پەرلەمانی عێراق ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی پەسەند کرد

ئەمڕۆ شەممە لە پەرلەمانی عێراق ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی پەسەند کرا.

ئەمرۆ شەممە ٢٧ی نیسان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەوەکالەت موحسین مەندەلاوی و بە ئامادەبوونی ١٧٠ ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

پاش دانیشتنەکە، فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە میانی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنەکەدا، ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی خراوەتە دەنگدانەوە.

هەروەها فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە لە دانیشتنەکەدا، ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، پەسەندکراوە، کە بەپێی ھەموارەکە، یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی فراوان کراوە، بەو پێیەی کاری ھاوڕەگەزخوازیش خراوەتە چوارچێوەی یاساکەوە.

ھەروەھا بەپێی ھەموارەکە، ھەر کەسێک لە عێراق کاری ھاوڕەگەزخوازی بکات، ئەوە سزای توند دەدرێت، بەڵام لەسێدارەدان لە سزاکەدا، لادراوە.

ھەر بەپێی ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی، ھەر کەسێک لە عێراق کاری ھاوڕەگەزخوازی بکات، ئەوە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کردن، سزا دەدرێت.