بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە: پێویستە گەلی تورکیاش داوای ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان بکات

بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی گشتیی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە)، لە ساڵیادی پیلانگێڕیی سەر ڕێبەری گەلی کورد ئەوە بەبیری گەلی تورکیا و کوردستان دێنێتەوە، کە سەرۆک ئاپۆ کلیلی چارەسەریی پرسی کوردە لە ناوچەکە.

وەک ئاشکرایە ٢١ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ماوەی ٥ ساڵیش دەبێت لەژێر گۆشەگیریی توندایە و ئەمەش گەلی کورد و ئازادیخوازانى زیاتر توڕەکردووە. دەربارەی ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان و ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی گۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) نرخاندی لەسەر ئەو پیلانگێڕییە کرد، کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) راگەیاند، بەڕێز ئۆجالان کلیلی چارەسەریی پرسی کوردە لە تورکیاو وڵاتانی ناوچەکە. لەبارەی ئەوەی بۆچی بە دەیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی بەناو دەکەن وتی: "ئێمە بۆچی دەڵێین پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، چونکە تورکیا بە تەنها ئەنجامی نەداوە، بەڵکو تورکیا لە ئیمڕاڵی تەنها پاسەوانێتی دەکات، هێزە داگیرکارەکانی وەک ئەمریکا، ئەوروپا، ئینگلتەرا و ئەڵمانیا فکر و ڕامانی بەڕێز ئۆجالان وەک هەڕەشەیەک دەبینن بۆ سەر خۆیان بۆیە ئەوان بێبەش نەبون لەو پبلانگێڕییە".

ئۆزتورک ئۆجالانی وەک هیوایەک پێناسەکرد بۆ ناوچەکە و پێیوایە فەلسەفەی ئۆجالان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بووەتە هیوایەک. وتیشی: "نمونەی ڕؤژئاوای کوردستان بۆ هێزە هەژمونگەراکان وەک هەڕەشەیەک وایە، بۆیە ئامانجیان بوو لە کەسایەتیی بەڕێز ئۆجالان کورد و ئەو فکر و فەلسەفەیەش لەناو بدەن، لە ئەنجامدا پیلانگێڕییان لە دژی ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩٩ و لە ئێستادا لە ئیمڕاڵییە".

بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گۆشەگیرییەی لە ئێستادا لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەیە دژی مرۆڤایەتییە و دژی هەموو یاسای نێونەتەوەییەکانە، بەڕێز ئۆجالان ئیرادەی ئێمەیە و ئەو گۆشەگیرییە لەسەر ئیرادەی هەمو کوردە.

دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان ئاشکرایکرد: "تورکیا و دەسەڵاتی تورکیا ماوەیەک ئەو گۆشەگیرییە توند دەکات و ماوەیەکیش سستی دەکات، بەپێی ڕەوشەکە و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەوەش دوورە لە هەموو پەرەنسیبێکی یاسای و ئەخلاقی".

 هەروەها گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان وەک گۆشەگیریی سەر کورد و تەنانەت گەلی تورکیاش پێناسە کرد و وتیشی:" دەمەوێت ئەوە بڵێم گۆشەگیری تەنها لەسەر گەلی کورد و بەڕێز ئۆجالان نییە، بەڵکو گەلی تورکیش دەکەوێتە ژێر ئەو گۆشەگیرییە، بەهۆی ئەو گۆشەگیرییەوە ئەمڕۆ ئابووریی تورکیا داڕوخاوە، دیبلۆماسیی تورکیا شکستی هێناوە و هیچ کەسێک گوێ لە قسەکانی ئەردۆغان ناگرێت لە تورکیا، بۆیە هەتاکو ئەو گۆشەگیرییە بەردەوام بکات ڕەوشی تورکیاش خراپتر دەبێت و کێشەی گەلی کوردیش قوڵتر دەبێت".

بەردان ئۆزتورک لە کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی چارەسەری بۆ ڕەوشەکە ئاماژەی بەوەکرد: "چارەسەری ئەوەیە گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت، چونکە ئێمە ڕۆڵی بەڕێز ئۆجالان باش دەزانین و ئەوەش دەزانین کە دەتوانێت چ ڕۆڵێک ببینێت، بۆیە پێویستە هەلومەرجی بۆ بڕەخسێت و ئامادەکاریی بۆ بکرێت. هەروەها وتیشی: "ئەمە تەنها داخوازیی گەلی کورد نییە، بەڵکو پێویستە گەلی تورکیاش داوای بکات، چونکە ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ هیوایەکی گەورە دروست بوو، لە بواری ئازادی و دیموکراسیدا هەنگاوی گرینگ نران. وتەکانی بەڕێز ئۆجالان لەسەر کوشتن نییە، بەڵکو لەسەر ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیانە".

ژ.ت