لە حەڵەب پیلانگیڕیی ٩ی تشرینی یەکەم ئیدانە کرا

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بە رێکخستنی رێپێوانێکی بە مەشخەڵ، پیڵانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم ئیدانە کرا.

بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ لە سوریا و یەکێتیی ژنانی گەنجی حەلەب بۆ ئیدانەکردنی پیلانگیڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، رێپێوانێکی بە مەشخەڵیان رێکخست.

گەنجانی گەڕەکی شێخ مەقسود لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکەکە بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی یەکێتیی ژنانی گەنج و بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ و تەڤدەم لە بەردەم ناوەندی گەنجان لە بەشی رۆژئاوای گەڕەکەکەوە دەستیان بە رێپێوانکرد.

لە رێپێوانەکەدا دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" دەوترایەوە.

رێپێوانەکە تاوەکو گەڕەکی ئەشرەفییە بەردەوامیی هەبوو. دوای خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، حەمرین قاسم ئەندامی یەکێتیی ژنانی گەنج وتەیەکی پێشکەشکرد و پیلانگێڕیی نێونەتەوەی و گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرد و وتی، تێکۆشان بە هەموو شێوە جۆراجۆرەکانی بەردەوامی پێدەدەن تاوەکو بەدیهێنانی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد.

ژ.ت