سیپان حه‌مۆ، فه‌رماندەی گشتی یه‌كینه‌كانیی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی فورات، دوایین گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژئاوا و باكووری سوریای خستەڕوو، هاوکات سەبارەت بە ده‌نگۆی دروستكردنی سوپایه‌كی دیموكراتی له باكووری سوریا و هه‌ڕه‌شه‌كانیی توركیا بۆ داگیركردنی عه‌فرین، چەندین زانیاری خستەڕوو.
"له‌و بڕوایه‌دا نین تیرۆریزم كۆتایی هاتبێت"
سیپان حه‌مۆ، سەبارەت بە كۆتایی داعش له باكووری سوریا، ئاماژەی بەوە کرد کە دەوترێت كه داعش له‌باكووری سوریا كۆتایی پێ هێنرا، به‌ڵام داعش وه‌ك سیسته‌م كۆتایی هات، له‌هه‌موو هه‌رێمه‌كان به‌شێوه‌یه‌ی حوجره و ڕێكخستنی تری جیاوازی داعش ماوه، خه‌باتیی ئێمه بۆ پاراستنی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنه‌كانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و بڕوایه‌دا نین تیرۆریزم كۆتایی هاتبێت، هێشتا كار و كاتی تر پێویسته.
هەروەها ئەوەشی وت کە: ئه‌گه‌ر داعش-یش نه‌مێنێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه، سیستمێك دروستدەكرێت، بۆ چۆنییه‌تی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رده‌وامی تیرۆریزم، سنووره‌كان به‌ربه‌ست نابن بۆ یه‌په‌گه بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆریستان، له هه‌ر شوێنێك تیرۆریزم هه‌بێت، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) ئه‌ركی خۆی پێكده‌هێنێت.
ئەوەشی نەشاردەوە کە: ئەو قسه‌یه‌ی كه دەوترێت داعش كۆتایی هاتبێت، شەڕی تیرۆریش ته‌واو بووبێت، شتێكی به‌و ڕه‌نگه نابینین، جگە لەوەش، به‌رنامه‌ی یه‌په‌گه ئه‌وه‌یه کە ئه‌و هه‌رێمانه‌ی ئازاد كراون ده‌یانپارێزێت، له‌و هه‌رێم و ناوچانه‌ی تیرۆریزم مابێت، تێكۆشان له‌دژیان به‌رده‌وام دەبێت.
"سیستمێكی پاراستن گرێدراوی هێزه‌كان دروست ده‌كه‌ین"
سەبارەت بە ده‌نگۆی دروستكردنی سوپایه‌كی دیموكرات له باكووری سوریا، حه‌مۆ، وتی: له میدیاكانی ناوخۆ و نێونه‌ته‌وه‌یی باس له‌دروستكردنی سوپا ده‌كرێت، لێ ڕاستی شتێكی به‌م ڕه‌نگه نییه له ڕۆژئاوا و باكووری سوریا، به‌ڵام سیستمێكی پاراستن گرێدراوی هێزه‌كان دروست ده‌كه‌ین، گه‌ر قه‌سه‌ده بێت یاخود یه‌په‌گه، هه‌موو ئه‌مانه هێزی پاراستنن.
سیپان حه‌مۆ، له‌باره‌ی پاراستنی ڕۆژئاوا و باكووری سوریا، وتیشی: با هه‌موو كه‌س بزانێت، هێزی پێویستمان هه‌یه بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا و باكووری سوریا و هه‌رێمه ئازادكراوه‌كان، هاوکات بۆشه‌ڕكردنی دژی تیرۆریستان، ژماره‌مان ٥٠ هه‌زار شه‌ڕڤانی تێپەڕاندووە.
"مافی سه‌ربازیی خۆمان به‌كارده‌هێنین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و خۆپاراستن"
فه‌رماندەی گشتی یه‌په‌گه، تیشكی خسته سه‌رهه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی عه‌فرین و ڕایگه‌یاند: هه‌ڕه‌شه و هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین، شتێكی تازه نییە، بۆ شه‌ش ساڵ دەچێت کە ده‌وڵه‌تی تورك به‌هه‌موو تواناكانی و شێوازه‌كان هێرش بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا ڕێکدەخات و بەردەوامیشە، تا ئیستا له ڕۆژئاوای كوردستان هیچ مه‌ترسی و هێرشێک دروست نه‌بووه بۆ سه‌ر خاكی توركیا، به‌ڵام توركیا وه‌ك ستراتیژییه‌ك بۆ خۆیان داناوه.
هەروەها وتیشی: له ماوه‌ی ڕابردوودا به‌به‌رده‌وامیی ده‌نگۆی هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین بڵاوبوەته‌وه، دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه هه‌رهێرش و ده‌سترێژییه‌ك بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا له‌لایه‌ن كێ و چۆن ده‌بێت با ببێت، یه‌په‌گه وه‌ڵامی گونجاو ده‌داته‌وه و مافی سه‌ربازیی خۆمان به‌كارده‌هێنین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و خۆپاراستن.
"ده‌بێت زهنیه‌تی نكوڵیكردن نه‌خوێندنه‌وه لابچێت"
سیپان حه‌مۆ، ئاماژه‌ی به هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌كانی چاره‌سه‌ریی كرد له‌سوریا، ئێمه له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵگری چاره‌سه‌ریی بووین بۆ كێشه‌كانی سیاسی سوریا، قه‌ناعه‌تی ئێمه وابوو هیچ چاره‌سه‌رییه‌ك به‌بێ چاره‌سه‌ریی سیاسی جێبەجێ نابێت، تا ئیستاش هه‌ر له‌و باوه‌ڕه داین.
ئەوەش وت کە: ده‌وڵه‌تی سوریا هه‌ر هێرشێك له‌دژی ئێمه ئەنجام بدات، مافی وه‌ڵامدانه‌وه و خۆپاراستنمان هه‌یه، ئه‌وكات شتێكی وا بكه‌وێته ڕۆژه‌ڤه‌وه، سوریا ببێت یا ن هەر کەسێکی تر، ئێمه مافی خۆ پاراستن به‌كارده‌هێنین، به قه‌ناعه‌تی ئێمه له‌بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی سوریا به گشتی و كورد له‌سوریا بە تایبەتی، ده‌بێت به دانیشتن و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ده‌بێت زهنیه‌تی نكوڵیكردن نه‌خوێندنه‌وه لابچێت، به‌ته‌ڤگه‌رێكی زیاتر دیموكرات كێشه‌كان بگرنه ده‌ست و كێشه‌كانی سوریا چاره‌سه‌ر بكرێن.
"بە ئاشکرا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ڕوسیا و ئه‌مریكادا هەیە"
حه‌مۆ، سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی هەردوو دەوڵەتی زلهێزی ئەمریکا و رووسیا کر و وتی: ئه‌مریكا و ڕووسیا وه‌ك دوو جه‌مسه‌ر دەرده‌كه‌ون، تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌یه کە ڕوسیا وه‌كو سیۆسیالیست و سۆڤیه‌تی پێشوو ته‌ماشا بكرێت، چونکە هه‌ردووكیان خۆراكپێده‌ری یه‌كترن و یەکتر بەخێو دەکەن، هەردووکیان له ئامانجه‌كانیان ئیمپریالییەتێك هه‌یه، ده‌یانه‌وێت له جیهان به‌هێزی سه‌ربازیی و ئابووری ئیمپریالێك دروست بكه‌ن، كۆنترۆڵی گه‌لان بكه‌ن.
هەروەها وتیشی: روسیا و ئەمریکا ژێربەژێر زۆر ڕێكه‌وتننامه‌ی هاوكاریكردنی یه‌كتریان هه‌یه، هه‌تا له‌سوریا-ش هیچ شتێك به‌بێ یه‌كتری ناكه‌ن، هه‌مووشت به‌یه‌كه‌وه له‌ناوه‌ندێكی هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، زۆر به باشی ئاگایان له‌یه‌كتر هه‌یه، قه‌ت یه‌كتر نیگه‌ران ناكه‌ن، بەڵام له لایه‌نی سیاسییەوە ناكۆكیان هه‌یه و ئه‌نجامیش وه‌رده‌گرن.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی یەپەگە له‌گه‌ڵ دوو جه‌مسه‌ریی جیهانیی ئه‌مریكا و ڕوسیا، سیپان حه‌مۆ، وتی: هاوكاریی و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌مریكا هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌له‌كه‌مان نزیك ده‌بینه‌وه، ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تێكی ئیمپریالی یان هەر ده‌وڵه‌تێکی تری جیهان كه ده‌یانه‌وێت به‌گوێری خۆیان جموجۆڵ بكه‌ن پەیوەندی دروست ناکەین.
هەروەها وتیشی: ئێمه خواست و داواكارییه‌كانمان خستووه‌ته ڕوو، به‌گوێره‌ی ئەو خواست و داواکارییانەش پەیوەندی دروست دەکەین، ئێمە بە ئاشکرا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ڕوسیا و ئه‌مریكا، له قۆناغه‌كانی داهاتووشدا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هێزێكی گەورەی سۆپەری جیهان دروست دەبێت، ئەوەش هەر به ئاشكرا ده‌یكه‌ین، ئێمه نه‌چووین بۆ لای هیچ لایه‌نێك و بڵێین ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ین.
"ئه‌وان هاتن و داوای په‌یوه‌ندیان كرد"
سیپان ئەوەشی وت: ئێمە به تێكۆشان و ڕێكخستن و جدیه‌تی كاركردنی خۆمانەوە، ئەوانمان ناچار کرد و هاتن بۆلای ئێمه، ئێمه نه‌چووین بۆ مۆسكۆ و واشنتۆن، ئه‌وان هاتن و داوای په‌یوه‌ندیان كرد، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه تێكۆشین به‌یه‌كه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌مانه‌وێت ده‌ستكه‌وته‌كان زیادبكه‌ین، مافی گه‌له‌كه‌مان مسۆگه‌ربكه‌ین، له‌وهه‌لومه‌رجه‌دا چه‌ند بتوانین هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌ستكه‌وته‌كان زیادبكه‌ین.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان به ڕاشكاویی پێیان وتوون كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئەواندان، هاوکات دیاره ئه‌وانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ یەپەگەدان، ئەوەش ناشارێتەوە کە سوود وه‌رگرتن له‌یه‌كتریش هه‌یه، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر وزه و ڕێكخستنی خۆی جموجۆڵ ده‌كات، یه‌كینه‌كانی یەپەگە و گه‌لی ڕۆژئاوان.