یەکێتی: هەوڵە دیبلۆماسیەکانمان دەخەینەگەڕ لەپێناو ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ سەر باشوری کوردستان هەروەها دەڵێت:" کار بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە دەکەین لە ڕوی دیبلۆماسیەوە".

دەربارەی دواین گۆڕانکاریەکان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کار کردن لە بەغداد بۆ ڕێگرتن لەم پێشێلکاری و بەزاندنی سەروەری خاکی عێڕاق، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەیتی یەکێتی هاوکات ئەندام ئەنجومەنی نوێنەران لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فورات ANF دوا و هەڵوێستی یەکێتی ڕاگەیاند.

لەسەرتادا نابراو وتی:"بێگومان بەرلە هەموو شتێک باشوری کوردستان بە چەندەها قەیران تێدەپەڕێت و عێڕاقیش بە هەمان شێوە، ئێمە بەدەر لەوەی کە قەیرانێکی ئابوری زۆر گەورەمان هەیە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنامان هەیە بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر توشبوون و کەرتی تەندروستیمان هیلاکە. سەرباری ئەمە هەمووی کە عێڕاق لەم هەموو کێشە و گرفتەیایە ئەبینین ڕۆژانە وڵاتی تورکیا هێرش ئەکاتە سەر ناوچەکانی عێڕاق و شارەکانی عێڕاق. ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێڕاقەوە هەوڵی جدی خۆمان داوە کە هەموو لایەنەکان ئاگادار بکەینەوە لەوەی کە ئەمە خروقاتە و شکاندنی سەروەری خاکی عێڕاقە نەک تەنها خاکی هەرێمی کوردستان.

دەربارەی هەڵویستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بڵێسە جەبار پێی وایە، بەدەر لەو خروقاتە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە چونکە ئەو ناوچە شاخاوییانە بۆردومان ئەکرێت ئەوە هەموی بژێوی خەڵکە و خاکی هەرێمی کوردستانە و خەڵکی سڤیلی تێدایە کە ڕۆژانە بریندار دەبن و شەهید دەبن. هەروەها وتیشی:" ئێمە هەموو لایەنەکانمان لەم بابەتە ئاگادار کردوەتەوە هەموو جارێک وەک فراکسیۆن و وەک لایەنی ئەمنی بەیانی ئیدانەکردنمان هەبووە".

"دەبێت کار بکەین بۆ هەڵوشاندنەوەی ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و عێراق"

سەبارەت بەکارکردن لە بەغداوە و ڕێکارە یاساییەکان بەڵێسە فەرمان ڕایگەیاند:" یەک لە کێشەکان ئەوەیە کاتی خۆی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا عێڕاق لەگەڵ تورکیا ڕێکەوتنێکیان هەبووە کە بتوانن بە قوڵایی ٢٠٠ کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکتریەوە، ئەم ڕێکەوتنە بێگومان تاکو ئێستا هەڵنەوەشاوەتەوە و کاری پێدەکرێت کە ٢٠٠ کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکدیەوە کە وەک خۆیان دەڵێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە ئەوە ڕاست نییە. ئێمە دەبێت سەرەتا هەوڵ بدەین ئەو ڕێکەوتنە کە لە نێوان حزبی بەعس و دەوڵەتی تورکیا ئەنجام درابوو هەڵیوەشێنینەوە و دواتر ئەتوانرێت لە ڕێگای پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکەین و ڕێکەوتنی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بکەین".

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکانی عێڕاق بڵێسە فەرمان ئەوەی خستە ڕوو تاکو ئێستا کە چەندین جار ئەم خروقاتانە کراوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە و سەروەری یاسا شکێندراوە، خۆشبەختانە نەک تەنها کوردەکان بەڵکو فراکسیۆنەکانی عێڕاقیش دژی وەستاونەتەوە لە ناو پەرلەماندا و پشتگیری ئێمە بوون لەوەی ئەمە شکاندنی شکۆی وڵاتێکە بەڵام وڵاتی تورکیا نەک تەنها بۆ عێڕاق کە وڵاتێکی دراوسێیە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت ئەکات، ئەبینین دەستێوەردان دەکات لە یەمەن و چەکدار دەنێرێت بۆ لیبیا و بۆ سوریا و هەوڵی تێکدانی بارودۆخی ئەو وڵاتانە ئەدات. هەروەها وتیشی :"باشتر وایە بۆ خودی تورکیا و بۆ وڵاتان کە ئێمە هەوڵ بدەین لە ڕێگەی دیبلۆماسیەوە و لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئێمە لە سەدەی بیس و یەکداین و تورکیا دەبێت ئەمە تێبگات کەوا میلەتێک هەیە بە ناوی میلەتی کورد لە تورکیا و عێڕاقیش دەژیت و ئەم میلەتە دەبێت مافی خۆی هەبێت. باشتر وایە لە ڕێگای پەرلەمانەوە و لە ڕێگەی یاسا و هەلبژاردنەوە ئەم میلەتە بە مافی خۆی بگات و چێتر ئەم سەدان ساڵ دوژمنایەتی و خوێن ڕشتنە لە ناوبەری ئەم نەتەوانەدا کۆتایی پێبێت لەبەر ئەوەی هیچ کات دەرەنجامی نابێت، تورکیا دەبێت لەمە تێبگات کە کورد بە هیچ شێوەیەک واز لە مافی خۆی ناهێنێت".

"ئەردۆغان بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات ئەو کارە دەکات"

سەبارەت بە قەیرانەکانی تورکیا و ئامانج لەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و بە تایبەت ئاکەپە ڕایگەیاند:" بە دەرەجە یەک تورکیا ئەمە بۆ مانەوەی ئەردۆغان دەکات هەمو کات قەیران دروست دەکات و دوژمنی وەهمی دروست دەکات لە پێناو پەردەپۆش کردنی ئەو هەمو قەیرانەی لە وڵاتەکەیدا هەیە. تورکیا قەیرانی ئابوری گەورەی هەیە و لە ئێستادا قەیرانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە، پەردەپۆش کردنی ئەو هەمو قەیرانەی کە هەیەتی و بەرەنگار بونەوەی دیموکراسیەت و دەنگی ناڕازی بەو شێوەیە ئەکات کە دێت دوژمنی وەهمی دروست دەکات و قەیران دروست دەکات لە پێناو پەردەپۆش کردنی کۆمەڵێک قەیرانی دیکە. ئەم سیاسەتە دەمێکە هەیە کە ئەویش قەیرانێک بە قەیرانێکی دیکە پەردەپۆش دەکەیت".

"دەنگی ناڕازی زۆرە دژ بەم پێشێلکاریە"

سەبارەت بە هەڵوێستەکانی بەغداد و ئەو ڕێکارە یاساییانەی ئەنجام دراوە ئەوەی خستە ڕوو کە پێویستە لەگەڵ تورکیا پەیوەندی دیبلۆماسی و سیاسی بەهێز بکەین چونکە لە نێوان عێڕاق و تورکیادا بەرژەوەندی ئابوری هەیە و هاوسنورن، پێویستە ئەم دەسدرێژیە بۆ سەر سنوری عێڕاق نەمێنێت و وتیشی:" باڵوێزی تورکیا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق بانگێشت کراوە و لە لایەن لیژنەی پەرلەمانیەوە بانگێشت کراوە کە پرسیاری لێبکرێت، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە دەنگی ناڕازی زۆرە دژ بەم پێشێلکاریە. ئێمە دەمانەوێت کێشەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین نەک بە چەک و بە شەڕ چونکە دەرەنجامی نابێت، ئێمە چەندین ساڵە لە شەڕداین و ئەم وڵاتە و ئەم هەرێمە چەندین ساڵە لە شەڕدایە و خەڵکی ماندوو بونە".

کار دەکەین بۆ ڕێگرتن لە لشکەرکێشی تورکیا

لە کۆتاییدا بەڵێسە جەبار ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕدا نین و ئەوان وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەمو هەوڵە دیبلۆماسیەکانیان خستوەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە زینی وەرتێ هەیە و ئەو هاتنە ژورەوەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێڕاق ڕێگە پێبگرن بەڵام بە دەرەجەی یەکەم دەبێت لە بەغداوە دەست پێبکەین و فراکسیۆنەکانمان لەوێ هەوڵ بدەن کە ئەو ڕێکەوتنانەی سەردەمی بەعس لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی داوە هەڵبوەشێندرێتەوە.

ف.ق