هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر: له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا ٣٧ چه‌ته‌ی داعش كوژران

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا له‌ دێره‌زۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی قه‌سه‌ده‌ ئاشكرای كرد، له‌ به‌ره‌ی هه‌جین گورزی تووندیان له‌ چه‌ته‌كانی داعش داوه‌. ڕاشیگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٣٧ چه‌ته‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا كوژراون.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

به‌ره‌ی باغۆز

«دوێنێ شه‌و تێرۆریستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاڵه‌كانی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌. هێزه‌كانمان وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه‌ و له‌و شوێنه‌ ١٧ تێرۆریست كوژران. فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌ییش بنكه‌كانی تێرۆریستانیان كرده‌‌ ئامانج و ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان ته‌قانده‌وه‌ و شۆفێره‌كه‌شی كوژرا.

هه‌روه‌ها له‌ به‌ره‌كانی دواوه‌ چاودێری جموجۆڵی تێرۆریستان كرا. شه‌ڕڤانانمان جموجۆڵی چه‌ته‌كانیان كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجام چه‌ندین تێرۆریست كوژران. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ تێرۆریستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاڵه‌كانی ئێمه‌. شه‌ڕڤانانمان وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند تێرۆریستێك كوژران و بڕێكی زۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیش كه‌وته‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌. له‌ شه‌ڕی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا ٤ شه‌ڕڤان شه‌هید بوون و چه‌ند شه‌ڕڤانێكیش بریندار بوون.

به‌ره‌ی هه‌جین

شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ هێرشه‌كانی تێرۆریستانیان تێكشكاند و له‌نێوان تێرۆریستان و هێزه‌كانماندا شه‌ڕێكی سه‌خت ڕوویدا. له‌ ئه‌نجامدا چه‌ندین چه‌ته‌ كوژران و بریندار بوون. تا ئه‌م ساتانه‌ش له‌م به‌ره‌یه‌دا ماوه‌ ماوه‌ شه‌ڕ ڕووده‌دات.

ئامار

- ٣٧ تێرۆریست كوژران.

- ١٣ بنكه‌ی تێرۆریستان ڕووخێنران.

- ٩ خاڵی تێرۆریستان ڕووخێنران.

- ئۆتۆمبێلێك ته‌قێنرایه‌وه‌ كه‌ دۆشكه‌یه‌كی ٢٣ملم-ی له‌سه‌ر بوو.

- فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ١٤ جار له‌ چه‌ته‌كانیان دا.

- هاوپه‌یمانان ١٨ مووشه‌كی هایمه‌رز-یان هاویشته‌ بنكه‌كانی تێرۆریستان.»

s.m