فەرید شەنیاشار لە مەجلیس درێژە بە تێکۆشانی دادپەروەری دەدات

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، فەرید شەنیاشار، گوتی: "لەماوەی چالاکییەکەمان بۆ ئێشکگرتنی دادپەروەری ٣١ لێپرسینەوە دژی دایکم، ١٤ لێپرسینەوە دژی من کراوەتەوە، ئێستەش دایکم بە تۆمەتی سوکایەتی بە بەرپرسی حکومی سزادراوە".

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، فەرید شەنیاشار، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی لە مەجلیس بەست پەیوەست بە سزادانی دایکی ئامینە شەنیاشار. شەنیاشار سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە پشتیوانی دۆزەکەیان بوون، ڕایگەیاند، ئامانجی لە سیاسەتکردن بەدیهێنانی دادپەروەری و گەیاندنی کێشەکانی ڕحایە بە مەجلیس.

شەنیاشار ئاماژەی کرد بە وردەکاری تێکۆشانەکەی خۆی و دایکی لەپێناو دادپەروەری بەردەوام دەبێت و تا بەدیهاتنی دادپەروەری ناوەستن.

شەنیاشار دووپاتی کردەوە لەماوەی چالاکییەکەیاندا ٣ وەزیری داد گۆڕاون، گوتی: "کاتێک ئێشکگرتنی دادپەروەریمان دەستپێکرد، عەبدولحەمید گول، وەزیری داد بوو. کاتێک تێکۆشانی دایکم خرایە بەردەستی ئەم وەزیرە لە لیژنەی دادی پەرلەمان، گوتی دڵتەنگە بەم دۆخە و لەم پرسە دەکۆڵینەوە. پاشان بەکر بۆزداغ هاتە شوێنی. بەکر هاتە ڕحا. لەوێ لەگەڵ سەرۆکی دادگای ڕحا کۆبوویەوە سەبارەت بە پرسێک، هاوکات دایکم لەبەردەم دادگا تێدەکۆشان. بەکر لەو دەرگایەوە نەچووە ژوورەوە کە دایکم چالاکی لەبەردەمیدا بەڕێوە دەبرد. بەڵکو دەرگایەک لەپشتەوە کرایەوە و بەکر لەوێوە هاتوچۆی کرد بۆ خۆدەربازکردن لەم پرسە. هەروەها ڕای گشتی لە تورکیا و جیهان چاودێری تێکۆشانەکەی دایکم دەکەن و ئەم تێکۆشانە لەبەردەم دادگا بەردەوامە. ئێستە وەزیری نوێی داد دانراوە. هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین. تا ئێستا شتێکی نەرێنیمان نەدیوە. ئێمەش ڕەخنەی نەرێنی لێ ناگرین، بەڵام داوای لێ دەکەین بە کاری خۆی هەستێت. بەهیواین خاوەندارێتی لە سوێندەکەی بکات لە مەجلیس".

هەروەها شەنیاشار ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری نوێی داد پێویستە دەستوبرد گرنگی بە دۆزی بنەماڵەی شەنیاشار بدات، گوتی: "دەمانەوێت دەستوبرد ئەم ستەمە کۆتایی بێت. داوایەکی بەپەلە لە وەزیری داد دەکەم؛ تەمەنی دایکم گەیشتۆتە ٦٧ ساڵ و چیتر توانای ڕێکردنی نەماوە. دایکم دەڵێت: "تا بەدیهاتنی دادپەروەری، بەردەمی دادگا جێناهێڵم". هەروەها داوا لە وەزیری داد دەکەم، بە ئەرکی خۆتان هەستن، با ئەم ستەمە کۆتایی بێت".

شەنیاشار ڕایگەیاند، ئەمە یەکەمین لێدوانێتی لە مەجلیس، ئەم لێدوانەی سەبارەت بە تێکۆشانەکەی دایکی داوە، گوتی، دەبێتە دەنگێک دژی هەموو ئەو ستەمانەی لە ئایندەدا لە ڕحا ڕوودەدەن.