لە دێرەزۆر شەڕ قورسە و چەندین چەتەى داعش کوژران

چەتەکانى داعش ئێوارەى دوێنێ لە ناوچەى هەجین لە دێرەزۆر هێرشێکى قورسیان بۆ سەر سەنگەرەکانى شەڕڤانانی قەسەدە لە نزیک وێستگەى شەمەندەفەری ماهاتا ئەنجام دابوو، کە لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرەنگارییان کرا و هێرشەکەیان تێکشکێنراو و دەیانە چەتەشیان لێکوژرا.

سەدان چەتەى داعش ئێوارەى دوێنێ بە تانک و چەکى قورس هێرشێکى گەورەیان بۆ سەر سەنگەرەکانى شەڕڤانان لە نزیک وێستگەى شەمەندەفەری ماهاتا لە ناوچەى هەجینى دێرەزۆر ئەنجامدا.  

بەهۆی ئەو هێرشەوە شەڕێکى قورس روویدا و شەڕڤانانى قەسەدە بە گورجی بەرەنگاری هێرشەکە بوونەوە و هێرشەکەیان لە دواى شەڕێکى قورس تێکشکاند. دەیان چەتەى داعش لەو شەڕەدا کوژران و بەلانیکەمەوە تانکێکى چەتەکانیش تەقێنرایەوە.

چەتەکانى داعش بە سوود وەرگرتن لە کەش و هەوای ناوچەکە و لە کاتى روودانى زریانى خۆڵ دا هێرشەکانیان زیاتر دەکەن و هەوڵ دەدەن لەو رێگەیەوە گرفت بۆ پێشڕەویى شەڕڤانان دروست بکەن.

شەڕی چەتەکانى داعش لە کاتێکدایە ئەو چەتانە لە ناوچەکانى کۆبانێ، رەقە، دێرەزۆر، منبج  دەیان ناوچەى تری رۆژئاوای کوردستان تێکشکێنراون و هەموو شێوازەکانى شەڕکردنیان و تاکتیکەکانیان لەلایەن شەڕڤانانەوە بێکاریگەر کراوە.

ر.م