گوندەکانی وان لە کەرەنتینەدانین بەڵکو گەمارۆ دراون

پارێزگاری وان ڕایگەیاند، هەندێک گوندی هەرێمەکەیان خستووەتە کەرەنتینەوە، بەڵام ئاشکرا بوو لەو گوندانە هیچ ڕێوشوێنێکی تەندروستی نەگیراوەتەبەر، گوندەکان لە لایەن سەربازانەوە گەمارۆدراون و هاتوچۆیان قەدەغە کردووە.

لە هەموو جیهان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا جەنگێک هەیە کە بووەتە هۆی مردنی نزیکەی ٣٠ هەزار کەس، بەڵام دەوڵەتی تورک لەجێگەی ئەوەی لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بجەنگێت، لە کوردستان دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی کردووە.

لەبەرئەوەی ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر پەنابەر بە شێوەیەکی قاچاخ لە ئێرانەوە خۆیان دەگەیێننە شاری وان، شارەکە ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە بووەتەوە. بەڵام تا ئێستا لە وان هیچ ڕێوشوێنێک لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگیراوەتەبەر.

کەسێک لە ئەستەنبولەوە چووەتە گوندی هان بۆ سەرەخۆشی، دواتر ئاشکرا بوو کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و خرایە ژێر چاودێریەوە. بەو هۆیەوە گوندی هانێی سەر بە ناوچەی ئەباخ کە ١٥٠٠ کەسی تێدا دەژی، چەند ڕۆژە لە کەرەنتینەدایە.

محەمەد ئەمین بیلمەز پارێزگاری وان لەوبارەیەوە قسەی کرد  و وتی، گوندی ئەسەنیاماشی ئەلباک، گوندی هانی ئەنەخ، گوندی ئالاچایری شێخێ و گوندەکانی تەلیکایا و چەمیک لە کەرەنتینەدان.

'دکتوریان نییە، چاوشیان هەیە'

هاوڵاتیانی گوندی هانی ڕایانگەیاند، لە گوندەکان یەک کارمەندی تەندروستیش نییە، هیچ پشکنینێک نەکراوە و سێ ڕۆژە جگە لە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە لە دەرەوەی گوند خاڵی پشکنین دانراوە، هیچ شتێکی تر ئەنجامنەدراوە.

خەڵکی گوندەکە ئاماژەیان بەوەکرد، گوندەکەیان گەمارۆدراوە. سەربازەکان هاتوچۆیان قەدەغە کردووە. ناتوانن بۆ هیچ شوێنێک بچن، بەڵام هیچ پشکنینێک ناکرێت و کارمەندی تەندروستیش نانێرن. دکتوریان نییە، بە تەنها سەرباز و چاوشی لێیە. نە کەس دەچێتە گوند و نە کەسیش لە گوندەکە دێتە دەرەوە.

ف.ق