پاژک: دەبێت ٣ی ئاب وەکو رۆژی قڕکردنی ئێزدیەکان و ژنان بناسرێت

کۆردیناسیۆنی پاژک لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ کە لە دژی شەنگال ئەنجامدرا، بانگەوازیەکی بڵاو کردەوە و داوای کرد ئەو رۆژە وەکو رۆژی قڕکردنی ئێزدیەکان و ژنان بناسرێت و بۆ ئەم مەبەستەش تێکۆشانێکی سەرتاسەری بەڕێوە ببرێت.

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان-پاژک بە بۆنەی ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ی شەنگال، لەسەر مالپەری "pajk.org" راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە:

"ئێمە ٧٣هەمین فەرمان ئیدانە دەکەین کە لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکرد و لە شەنگال بە هەزران ژنی ئێزیدی لە لایەن داعشەوە بە دیل گیران، بەسەدان کەسیش کوژران و لە بەرامبەر هەزاران ژنی ئێزدی بە رێبازی جیاواز دەستدرێژی و لاقەکردن و ئەشکەنجە ئەنجام درا.رلە کەسایەتی شەهید زەکی شەنگالی، شەهید بێریڤان، شەهید زەردەشت و شەهید نووژیاندا کە لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا جێیان گرت و شەهید بوون، بە رێز و حورمەتەوە یادی هەموو شەهیدانی شەنگال دەکەینەوە. بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو ژنانیش دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم قڕکردنە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی وەکو 'رۆژی قڕکردنی ئێزدیەکان و قڕکردنی ژنان' قبوڵ بکرێت و بناسرێت، تێکۆشانیان گەورە بکەن.

لە لایەن هەموو هێزەکانەوە تیشک دەخرێتە سەر ئەوەی شەنگال لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی گرنگیەکی جیوپۆلیتیکە. لە باشوری کوردستان وەکو دەرگایەک بە رووی موسل و کەرکوک، هەروەها لە حەسەکەوە دەستپێدەکات و بەرەو رۆژئاوای کوردستان دەکرێتەوە. شەنگال هێڵێکی گرنگی تێپەڕبوونە کە لە سوریاوە دەگات بە عێڕاق و و سنووری تورکیا. ئەو هێزانەی ویستوویانە لە کوردستان دەسەڵات بن، لە کۆنەوە تا ئێستا هەمیشە هەوڵیانداوە دەست بە سەر شەنگالدا بگرن. بۆیە شەنگال هەرێمکی وەهایە کە عوسمانیەکان چەندین جار بە مەبەستی قڕکردن هێرشیان کردووەتە سەری. هاوکات یەکێکە لەو هەرێمانەی خاوەنی ئەو وتەیەن کە دەڵێت، 'جگە لە شاخەکان، هیچ پشت و پەنایەکمان نیە'.

لە بنچینەی ٧٣هەمین فەرمانیشدا بۆ بونیادنانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق-شام کە ئاواتە گەورەکەی داعش بوو، دەیانویست لەسەر ئەم خاکە دەسەڵات بگرنە دەست. لەگەل گرنگیی جۆگرافیای شەنگال، هۆکاری سەرەکی هێرشەکەش ئەوە بوو کە ویستیان رێگری لە تێکۆشانی ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و تێکۆشانی ئازادی ژنان بکەن کە شان بە شانی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە شار و گوند و کۆڵان و ناو ماڵدا بە رێکخراوەیی بەڕێوە چوو. هێزە دەسەڵاخوازەکان، بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا، بەرگەی رێکخستنی ئازادیی ژنان، پیاوان، منداڵ و گەنج و پیر ناگرێت. ئەم هەوڵە کە بۆ خنکاندنی شۆڕشی رۆژئاوا دەستپێکرد، بە دەستی ئەو قارەمانانەی بڕوایان بە ئایدۆلۆجیای رێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی ژنان هەیە، تێکشکێنرا.

یەکێک لە ئامانجەکانی داعش ئەوە بوو کە ئەو زێدە داگیر بکات کە لە لایەن هەموو کەسێکەوە وەکو زێدی کورد و ژنان پێناسە دەکرا. داعش لە بەرچاوی جیهان هێرشی کردە سەر ئەو کۆمەڵگا دێرینە کە بێخاوەن و بێهێز تەماشا دەکرا، بە هەزاران ژنیان رفاند و دەستدرێژیان کردە سەر. ئەو ژنانەی بە دیل گیران لە بازاری کۆیلەکاندا فرۆشران. ئەوەی لەو بازارانە فرۆشرا، چارەنووسی مرۆڤایەتی جیهان بوو. بە مەبەستی داگیرکردنی هەست و بیروبۆچوونی مرۆڤایەتی، ئەم هێرشەیان ئەنجامدا.

شەنگال کە دەکەوێتە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ی 'ناوچە دابرێنراوەکان' و هەردوو حکومەتی عیڕاق و هەرێمی فیدرال تا ئێستا لەسەری رێکنەکەوتوون و پێشتر لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکەوە بەڕێوە دەبرا. دوای ئەوەی داعش هێرشی کرد، پەدەکە کە ئیدیعای ئەوەی دەکرد لە ناوچەکە ئەو دەسەڵاتدارە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ناوچەکەی بەجێهێشت و کۆمەڵگای ئێزدیی لە ناو چنگی داعشدا بەجێهێشت.

بۆ رێگریکردن لە قڕکردنی ئێزدیەکان و بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەستبەجێ دەستوەردانیان کرد. دواتر بە پێشەنگایەتی ١٢ گەریلای هەپەگە و یەژا-ستار، دەروێش و عەبدالەکان بە مەبەستی رێگریکردن لەو فەرمانە، لە شاخەکانی کوردستانەوە روویان کردە شەنگال. مێژوو ئەو ژن و گەنج و پیاوە قارەمانانەی کوردستان لەبیر ناکات، هاوکات ئەوانەی ویستبوویان بیپارێزن، بەڵام بەجێیان هێشت، ئەوانیش لە بیر ناکات.

هێرشەکەی ٣ی ئاب ئەوەی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی، ژنانی کورد، کۆمەڵگای کوردستان و بە گشتی ژنانی جیهان خستە روو کە لە سەر هەر خاکێک بژین، لە کام ئایین و مەزهەب و رەنگ بێت و بە هەر زمانێک قسە بکەن، ئەگەر خۆت نەپارێزیت، توندوتیژی پیاوانیان بەسەر دێت. ئەم راستیەش زیاتر رووبەرووی ژنانی کورد دەبێتەوە. چونکە دەوڵەتی تورک دەستدرێژی و لاقەکردنی ژنانی کورد وەکو رێبازێکی شەڕێ تایبەت بەکار دێنێت، بۆ ئەوەی ناسنامەمان، تایبەتمەندیە دێرینەکانمان لە ناو بەرێت، گیان و بیروبۆچوون و خاکەکەمان رووبەرووی داگیرکاری بکاتەوە. بە تایبەت خۆبەڕێوەبەری، خۆپاراستن، نوێنەرایەتی یەکسان کە لە کوردستان دەستپێدەکات، شیرۆڤەکانمان لەسەر ژینگەپارێزی، ئابوری، پەروەردەیی، ماف و یەکسانی و ئەتیک، دەسەڵاتە ناوەنگەراییەکان ناراحەت دەکات.

ئەو ناوچانەی دەسەڵاتە ناوەندگەراییەکان داگیری کردوون، بە تایبەت ئێمە و ژنان و گەلی کورد بە گشتی هەوڵ دەدەین، کە جارێکی دیکە بخەینەوە دەستی کۆمەڵگا. دەسەڵاتی ناوەندگەرایی بە دەست رژێمی ئاکەپە-مەهەپە، لە هەموو ئەو خاکەی کوردی تێدا دەژیت، هێرش دەکاتە سەر و ئەو ناوچانەش کە خۆبەڕێوەبەری تێدایە بە تایبەت دەکاتە ئامانج. شەنگال بەم هۆکارە بووەتە ئامانجی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە. دوای ٧٣هەمین فەرمان کە ئێمە نەمانهێشت سەرکەوتوو بێت، دەوڵەتی تورکیا ٥ جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و شەنگالی کردووەتە ئامانج. دەوڵەتی تورک ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات، ویستی بە دەستی میت و نۆکەرانیەوە جێبەجێی بکات. بەر لە ساڵیادی ٣ی ئاب، لە پایتەختی تورکیا دوو خوشک کە داعش لە شەنگال بە دیلی گرتبوون، بە هەوڵی خانەوادەکەیان دۆزرانەوە. خانەوادەکەیان بە پارە، منداڵەکانی خۆیان لە داعش وەرگرتەوە. لەگەڵ ئەوەی بەدیلگرتن و کۆیلەکردن، تاوانی دژی مرۆڤایەتیە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هیچ وڵامێکی ئەم بارودۆخە ناداتەوە و بە پێچەوانەوە داعشیەکان دەپارێزێت. گەلی شەنگال و بە تایبەت ژنانی شەنگال لە بارەی ئەم راستیەوە دەبێت زیاتر بەرێکخستنکراو بن و خۆبەڕێوەبەری بەهێزتر بکەن.

ئێمە وەکو پارتی ژنانی ئازادی کوردستان بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو ژنانی جیهان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە خاک و کلتور و کۆمەڵگای خۆیان دابرێنران و لە بازاری کۆیلەکاندا فرۆشران، جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ناو کلتور و سەر خاکی خۆیان، پشتیوانی لە تێکۆشانیان بکەن، ئێمە داواکارین بۆ ئەوەی ٣ی ئاب وەکو رۆژی قڕکردنی ئێزدیەکان و قڕکردنی ژنان بناسرێت، تێبکۆشن.

لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەدا دەکەین کە قڕکردنی ئێزدیەکان و قڕکردنی ژنان ئەنجامدا. هەروەها سڵاومان دەنێرین بۆ تێکۆشانی ئازادی و خۆسەری کۆمەڵگا و ژنانی ئێزدی. یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە لە تێکۆشانی ئازادی شەنگالدا جێیان گرت و دووپاتیشی دەکەینەوە کە دڵسۆزی ئەوانین."

ز.ش