قەسەدە لەبارەی عەفرینەوە هۆشداری دەداتە تورکیا

قەسەدە ڕایدەگەیەنێت، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، دەرفەتێکی دیکە دەداتە چەتەکانی داعش، هۆشداریش دەداتە تورکیا، کە هەڕەشە و هێرشەکانی لەدژی عەفرین ڕابگرێت.

ێوارەی ئەمڕۆ، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین-ی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، دەرفەتێکی دیکە دەداتە داعش، ئێمە پێداگریی لەسەر پاراستنی سنوورەکانی سوریا دەکەین، قبوڵ ناکەین کە تورکیا لەسەر خاکی سوریا هێرش ئەنجام بدات".

قەسەدە، ئاماژەی بەوەشکردووە:"ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن هێزەکانی ئێمە لەسەر سنوور هێرشیان ئەنجامداوە، درۆیە، تورکیا بە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، دەیەوێت هێزە سەربازییەکانی و گرووپە ئۆپۆزسیۆنی توندڕەوەکان ڕەوانەی ناوچەکانمان بکات، ئەوەش دەبێتە هێرشێکی دوژمنکارانە لەسەر گەلەکەمان و تەواوی سوریا".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، قەسەدە هۆشداریی دەداتە تورکیا و دەڵێت:"تورکیا ئاگادار دەکەینەوە کە هەڕەشە و هێرشەکانی لەسەر عەفرین بوەستێنێت، داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، کە گرنگی بە شەڕی دژی چەتەکانی داعش بدات و چارەسەری سیاسیی بۆ سوریا بدۆزێتەوە".

ک ـ ش