لە عەفرین ١١ سەرباز و چەتەى تورکیا کوژران
یەپەگە رایگەیاند، لە ئەنجامى چالاکیى شەڕڤاناندا ١١ سەرباز و چەتەى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین کوژران.
یەپەگە رایگەیاند، لە ئەنجامى چالاکیى شەڕڤاناندا ١١ سەرباز و چەتەى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین کوژران.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) لەبارى چالاکییەکانى رۆژانى ٢٦ و ٢٧ى تەمووزی ٢٠١٨ لە دژی هێزە داگیرکەرەکان لە عەفرین راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا هاتووە "هێزەکانمان رۆژی ٢٦ى تەمووز لە نێوان گوندەکانى باسلێ و گۆبەلێ لە ناوچەى شێراوا لە دژى سوپاى تورکیاى داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە ئەنجامى ئەو چالاکییەدا ٥ سەرباز، کە لە زرێپۆشێکدا بوون کوژران و زرێپۆشەکەش تێکشکا".
یەپەگە راشیگەیاندووە "رۆژی ٢٧ى تەمووز هێزەکانمان لە دژى داگیرکەران لە ناوەندى شارى عەفرین چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٥ چەتە کە گوایا ناویان 'پۆلیسی سەربازی' بوو، لەگەڵ سەربازێکدا کوژران".
یەپەگە ئەوەشى خستووەتەڕوو "یەکینەکانمان لە هەمان رۆژدا (٢٧ی تەمووز) لە گوندی قەرەتەپەی عەفرین لە دژى سوپاى تورکیا و چەتەکانیان چالاکییەکیان ئەنجامدا. تا ئێستا لەبارەى ئەنجامى چالاکییەکەوە زانیارییەکى روون لە بەردەستدا نییە".
ژمارەى کوژراوانى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر گەیشتە، ٢ هەزار و ٥٣٨ کوژراو
لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا ئەوەش هاتووە، بە کوژرانى ئەو ١١ سەرباز و چەتەیى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر، ژمارەى سەربازان و چەتە کوژراوەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە سەرەتاى هێرشە داگیرکەرییەکانەوە بۆ سەر عەفرین، گەیشتە ٢ هەزار و ٥٣٨ سەرباز و چەتەى کوژراو.
ر.م