شەش حاڵەتی نوێ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمار کران

لە هەولێر ٦ تووشبووی تر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان کران کە هەموویان بەرکەوتەی تووشبوانی پێشوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ٦ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانکران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تووشبووەکە پێکهاتووە لە پێنج پیاو و ژنێک، دانیشتووی شارۆچکەی سۆرانن لە گەڕەکەکانی برایەتی و ٢٦ گوڵان و کۆمەڵگای گەڵالە، ھەموویان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.

کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (٤٢٢٣٤) پشکنین بووە، هەروەها کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو، کە (٣٨٧) توشبووە، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٢٧) نەخۆش چاکبووەتەوە، ئێستا (٥٥) نەخۆش لەژێر چاودێریی پزیشکییدان.

ز.ش