کەجەکە: هیوادارین یاد و بیرەوەری مام جەلال ببێتە هۆی بەهێزکردنی گیانی یەکێتی نەتەوەیی

هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، خوالێخۆشبوو مام جەلال لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە لەبەرانبەر هێڵی بەکرێگیراو و چەقبەستوی کلاسیکی کورد، نوێنەرایەتی هێڵی خۆراگری کردووە.

هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) لە سییەمین ساڵیادی کۆچی دوای جەلال تالەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە.

کەجەکە ڕایگەیاند، مام جەلال نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكۆ لە بەشەكانی دی كوردستانیش خاوەن رۆڵ و كاریگەری بووە لە سەر ئاراستەی پێشكەوتنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و بە گویرەی دەرفەت و توانا هاوكاری خەباتی رزگاریخوازی هەموو بەشەكانی دی كوردستانی كردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، "ئێمە هیج كاتێك ئەوە لە بیر ناكەین كە خوالێخۆشبوو مام جەلال بەرلەوەی باری تەندروستی تێك بچێت، خەریكی رێكخستنكردنی هەڵمەتێكی نێونەتەوەیی بوو بۆ ئازاد كردنی رێبەر ئاپۆ. بە داخەوە مام جەلال لە قۆناخێكدا كە گەلی كورد زۆرترین پێویستی بە لێهاتوویی و هێزی چارەسەری ئەو بوو كۆچی دوایی كرد، ئەگینا ئێستا هەم باشووری كوردستان و هەم بەشەكانی دی كوردستانیش لە ئاستێكی زور جیاوازدا دەبوون."

ڕاگەیەنراوی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

"بۆ ڕای گشتی گەلی كوردستان

لە سێهەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردە و پێشەنگی هێژای گەلی كورد خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانیدا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كوردستان، هاوسەرۆكایەتی و سەرجەم كادێر و ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی بەڕێز مام جەلال دەكەین و هیوادارین كە یاد و بیرەوەری ئەم سەركردە مێژووییەی گەلی كوردستان ببێتە هۆی هەرچی پتەوتركردنی گیانی یەكێتی نەتەوەیی و گەیشتنی گەلی كورد بە ماف و ئازادییەكانی.

خوالێخشبوو مام جەلال تاڵەبانی وەكو كەسایەتییەكی پێشەنگ و سەركەردەیەكی گەورەی سیاسی مۆركی خۆی لە پێشكەوتنەكانی هەموو كوردستان و بەتایبەت باشووری كوردستان لە سەدەی بیستەم و بیست و یەكەمدا داوە. هەر لە سەرەتای دەركەوتنییەوە لە بەرامبەر هێڵی بەكرێگیراو و چەقبەستووی سیاسەتی كلاسیكی كوردی دا نوێنەرایەتی هێڵی خۆڕاگری، داهێنان، نوێبوونەوە، گۆڕانكاری و سیاسەتی ئاشتییانە و دیموكراتییانەی كردووە. هەربۆیە هەموو هەنگاوەكانی ئەو لە قۆناخە جیاجیاكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا كاریگەرییان لە سەر پێشكەوتنەكانی هەموو كوردستان بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی كردووە.

مام جەلال نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكۆ لە بەشەكانی دی كوردستانیش خاوەن رۆڵ و كاریگەری بووە لە سەر ئاراستەی پێشكەوتنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و بە گویرەی دەرفەت و توانا هاوكاری خەباتی رزگاریخوازی هەموو بەشەكانی دی كوردستانی كردەوە، هەر لە رۆژهەڵاتەوەی بگرە هەتا باكوور و رۆژئاوا. هەر لە سەرەتای دەركەوەتنی پ. ك. ك ەوە مام جەلال بە گرنگییەوە و بە چاوێكی ستراتیژی سەیری خەباتی باكووری كوردستانی كردووە و بە گوتنە مێژوویەكەی خۆی كە " باكوور میسری كوردستانە" ئاسۆی چارەسەری كێشەی كوردی لە سەركەوتنی خەباتی ئازادیخوازانە لە باكووری كوردستاندا بینیوەتەوە. هەربۆیە هەر لە سەرەتاوە، لە گەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، پەیوەندییەكی مێژوویی و دۆستانەی لە گەڵ رێبەر ئاپۆ و پ ك ك داناوە و هەوڵیداوە ئەم پەیوەندییە بكاتە هەوێنی یەكێتی نەتەوەیی گەلی كوردستان. هەربۆیە لە هەر هەوڵێكی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە باكووری كوردستان رۆڵی دیار و بەرچاوی بینیوە. ئێمە هیج كاتێك ئەوە لە بیر ناكەین كە خوالێخۆشبوو مام جەلال بەرلەوەی باری تەندروستی تێك بچێت، خەریكی رێكخستنكردنی هەڵمەتێكی نێونەتەوەیی بوو بۆ ئازاد كردنی رێبەر ئاپۆ. بە داخەوە مام جەلال لە قۆناخێكدا كە گەلی كورد زۆرترین پێویستی بە لێهاتوویی و هێزی چارەسەری ئەو بوو كۆچی دوایی كرد، ئەگینا ئێستا هەم باشووری كوردستان و هەم بەشەكانی دی كوردستانیش لە ئاستێكی زور جیاوازدا دەبوون و ئەو دەیتوانی پێشی لە زۆر بڕیاری هەڵە و كارەسات بگرێت. ئێستاش لەو بڕوایەداین كە خاوەن دەركەوتن و خوێندنەوەیەكی باش بۆ ڕێبازی تێكۆشانی مام جەلال دەتوانێت رێگا لە بەردەم زۆر پێشكەوتن بكاتەوە و رێگری لە زۆر كارەسات و نەهامەتیش بگرێت.

لە كۆتاییدا بەو هیوایەی كە بیرەوەری و یادی مام جەلال ببێتە هۆی هەرچی پتەوتركردنی گیانی یەكێتی نەتەوەیی گەلی كوردستان، جارێكیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان پێشكەش دەكەین."

ف.ق