سانجار: کاتی بەرخۆدان و سەرکەوتنە

هەدەپە لە جۆلەمێرگ دەستی بە ڕێپێوانی دیموکراسی کرد. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە وتی،"ئەم دەسەڵاتە کودەتاچیە و تاڵانچییە."

بەرەی جۆلەمێرگی 'ڕێپێوانی دیموکراسی لەدژی کودەتا' کە لەلایەن هەدەپەوە رێکخراوە کۆبوونەوە. میتحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) سالیحە یڵدز هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمەکانی دیموکراتیک (دەبەپە)، سەدات شەنئۆغلۆ هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)، جانان یوجە هاوسەرۆکی گشتی سەیەکەپە، بەیجان تاشکڕان یاریدەدەری هاوسەرۆکانی ئەسەپە، ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی و ئەنجومەنی پارتی هەدەپە، پەرلەمانتاران، ئەندامانی پارتەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپەی جۆلەمێرگ کۆبوونەوە.

پەرلەمانتار و ئەندامانی هەدەپە لەبەردەم باڵەخانەی پارتەکەیان بە دروشمی 'بژی بەرخۆدانی هەدەپە'،'پشتگیری لەدژی فاشیزم'و'ئاکەپەی کودەتاچی'، پێشوازیان لە سانجار و شاندەکەی کرد.

شارەکە گەمارۆ دراوە

بەرلە دەستپێکردنی ڕێپێوانەکە، لە سەرلەبەیانیەوە شارەکە بە تەواوی لە لایەن پۆلیسەوە گەمارۆ درا. تیمە تایبەتەکان  و قەناسبەدەستەکان لە بەرانبەر دەزگاکانی دەوڵەت جێگیرکران. هەروەها لە چوار لای شارەکە ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش و هێزی پۆلیسی تورک جێگیرکران.

سانجار: ئەم دەسەڵاتە کودەتاچی و تاڵانچییە

بەرلە دەستپێکردنی ڕێپێوانەکە، میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە بەردەم باڵەخانەی پارتەکەی قسەی کرد و ناڕەزایی بەرانبەر گەمارۆی پۆلیس دەربڕی. سانجار وتی،"ڕێگا نادەن لە دەوری یەکتری کۆببینەوە. بەڵام ئێمە لەدڵەوە پێکەوە بەستراوین. کەس ناتوانێت یەکێتی نێوانمان تێک بدات. ئێمەش لە دڵەوە لە کۆڵانەکان پێکەوە دەبین."

سانجار ئاماژەی بەوەشکرد کە دڵەکانیان یەکن، کەس ناتوانێت بکەوێتە نیوانیان ئەوان و گەل و وتی،"ڕێپێوانمان، ڕێپێوانی دیموکراسی دژی کودەتایە. کودەتا دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلە. زۆڵم و زۆردەستی بەرانبەر گەلەکە. کودەتا بەتەنها بە تانک و تۆپ نابێت، کودەتا بە دەستی دادوەری و بە بەکارهێنانی دەرفەتی دەسەلاتیش دەکرێت. کاری سەرەتایی کودەتاچییەکان، دەسبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلە."

سانجار کودەتاکانی ١٢ ی ئەیلول و ٢٧ی ئایاری وەبیرهێنایەوە و ئەوەی خستەڕوو،"ئەم دەسەڵاتە هەمان ڕێباز بەکاردەهێنێت. کودەتا دەکات، دەرفەتی دەسەڵات بەکاردەهێنێت. ناوی ئەمە کودەتای سیاسیە. ئەوەی کە لە هەموو شتێک زیاتر کودەتاچیەکان دەترسێنێت، ئازادیە. سەرەتا دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا دەگرن، دواتر ئازادیەکان زەوت دەکەن. لە دەستووڕی بنەڕەتیدا مافی ڕێپێوانمان هەیە. تەندروستی گەلەکەمان بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە لە دەسەڵات زیاتر بیر لە تەندروستی گەلەکەمان دەکەینەوە. ئەگەر بە راستی ئەم دەسەڵاتە کێشەی پەتاکەی هەبووایە، بەرلە هەموو شتێک بیریان لە گۆڕین و هەموارکردنەوەی یاساکانی پاراستنی تەندروستی گەل دەکردەوە. ئێستاش کاتێک دەمانەوێت مافی دیموکراتی خۆمان بەکاربهێنین، پەتاکە وەک بیانۆ پیشان دەدەن."

'بۆ ئازادیی وڵات لێرەین'

سانجار لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "ئەگەر رێگا نەدرێت کە مافە دەستووری و بنەڕەتییەکان جێبەجێ بکرێن، ئەوە ئەو کاتە کودەتایەک لە گۆڕێدایە. قبوڵ نەکردنی حقوق، قبوڵ نەکردنی دەستووری بنەڕەتی کودەتایە. هەدەپە لە هەموو هەلومەرجەکاندا رووی لە سیاسەتی دیموکراتیک کردووە. بۆ چارەسەریی کێشەى کورد بە ئازادی و دیموکراسی، بۆ ئازادیی وڵات ئێمە لێرەین. ئێمە بۆ ئەوە سیاسەت دەکەین، بەڵام دەسەڵات دەیەوێت ئەو سیاسەتە بخنکێنێت. هەر عەقڵییەتێک بیەوێت سیاسەت بخنکێنێت ئەوە کودەتاچییە".

سانجار رایگەیاند، رێپێوانەکەیان رێپێوانی دیموکراسییە و وتی "مەرجێکى پاشگەزنەبوونەوە لە دیموکراسی خاوەنداریکردنە لە ئیرادەی گەل. سیاسەتی قەیوم گەورەترین کودەتایە. گەلی جۆلەمێرگ بەڕێژەى سەدا ٦٥ شارەوانیی خۆی هەڵبژارد. دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و داسەپاندنی کارمەندانی خۆتان حساب نەکردنەوە بۆ ئیرادەى گەل. ئێمە بۆ ئەوەى ئەو ئیرادەیە بپارێزین لێرەین".

'دەبێت بڕوامان بە هێزی خۆمان هەبێت'

سانجار وتی "بانگەوازمان بۆ گەلانە، بۆ کەسانی خاوەن ویژدانە، بۆ لایەنگرانی دادپەروەرییە، شەیدایانی ژیانێکى ئاشتییانە و مرۆڤەکانى ئەم وڵاتەیە، ئێمە پێکەوە ئەوە بەڕێوەبردنە رادەوەستێنین. هێزمان هەیە، تەنها ئەوەندە بەسە بڕوامان بە خۆمان هەبێت. بەڕێوەبەرییەکى لەو جۆرە ناهەقییە بەسەر ئەم وڵاتەوە. سیستمێکى لەو شیوەیە بەسەر مرۆڤەکانمانەوە ناهەقییە. ئەم خاکە داوای ئازادی دەکات. ئەم رێپێوانە بۆ ئەوەیە، بۆیە ئێمە دەستپێدەکەین. رێگای ئەوەش زوو یان درەنگ ئازادی، دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتی دەبێت.

'ئێمە دەزانین بەرەنگاری و خۆڕاگری بکەین'

بڕوامان بەوە بۆ یەک ساتیش لە دەست نەداوە. تاوەکو گەلەکەمان لە پشتمان بێت هەرگیز سەرمان دانانەوێنرێت، چۆکمان لە زەویی نادرێت. ئێمە بەرخودان دەزانین. تاوەکو ئێستا گوشار و زوڵمێ زۆر لەم حیزبە و هەڤاڵانمان کراوە، بەڵام ئێمە هەر بەسەر پێوەین. ئێستاش کاتی سەرکەوتنە. کاتی چەسپاندنی ئاشتی، دادپەروەری و ئازادییە بۆ ئەم وڵاتە. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە لەگەڵ گەلانی تورکیادا و لەگەڵ مرۆڤە خاوەن ویژدانەکاندا ئەوە بەدی دەهێنین. بۆ ئەوەش هەر چییەکمان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەین".

دواى ئەوە سانجار و ئەو دەستەیەى لەگەڵی بوون بۆ ئەوەى دەست بە رێپێوانەکەیان بکەن بەروە ئۆتۆمبێلەکانیان رۆیشتن، بەڵام پۆلیس لەمپەر و بەربەستی لە بەردەمیاندا دانا و لێبان بوە رێگر.

ف.ق ، ژ.ت