دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان بە شێوازێکی خێرا بڵاوبووەوە، پارێزەرانی کۆمەڵەی مافناس بۆ ئازادی (OHD) فیدراسێۆنی پشتیوانی یاسا و مافی خێزانی گیراوان و حوکمدراوان (MED-TUHAD FED) سەردانی ١٢ زیندانی دەوڵەتی تورکیان کرد لە باکووری کوردستان و چاودێری خۆیان لەسەر ڕەوشی زیندانەکان نووسی.
پارێزەران سەردانی هەریەک لە زیندانەکان شارەکانی ئامەد، دیلۆک، خارپێت، ئاگری، وان و ئەرزروم کرد و ئاماژەیان بەودا کە دۆخی زیندانیان لە مەترسیدایە.
لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەکراوە لە کاتی سەردانیکردنی زیندانی ژنان لە خارپێت، بینیویانە دەمامک و دەستکێشیان نەداوەتە زیندانیان لەکاتی چاوپێکەوتن، بەڵام گاردیانەکانی زیندانەکە دەماک و دەستکێشیان بەکارهێناوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەکراوە لە زیندانی خارپێت، زیندانیان داوای دەرمانی خاوێنکردنەوەی دەست (تەعقیم)یان کردوە، بەڵام بەڕێوبەرایەتی زیندانەکەی داواکەیانی ڕەتکردووەتەوە.
لە زیندانی ئامەدیش دەستکێش و دەمامک نادەن بە زیندانیان.
لە زیندانی پیتی H و L لە دیلۆک پاسەوان، سەربازان و گاردیانی زیندانەکان دەستکێش و دەمامک بەکار ناهێنن و لە ژوری زیندانیان دەرمانی پاکوخاوێنی نەبووە.
پارێزەران ئاماژەیان بەوەدا لە زیندانەکانی وان و پاتنۆس دەرمانی خاوێن کردنەوە دەست(تەعقیم) دەمامک و دەستکێش بەسەر زیندانیاندا دابەشنەکراوە، ئاو، کاربا و خواردن بە شێوازێکی بەردەوام بە زیندانیان نادرێت.
ف.ق