بوڵدان سەردانی ماڵی جەمی گەزی (ناوەندی عەلەویەکان) کرد کە تەرمی ئەندامی گروپی یوروم کە لە ئەنجامی رۆژووی مردندا گیانی لەدەستدا، برابووە ئەو ناوەندە و رووبەرووی هێرشی هێزەکانی پۆلیس ببووەوە.
لە لێدوانێکدا کە بە ناوی ماڵی جەمی گازیەوە بڵاو کرایەوە، سوپاسی ناوەندەکە ئاڕاستەی هەدەپە کرا کە ئەو بابەتەی خستبووە ناو گۆتوبێژەکانی پەرلەمانەوە. نوێنەر و کەسایەتیەکانیش کە لە ناوچە جیا جیاکانەوە سەردانی ناوەندەکەیان کردبوو، ئەو هێرشەیان ئیدانە کرد و لە بەرامبەر ئەو کردەوانەی دەسەڵات ناڕەزایەتیان دەربڕی.
دواتر بوڵدان وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەوەی لە بەرامبەر تەرمی ئیبراهیم کرا، هۆشمەندی لایەنگرانی زوڵمە و وتیشی، بێڕێزی لە بەرامبەر شوێنە پیرۆزەکانی کۆمەڵگای عەلەویش کرا.
بولدان تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە/مەهەپە بۆ سەر دین و بڕواکان و هاوکات هێرشەکانی دژی زیندانیان و لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەو زڵمە کرد کە لە دژی تەرمی دایکی ئایسەل توگلوکیش کرا.
'ئیدی بێدەنگ نابین'
بولدان لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە هێرشی فاشیستەکان کرد بۆ سەر گۆڕستانەکان و وتی:"ئەمڕۆ بە تایبەت کێڵی گۆڕی رۆڵەکانمان تێکدەشکیندرێن. ئەمەش بەو واتایە دێت کە جارێکی دیکە مردن بۆ کورد بە رەوا دەبینن و لە کەسایەتی ئیبراهیم دا هەمان ئازار و سەختیانە بەسەر هاوڵاتیە عەلەویەکانماندا دەسەپێنن.
شکاندنی کێڵی گۆڕەکانمان، هاوکاتە لەگەڵ هێرشکردنە سەر ماڵی جەمی عەلەویەکان و بێڕێزیکردن لە بەرامبەر ناوەندە پیرۆزەکانی ئەرمەنیەکان. ئێمە ئیدی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نابین."
بولدان هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت دەسەڵات داوای لێبوردن لە کۆمەڵگای عەلەوی و ئەوانەی کێڵی گۆڕی رۆڵەکانیان شکێندران و هێرش کراوەتە سەر تەرمەکانیان، بکات.
ز.ش