بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ گردبوونەوەیەک لەشاری هەولێر دژی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی هەولێر ڕێگرییان لە گردبوونەوەکە کرد و دەستیان بە ڕەشبگیریی کردووە.
بە پێێ هەواڵێکی ڕۆژنیوز، هەتا ئێستا ٢٤ کەس لە چالاکوانان و بەشداربووانی گردبوونەوەکە دەستگیر کراون و مزگین ئارین ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان، سەرجەم ئەو چالاکوانانەی دەستگیرکراون براونەتە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر.
بۆ وەگرتنی زانیاریی لەسەر هۆكاری دەستگیركردنیان ڕۆژنیوز پەیوەندیی كرد بە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بەڵام پەیوەندییەی بەردەست نەبوو.
بێجگە لەو ٢٤ کەسی دەستگیرکراون، هێشتا هێزە ئەمییەکانی هەولێر بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن، کە بەنیاز بوون لە گردبوونەوەکەدا بەشداریی بکەن یان ڕێکخەری گردبوونەوەکە بوون، بۆیە زۆرێک لە چالاکوانان ناتوانن بچنەوە ماڵەکانی خۆیان.
ز.ش