به‌وێنه‌؛ یه‌كێك له‌ گەنجە راپەڕیوەکانی شیلادزێ بە پلان لە بۆردومانەکەى دوێنێی تورکیادا شەهید کراوە‌

لە بۆردومانی دوێنێی فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هاووڵاتییانی باشووری کوردستان ٦ هاووڵاتی شەهید بوون و یەکێک لە شەهیدەکان گەنجێکى راپەڕیوی ساڵی رابردووی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکەى سوپای تورک بوو لە شیلادزێ.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بەردەوامە لە کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی کورد و لە ماوەى ٣ رۆژی رابردوودا لە باشووری کوردستان ٧ هاووڵاتیی مەدەنیی بە ئەنقەست کردووەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکەکانى لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و شەهیدی کردوون.

یەکێک لەو هاووڵاتییانە کە دوێنێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە کراوەتە ئامانج گەنجێکى کوردە بە ناوی دێمان عومەر ئۆرەماری. ئەو گەنجە یەکێک لە رۆڵە راپەڕیوەکانى باشووری کوردستان بوو، کە ساڵی رابردوو لە کاردانەوەى کۆمەڵکوژکردنی ٤ هاووڵاتی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتى تورکەوە، چوونە سەر بنکەی سەربازیی سوپای تورکی داگیرکەر لە شیلادزێ و ئاگرییان تێبەردا.

بەپێی زانیارییەکان بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییان بە تایبەتی دێمان عومەر ئۆرەماری بەپێی پلانێکى پێشوەختەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و سیخوڕەکانی بووە و ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایەتییەکى زۆری لە ناو خەڵک و جەماوەر و گەنجانی کوردستاندا دروستکردووە.

ساڵى رابردوو دانیشتووانى ناحیه‌ى شیلادزێى سنورى پارێزگاى دهۆك، له‌ كاردانه‌وه‌ى په‌لاماره‌كانى توركیا بۆ سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان و شه‌هیدكردنى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نی، هێرشیانكرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى سه‌ربازيى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر‌ له‌ شیلادزێ‌.

چه‌ند رۆژێكه‌‌ سوپاى توركی داگیرکەر هێرشى بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌ و لە ماوەی ٣ رۆژی رابردوودا له‌ ئه‌نجامى هێرشێكى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌دا ٧ هاوڵاتى له‌ سنورى پارێزگاکانى دهۆك و هەولێر شه‌هیدبوون.

ژ.ت