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن كه‌ له‌ئێستاوه‌ ده‌خرێته‌گه‌ڕ، قۆناغه‌كانی فێركاری له‌ یه‌كتر دانابڕێت. مامۆستا له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی فێركاریدا له‌گه‌ڵ فێرخوازان له‌ په‌یوه‌ندی دایه‌. واته‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ته‌نیا له‌ قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌كاندا نییه‌. مامۆستا له‌ شوێن و كاتی گونجاودا هاریكاری فێرخوازان ده‌كات، به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنیان ده‌بات و بابه‌ته‌ فێركارییه‌كان به‌ ڕێبازی ئافرێنه‌رانه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌. مامۆستا ڕێبازی وه‌رگرتنی زانیارییه‌كان بۆ فێرخوازان ئاسان ده‌كات، واته‌ پێیان له‌به‌ر ناكات.

سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن وه‌ك به‌شێك له‌ شۆڕشی ڕۆژاڤا به‌ گرینگه‌وه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێت. چه‌ند خاڵێكی بنه‌ڕه‌تیی سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن وه‌هان:

- به‌رپرسایه‌تی و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كان

- به‌شداربوون له‌ وانه‌كاندا و به‌رده‌وامبوون به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك

- ئافرێنه‌ری، پسپۆڕی و سه‌ركه‌وتن

- خه‌بات به‌ گوێره‌ی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمیناڵ

- تێگه‌یشتن، شرۆڤه‌ و به‌كارهێنانی زانیارییه‌كان

- هه‌ڵسه‌نگاندنی كات و ده‌رفه‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌وه‌ و به‌رهه‌مدارانه‌

- خه‌باتكردن به‌ گوێره‌ی ڕێباز، سیسته‌م و لۆژیك

s.m