ترەمپ بە تۆمەتی شاردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە

پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەینێت: "دۆناڵد ترەمپ لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە تۆمەتبارکراوە بەوەی کە بەڵگەنامەی نهێنی لای خۆی هێشتوونەتەوە".

ئەمرۆ هەینی،  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی رایگەیاند کە: "ئیدارە گەندەڵەکەی جۆ بایدن، دەستەی پارێزەرەکانمی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە تۆمەتبار کراوم."

ترەمپ رایگەیاند لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە ئاگادارکراوەتەوە کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لەبەردەم دادگە ئامادەبێت، هەروەها ترامپ دەڵێت: "من پیاوێکی بێتاوانم، هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە شتێکی لەو جۆرە بەسەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا بێت."

بەپی میدیا ناوخۆیەکانی ئەمریکا کە لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی ئەمریکا راگەیاندووە، لە دادگا حەوت تۆمەت ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێن.

جیم ترەستی پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە میدیاکانی ووڵاتەکەی راگەیاندووە: "ترەمپ چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ، لەوانەش هێشتنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان لەلای خۆی، بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوی ناڕاست، بەربەست دروستکردن لە بەردەم دادپەوەری و پیلانگێری".

ئەو تۆمەتانەی سەر ترەمپ لەکاتێکدایە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٢، پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا زیاتر لە ١١ هەزار بەڵگەنامەی لە ماڵەکەی ترەمپ لە مارالاگۆی ویلایەتی فلۆریدا دۆزییەوە، کە زیاتر لە ١٠٠ بەڵگەنامەیان بە بەڵگەنامەی "هەستیار و نهێنی" هەژماکران.