یەپەگە، ئاماری 10 ڕۆژی دوایی ئاشکرا کرد 

یەپەگە، ئاماری هێرش، شەڕ و ڕوداوەکانی 10 ڕۆژی دوایی ئاشکرا کرد و تێکشکاندنی هێرشەکان و زیانی گیانی و مادی دوژمنی ڕاگەیاند.

یەپەگە، ئاماری هێرش، شەڕ و ڕوداوەکانی 10 ڕۆژی دوایی ئاشکرا کرد 

 

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: هێڕشەکانی ڕژێمی تورک و تاقمە چەتەکانی بێ ناوبەر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بەردەوامن و لەو بارەوە ئاماری 10 رۆژی دوایی خستەڕوو. 

 

یەپەگە رایگەیاند: 3 چەتە کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون ، چەتەیەکیش بەدیل گیراوە و بەمشێوەیە زانیاری زیاتر دەدات: 

لەبەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی تورکیا و تاقمە چەتەکانیدا، هێزەکانمان  بەردەوام وەڵامیی توندیان هەبووە و لەو 10 ڕۆژەدا لانی کەم 3 چەتە کوژراون، ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون و چەتەیەک بەدیل گیراوە، ماشێنێکی دۆشکە لەسەری چەتەکان و بنکەیەکی سەربازی ئەرتەشی تورک گورزی قورسیان لێدراوە. 

بەهۆی هێرشەکانی ڕژێم و چەتەکانی، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان برینداربووە، زیانی زۆر بەر ماڵ و موڵک و زەویوزاری هاوڵاتیان  کەوتووە. هاوکات، شەڕڤانێکمان لە پاش شەڕ و بەرخودانی قارەمانانە شەهید بووە. 

لە ڕێککەوتی 07.01.2018 دا،  سەربازانی ئەرتەشی تورکی داگیرکەر و تاقمە چەتەکانی، بە چەکی مامناوەندی و هاوەن هێرشیان کردوەتە سەر گرێ بلبلێ، باسوفنێ، گرێ باز، عەین دەقنێ،مەرعەناز، برجک سولەیمان، و گرێ خوەدێی سەربە کانتۆنی عەفرین. ڕۆژی دوای ئەوەش بە چەکی بی 7، هاوەن و دۆشکە هەمان ئەو شوێنانە و گرێ باتمان یان لە کانتۆنەکە گولەبارنکردووەتەوە. 

لە 09.01.2018 دا، بە چەکی دۆشکە و بێ 7،  بۆردومانی هەمان ئەو شوێنانە و گێ بۆزان، قەستەلێ، گرێ باهۆز، دیکەمەداشی عەفرینیان کردوەتەوە. ڕۆژی دوایی ئەوەش، گرێ بلبلێ، سڵتاحتێ، ئیکدام، گرێ قەستەلێ، گرێ باران، مەرعەناز، عەین دەقنێ، برجک سولەیمانی عەفرین بوونەتەوە ئامانجی تۆپ، ڕۆکێت، هاوەن و دۆشکەی ڕژێمی تورک و تاقمە چەتەکانی. 

یەپەگە ئاشکرای کردوە هێرش و  بۆردومانەکانی ڕژێمی تورک و تاقمە چەتەکانی لە 11، 12، 13، 14، 15 و 16ی مانگی 01.2018 ش بێناوبەر بەردەوام بوون و هەمان ئەو ناوچانە و چەندین شوێنی دیکەی کانتۆنی عەفرینیان بەفروانی گرتووەتەوە. 

لەبەرامبەر هەموو ئەم هێرشانەشدا، شەڕڤانەکانی یەپەگە وەڵامی توندیان هەبووە و وێرای دمکوتکردنی بۆردومانەکان و شکاندنی هێرشەکان، دوژمن زیانی زۆری گیانی و مادەی هەبووە، بەڵام لە بارەی زیانەکانەوە زانیاری تەواو بەدەست نەخراوە.