هەپەگە: لە گابار زرێپۆشێک تەقینرایەوە و ٥ سەرباز کوژران

گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار لە گابار لە دژی زرێپۆشێکى جۆری کۆبرای سوپای تورکی داگیرکەر چالاکییان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا زرێپۆشەکە تێکشکێنرا و ٥ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى چالاکیی هێزەکانیان لە گابار راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتى تۆڵەى شەهید مەدیا ماوا و شەهید زرگار گەڤەر لە نێوان ناوچەى دێرگیول و بنکەى سەربازیی جوتیار لە گاباری شرنەخ زرێپۆشێکى جۆری کۆبرایان چادێریکرد و لە ٢٧ی نیساندا و لە کاتژمێر ١٢:٠٠ لە دژی ئەو زرێپۆشە چالاکییان ئەنجامدا. هێزەکانمان لە نزیکەوە گورزیان لە زرێپۆشەکە دا و بە تەواوەتی تێکیانشکاند و ٥ سەربازی ناو زرێپۆشەکەش کوژران. دواى چالاکییەکە سوپای تورکی داگیرکەر بە کۆپتەری جۆری سکۆرسکی سەربازە کوژراوەکانى لە گۆڕەپانی چالاکییەکە دوورخستەوە. یەکەیى ئەنجامدەری ئەو چالاکییە بە سەلامەتى گەڕانەوە بارەگاکانیان.

هێرشی ئاسمانى بۆ سەر زاپ

لە ٣٠ی نیساندا (ئەمڕۆ) لە کاتژمێر ٠٢:٣٠ دا فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ناوچەى ساجایان لە زاپ لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیان بۆردومانکرد.

لە ٢٩ی نیسانیشدا و لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ دا فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ناوچەى گوندی مێلێ-یان لە زاپ بۆردومانکرد.

لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت".
ژ.ت