ئەم تاقمە زبڵە کێن؟

هەندێ دەوروبەر هەیە کە زهنیەتی، ئەو وێستگانەی ژیانی کە گوزەراندوویەتی و خەیاڵەکانی بۆ ئایندە بەقەت مسقاڵێک کاریگەری نەبووە ، ئێستا هاتووە مەیدانی "شەڕ"ی لە پەکەکە، کەجەکە ، هەدەپە و کەجەدە گرتووە.

گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی هەدەپە، سیاسەتی هەدەپە و کارەکانی هەدەپە دەکرێت.

هەندێ دەوروبەر هەیە کە زهنیەتی، ئەو وێستگانەی ژیانی کە گوزەراندوویەتی و خەیاڵەکانی بۆ ئایندە بەقەت مسقاڵێک کاریگەری نەبووە ، ئێستا هاتووە مەیدانی "شەڕ"ی لە پەکەکە، کەجەکە ، هەدەپە و کەجەدە گرتووە.

کێن ئەوانە؟

کەسانێکن کە خۆیان تێناکۆشن بەلام نەفرەت لە تێکٶشەران دەکەن، لە ڕێکخستن دوورپەرێزی دەکەن بەڵام لەکەسانی رێکخستنکراو نەفرەت دەکەن، چ پەیوەندیان بە کۆمەڵگەوە نەماوە، چ باوەڕییان بەوە نەماوە کە بەهێزی خۆیان سەرکەوتوو بن، گروپێکن کە بەهێزی نۆکەرایەتی  دەژین و تاقمێکی نۆکەرن کە تینوی هێزن.

کەسانێکن کە سڕبوون بەهۆی دانیشتنیانەوە،  تەمەڵن و توانای هەستانیشیان نیە، پێشبرکێی تەمەڵی لەگەڵ یەک دەکەن. لەئاست دەسەڵاتداراندا پەرێشان و لەکاتێکدا کە وەک کەسانێکی موحتاج و بوونێکی بێ زەرەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەڵام کەسانێکی ساختەکارن کە بە قسەی توند و رادیکاڵ وادەزانن گەلی کورد لە تێکۆشانی ئازادی و بزوتنەوەکەی دوور دەخەنەوە.

تاقمێکی پاشەرۆن، هەندێک لە ئەوروپا و هەندێکیان لە تورکیان پەنجەیان بە ئاوی سارد و گەرمدا نەکردووە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وای نیشان دەدەن کە کاری زۆر جددی دەکەن، بەراست و چەپ دا عەقل دەبەخشنەوە، بە کیبۆردی کۆمپیوتەرەکانیان دەوڵەت دەڕوخێنن (!) و دەولەت دادەمەزرێنن(!) و پەیامی پیرۆزبایی لەگەڵ یەک دەگۆڕنەوە.

مێگەلێکی گەمژەن پێیانوایە کە بە چەند ڕستەیەکی ئەزبەرە و وەرگیراو کە لە بیست ڕستە تێناپەڕێت، دەتوانن رەوتی ژیان بگۆڕن.  تاقمێکی تەڵەکەبازن کە پێیانوایە بە قسەی وەک " پەکەکە سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد ناوێت، ڕێک کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیە " دەیانەوی ساختەکارییەکانی خۆی بشارنەوە، بە دروستکردنی هاتوهاوار و بە پرسیاری هایپۆکراسیانەی " ئەگەر پەکەکە نایەوێت و سازی ناکات، ئیوە بۆ نایکەن؟ "  دەیانەوێ ئەو شتانە لە بیر بەرنەوە کە کردوویانە.

ساختەکارێکن کە لە ژێر ناوی ڕەخنەدا گاڵتە بە " برایەتی گەلان، پێکەوە ژیان، دیموکراتیزەکردنی تورکیا" دەکەن، لەبەرانبەردا پێشنیار دەکەن کە تورکیا بە تەواوی بڕوخێنرێت و کورد بە تەواوی جیاببنەوە و دەلێن کە ' پێکەوە ژیان شتێکی مەحاڵە' بەڵام هەر ئەوانە هیچ کێشەکیشیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نیە.

ئەو کۆماری تورکیایەی کە ئێوە ئەوەندە لە دژین و بە جۆشەوە دەتانەوێ بیروخێنن، بۆچی بۆ تاکە ڕۆژێکیش نارەحەت نەبووە لێتان؟ وێرای ئەو قسە بارووتیانەتان و ئەو داوایانەتان بۆ ڕۆژێک پۆلیس لە دەرگای ماڵەکەی نەدان؟ چەند ڕێکار لە دژتان گیراوەتەبەر و چەند کەیس لە بەرامبەرتان کراوەتەوە؟

لەکاتێکدا کە جوێن و بێڕێزی لەبەرامبەر دەیان هەزار ئەندام، هاوسەرۆکی هەدەپە، پەلەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچە و شارەکان و بەڕێوەبەرەکانی هەدەپە و دەیان هەزاری تری دەربەدەر دەکەن، چۆنە کە ئێوە بۆ یەک رۆژیش دەستگیر ناکرێن، دەستەبەسەرناکرێن و دادگایی ناکرێن؟

ئەو خەسڵەتانە چیە کە لە چاوی دەوڵەت دا وا بێ گوناح و پارێزبەندتتان دەکات؟

خێرە بۆ وا دەوڵەت لە ئێوە نارەحەت نیە؟

خێرە کە ئێوە هیچ مەترسیدار نین بۆ دەوڵەت و هیچ  دژومنایەتیتان ناکەن بەڵام هەدەپە وەک دوژمنی سەرەکی دەبینن و دەڵێن ؛ " نوێنەرایەتی کورد ناکات" ؟

***

با سەیری رووەکەی تری میدالیاکە بکەین....

دۆخەکە زۆر ڕوون و ڕاشکاوە: خیانەتکاری، نۆکەرایەتی، بێڕێکخستنی و بێ تێکۆشانی و پاسیڤبوون بڵاودەکەنەوە بەڵام لە ژێر پەردەی نەتەوەگەریدا دەیانەوێ لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کورد و ڕێبەرایەتیەکەی خۆیان رێک بخەن. دوژمن، دژومنە، نۆکەر، نۆکەرە، کەوتوو و کەوتووە، ئێ....

لەبەرامبەر بەوانە بێدەنگی، سەرکزی، گاڵتەجاڕی و  تەماشاکەری، واتای چیە؟

لەماوەی ئەو چەند مانگەی دواییەدا، هەر لەوانەی کە بەخۆیان دەڵێن رۆشەنبیر، نوسەر، ئەوانەی لە پەکەکە هەڵهاتوون، ' ئاکادیمیسیان' تا دەگات بەوانەی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانەی حزبوڵکۆنتراش ( حزبوڵا و گروپە پارامیلیتارەکانی دەوڵەتی تورک) دەستیان بە هەڵمەتێکی دژ بە بزوتنەوەی ئازادی کورد کردووە، نەک بۆ جەدەلێکی فکری بەڵکو بۆ بوونە بەشێک لەو هێرش و پلانانەی لەبەرامبەر پرەنسیپ و تێکۆشانی بزوتنەوەکەیە.

لەئاست ئەو هەموو هێرشەی دەکرێتە سەر بزوتنەوەی ئازادی کورد و ڕێبەرەکەی، بەها و پرەنسیپەکانی لە ژێر ناوی " پێگەیشتوویی"، " دانبەخۆداگرتن" یان " لێبوردەیی" دا، بێ هەڵوێستی، بێدەنگی و خۆگێلکردن، جۆرێک نیە لە جیاواز بیرکردنەوە بەڵکو لاوازییەکە کە دەبێ هەرچی زووە ڕەوچاو بکرێتەوە.

لاوازی نەفرەت و کەمبونەوەی کین، لە بەرامبەر خراپەکاری، قێزەونی و پوچگەرێتی، هەڵەیەکی مرۆیی جددی و ئاسایی بینینی دۆخەکەیە.

لە کاتێکدا کە ئەو هەموو هێرشە توندە ئەنجام دەدرێت، هەڵوێستی " نیازباشی و پێگەیشتوویی" لەبەرامبەر ئەو هەموو بەدکاریی و  پوچەگەرێتیە ، خۆلەناوبردن و ڕەواکردنی هەلپەرستیە.

لەکاتێکدا مەسەلە دەبێتە هێرشی زارەکی یان بەنوسین لەبەرامبەر پێشنیارە چارەسەرییەکانی ڕێبەر گەلی کورد ئۆجالان، کەسایەتیی و بۆچوونەکانی و چەواشەکردنیان ، سەرەتا پارێزەرەکانی دەبێت وەڵام بدەنەوە. چونکە پاراستن مەسەلەیەکی تەکنیکی نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی فکریە.

ئەرکی وتەبێژانی هەدەپە و کۆنگرەی کۆمەلگەی دیموکراتی ، بەرێوبەرانیان، ڕاوێژکار و ئەندامەکانیان تەنیا کاری رۆتینی رۆژانە یان بەرخودانی فیداکارییانە نیە لە دۆخی وەهادا، بەڵکو خۆپاراستنە لەبەرامبەر ئەو هێرشە پلانکراوانە بۆ سەر بەرنامە و پرەنسیپەکانیان.

لە لایەکی تر چاوەڕوانکردن و بەجێهێشتنی وەڵامدانەوەی هێرشی سەر بەها و پرەنسیپەکان، بۆ پەرلەمانتاران ، پارت و بەرێوەبەرانی دەزگاکان و پارێزەران لەگەڵ هاوڵاتێتی ئازاد و وشیار نایەتەوە. بۆ ئەوەش ئەرکی سەرەکی هەموو ئەوانەیە کە بە خۆیان دەڵێن دیموکرات، شۆرشگێر، وڵاتپارێز و سۆسیالیست و سەرەتاش ئەرکی کادر و خەباتکارانی بزوتنەوەکەیە کە وەڵام بدەنەوە...

بەکراوەیی بڵێم کە لەئاست ئەو ئەرکە بنەڕەتیەدا وشیاریەکی گشتی نیە و هەستی بەرپرسیارێتی تا دوا ڕادە لاواز و کەمە.

ئەڵبەتە نمونەی زۆر گرنگ و رۆشنکەرەوەش هەن لەم قۆناغەدا وتارەکانی م.ئونەر ئوندەش لە گازەتە دوڤار بە ناونیشانی" کورد دەبێ لە کێ ڕزگاری بێت؟" ، جەمال ساری لە رۆژنامەی ئوزگورپۆلەتیکا بەناونیشانی " لەسەر دوکانە بچوکەکە" ، ڤەیسی ئەسکی و جەنگیز چیچەک لە گازەتە دوڤار بەناونیشانی " لە کلیۆس نێژراوە؟ " عەبدولمەلیک ش. بەکر لە گازەتە کارینجە " حکمەت-هۆکاری هێرش لەسەر هەدەپە لە هەر چوارلاوە" ، فراز سەربەست لە یەنی ئوزگور پۆلەتیکا " کورد لە هیچ کەسێک نا، بەڵکو دەبێ لە تەسفیەکاران ڕزگاری بێت" و نەجات ئوغراش لە گازەتە کارنجە بە ناونیشانی " قۆناغی پۆست- کرۆنا ، قۆناغی داڕشتنەوەی سیاسەتی دیموکراتیە"....

لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی کە ئەو کەسە نۆکەر و چەتانە هاوشانی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدەن، ئەم وتارانە وەک پێهەڵگرتنێکە ، ئاسۆی بیرکرنەوە ڕوون دەکاتەوە و وتاری ڕۆشنکەرەوەن.

لە تورکیەوە : نەجیبە قەرەداغی

ف.ق