گەنجانی باشور لە دژی هێرشی داگیرکەران، بانگەوازیان بۆ رژانە سەر شەقام کرد

لە دژی هێرشە قڕکەر و داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەریمەکانی پاراستنی میدیا و مەخمور و شەنگال، گەنجانی باشوری کوردستان بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی گەنجان کرد کە بڕژێنە سەر شەقامەکان.


شەوی رابردوو لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ لە یەک کاتدا هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ناوچەی شەنگال بوردومان کران. لەم بارەیەوە گەنجانی باشوری کوردستان بانگەوازیان ئاڕاستەی گەنجان کرد کە لە دژی ئەو هێرشە قڕکەر و داگیرکاریانە، بڕژێنە سەرشەقام.

'دوژمن دەوەستێت، ئێمە ناوەستین'

ئارام ئەیوب وەک گەنجێگی وڵاتپارێز بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گەنجانی باشوری کوردستان کرد و داوای لێکردن بڕژێنە ناو شەقام و گۆڕەپانەکان و هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشە داگیرکاریەکان بنوێنن و وتی:"دەبێت پارتە سیاسیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەڵوێستی خۆیان بنوێنن. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ بێت، ئەوا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک دوژمن هێرش دەکاتە سەر خاکەکەت، دەبیت بێدەنگ نەبیت. دەوڵەتی فاشیستی تورک لە بەردەم هەڵوەشانەوەدایە، بۆیە دەیەوێت بوون و مانەوەی خۆی بە لەناوبردنی کورد بهێڵیتەوە. ئەم هێرشانە نامان ترسێنن. دوژمن دەوەستێت، ئیمە ناوەستین."

'ئەگەر داگیرکەری سەربگرێت، شتێک بە ناوی کورد لە باشوری کوردستان نامێنێت'

دەرسم گەرمیانی کە یەکێکی ترە لە گەنجە وڵاتپارێزەکانی باشوری کوردستان، تیشکی خستیە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هەوڵێستی گەل و بە تایبەت گەنجان و وتی:"دەبێت ئێمە وەکو گەنجان خاوەن هەڵوێست بین. پێشتریش رژێمی بەعس لە باشوری کوردستان هەموو شتێکی کرد. ئەگەر داگیرکەری سەربگرێت، شتێک بە ناوی کورد لە باشوری کوردستان نامێنێت. دبێت ئێمە بە هەموو هێز و بوونمانەوە لە دژی داگیرکەری بوەستینەوە و بڕژێینە سەر شەقامەکان. لە دژی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە دەیەوێت باشوری کوردستان داگیر بکات، بوستینەوە و نەهێڵین پلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات.''

ز.ش