دادگای دەوڵەتى تورک دۆسیەى جەمیل کرباری بێسەرشوێنکراوی داخست

جەمیل کرباری لە کاتی کودەتای سەربازیی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە ئەردەخان دەستگیرکرابوو و دواتر بێسەروشوێنکرابوو. دۆسیەکەى لەلایەن دادگای دەوڵەتی تورکەوە بە پاساوی "تێپەڕینی کات" داخرا.

جەمیل کرباری دوای کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە ماڵەکەى خۆیدا لە گوندی ئۆکچو لە ئەردەخان لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرابوو و لە دوای دەستگیرکردنەکەى بێسەرشوێن بوو و هیچ سۆراغێکی نەما.

لەبارەی بێسەروشوێنکردنی کرباری لە ساڵی ٢٠١٤دا دەست بە لێکۆڵینەوە کرا. دادگای باڵای دەستووری بڕیاری دادگای سزا قورسەکانی ئەردەخانی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە پووچەڵ کردەوە و بە پاساوی ئەوەى "کاتەکەى تێپەڕیوە" دۆسیەکەى داخست.

بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەوڵەتی تورک بەلانیکەمەوە ١٧ هەزار و ٥٠٠ کەسی لە چوارچێوەی "کرداری نادیاردا" بەبێ دادگایکردن و لێکۆڵینەوە کوشتوە. هیچ یەک لە بکوژەکانیش سزا نەدراون.

 جەمیل کرباریش یەکێک لەو بێسەروشوێنکراوانەی دەستی دەوڵەتی تورکە. دایە بەرفۆ کرباری دایکی جەمیل، بۆ سۆراغی کوڕەکەى سەردانی هەموو دام و دەزگا و رێکخراوەکانی کردبوو. هەروەها لە چوارچێوەی تێکۆشانی دایکانی ئاشتیدا تێدەکۆشا بۆ رون بوونەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانی دەستی دەوڵەتی تورک. دایە بەرفۆ یەکێک لە دایکە ناسراوە تێکۆشەرەکانی گەلی کوردە بۆ ئاشتی و مافی گەلەکەى و بەشداریی سەدان چالاکی و دەیان بەرنامەى جۆراجۆری میدیای بوو بوو.

ژ.ت