سانجار: ئاکەپە-مەهەپە دەنێرینەوە و ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێین

میتحات سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵات بە تەواوەتی لە پەل و پۆ کەوتووە و جەختیشی کردەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەدا ئەوانەی لە دەسەڵاتدان دەنێرینەوە و ئێمەش ئەو هێزەی ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێت، دێنینە ئاراوە.

میتحات سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان-هەدەپە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا قسەی کرد و سەرەتا تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژی پرسوس و رایگەیاند، دەسەڵاتی فاشیست نە دەتوانێت هیوا و ئاواتی ئەو گەنجانە لەناو بەرێت، نە دەتوانێت بە هیچ شێوەیەک ئەو میراسە لەناو بەرێت و وتیشی، ئێمە خاوەنی ئەو میراسەین، ئێمە ئەرکی بەدیهێنانی ئاواتەکانی ئەو گەنجانەمان لە ئەستۆدایە و بێگۆمان ئەو ئاواتانە بەدی دێنین.

سانجار تیشکی خستە سەر رووداوی کوشتنی دوو پۆلیسی تورک لە دوای کۆمەڵکوژیەکەی پرسوس لە سەرێکانی و وتی:"ئەم رووداوی کوشتنە، سیناریۆیەکی تاریکی دەوڵەت و دەسەڵات بوو. بەم سیناریۆیە داوا کرا کە کێشەی کورد لە تورکیا بگەڕێتەوە سەر سیاسەتی شەڕ و هیوا و ئاواتی دیمۆکراسی لەناو ببرێن."

'ئەم رژێمە دەنێرینەوە'

سانجار هەروەها وتی:" ئەم رژێمە رووخاوە، جارێکی دیکە کۆنابێتەوە. بەرچاوترین نمونەش بۆ ئەوە، هەڵبژاردنە خۆجێیەکان بوو. هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار و ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بوو. دەسەت لە هێز کەوتووە. لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەو دەسەڵاتە دەنێرینەوە و ئەو هێزەی کە ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێت، دێنینە کایەوە."

'رەگەزەکانی هەدەپە تەندروستن'

میتحات سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی توما چەلیکی پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە کرد کە لە ریزەکانی پارتەکەیان دەرکراوە، هاوکات تیشکی خستە سەر مەنسور ئشکی پەرلەمانتاری هەدەپە و راشیگەیاند، کە لە بارەی ئشکەوە لە لیژنەی دیسیپلینی ناوەندی قۆناغی لێپرسینەوەی بەردەوامە.

سانجار وتی:" رەگەزەکانی هەدەپە تەندروستن، خاوەنی شکۆیەکی بە رەگ و ریشەیە. بەهێزترین پایەی ئەم شکۆ و رەگەزانە، تێکۆشانی ژنانە. ئەم پارتە بە تێکۆشانی ژنان بونیاد نراوە. ئەنجومەنی ژنان، لە پشت هەدەپەوەیە."

ز.ش