هەدەپە داوای لە بارزانی کرد گەمارۆی سەر مەخمور هەڵبگیرێت

هاوسەرۆکانی هەدەپە لە نامەیەکدا داوایان لە نێچیرڤان بارزانی کرد کە گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور هەڵگرێت و مافی ژیانی پەنابەرانی کەمپەکە مسۆگەر بکرێت.

ئەمڕۆ پەروین بۆڵدان و مدحەت سانجەر هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، لەسەر ئەو گەمارۆیەی ٢٧٧ ڕۆژە خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، نامەیەکیان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.

لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی هەستیار و مان و نەماندایە و تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی لە ڕێگای ئاشتیانەوە بەڕێوەدەبات و هاتووە: لەم قۆناغەدا گەلی کورد هیوای بە ئێمەی نوێنەریانە، بۆیەش ئێمە پابەندی ئەم داخوازیەین و بەرپرسیاریەتییەک کە کەوتووەتە سەر شانمان، گۆڕانکارییەکانی دەوروبەرمان و جیهان لە دوێنێ زیاتر، پشتگیری و یەکێتی بەسەر لایەنە کوردییەکانەوە فەرز دەکات.

هەروەها هاتووە: تێکۆشان بۆ بەدەستخستنی مافی سەرەکی و پێگەی گەلی کورد تا ئێستا تووشی فشارە جۆربەجۆرەکان بووەتەوە، دەوڵەتە سەردەستەکان هەرگیز گوێیان لە داخوازی ئازادیی گەلی کورد نەگرت و بۆ لەناوبردنی مافی سەرەکیی کورد، لەناو خۆیان یەکێتییان پێکهێنا و ناکۆکییەکانایان بەلاوەنا، ئەم ڕاستییە مێژووییە، بەرپرسیارێتی مێژووی بەسەر هەموو لایەنە کوردییەکانەوە دەسەپینێت، تا سەرەڕای هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەکانیان، ڕێگای دانوستانی نێوانیان دروست بکەن و بە گفتوگۆ، یەکێتی، پشتیوانی و یەکگرتنی خۆیان سەقامگیر بکەن، یەکێتی و ئاشتی نێوان کورد، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئاشتی و ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەمان ڕوودەدەن، ئەرکمان بەرامبەر گەلەکەمان و مێژوومان جارێکی دیکە بیردەخاتەوە و یەکێتی و پاڵپشتی بێ ئەملاوئەولا لەسەرمان فەرز دەکات.

لە بەردەوامیدا هاتووە: دووپاتی دەکەینەوە کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەمان، بەرامبەر دەستێوەردانی دەوڵەتانی سەردەست، لە دوێنێ زیاتر، ئەمڕۆ پێویستی بە دروستکردنی یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و پشتگیری و پاڵپێشتیی گەلانە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە: لەم ڕۆژانەی دواییدا، بینیمان دەوڵەتی تورک لە هەرێمی کوردستان کە جەنابتان سەرۆکایەتیی دەکەن، دەیەوێت لێکدان و بەربەرەکانی و ناکۆکیی نوێ دروست بکات و دەسەڵاتداریی خۆی سەقامگیر بکات، بە داخەوە لە کامپی مەخمور کە هەزاران کوردی باکوری تێدا نیشتەجێن، ئەمڕۆ گەمارۆیەکی گەورەیان لەسەرە و ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر بوونەتەوە، مەخمورییەکان هاوڵاتیی جەنابیشتانن، هیوادارین کە خەڵکەکەمان لە مەخمور لەسەر ئەم ڕاستییە، هەڵسوکەوتێک ببینێت، بە تایبەتی کە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، خەڵکی مەخمور ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەتر بوونەتەوە، بۆیە تکادەکەین و هیواخوازین، سیاسەت، گەمارۆ و گۆشەگیری سەر مەخمور، پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و مافی بنەرەتی ژیانیان مسۆگەر بکرێت.

لە کۆتاییشدا هاتووە: پێگەی سەرۆکی هەرێم پێگەیەکی گرنگە بۆ هەموو گەلی کورد، ئەم پێگە و ئەرکەتان، لە بەڕێز مەسعود بارزانی وەرگرتووە و بەرپرسیارێتی مێژووی دەخاتە سەر بەڕێزتان، هیواخوازین هەوڵدانتان بۆ دروستکردنی ئاشتی و ئارامی نێوان کورد، لە ئەمڕۆ بەدواوەش بەردەوام بێت و کاریگەریی گەورە لەسەر یەکێتی کورد و پێکهاتەی گەلانی ناوچەکەمان بکات.

ز.ش