بنەماڵەى داغ و ئەر لە دژی سزای لەسێدارەدان داوای هاوکارییان لە رای گشتی کرد

بنەماڵەى مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، کە لە باشووری کوردستان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، بانگەوازێکیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.

رووداوی پەیوەندیدار بە کوشتنی عوسمان کۆسە بەرپرسی میت لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩ لە شاری هەولێری باشووری کوردستان سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەردا لێکەوتووەتەوە. بنەماڵەى داغ و ئەر بانگەوازێکیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و داوای پشتیوانیان لێکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو سزا ناڕەوایە.

"زیان بە یەکپارچەبوونی کوردان دەگەیەنێت"

بنەماڵەى داغ و ئەر لە سویسراوە داوایان لە بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان کرد، کە بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان هەڵبوەشێننەوە و بۆ ئەوەش داوای پشتیوانیان لە رای گشتیی نێونەتەوەیی کرد.

نەجمەدین ئەر و مەسعود ئالاگاش بە ناوی بنەماڵەکانەوە قسەیان کرد و لەگەڵ رێکخراو کوردییەکان و رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هەوڵ دەدەن لە دژی بڕیاری لەسێدارەدان رای گشتی دروست بکەن.

نەجمەدین ئەر رایگەیاند، بڕیاری لەسێدارەدانی حکومەتێکی کورد لە دژی گەنجانی کورد زیان بە یەکپارچەبوونی نەتەوەی کورد دەگەیەنێت و وتی، "کورد تاوەکو ئێستا بە دەستی دوژمن لە سێدارە دەدرا، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرییەکی کورد بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکردووە، بۆیە ئێمە لە دژی ئەو بڕیارە هەڵەیە هیوای پشتیوانی لە رای گشتیی نێونەتەوەیی دەکەین".

لە راگەیاندراوی بنەماڵەکاندا هاتووە، "لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سویسرا لە دژی بڕیاری لەسێدارەدان دەستپێشخەرییەک دادەمەزرێنن".

ژ.ت