ئادریا گیڤارا: پێویستە پارێزگاری لە مۆدێلی ڕۆژئاوا بکرێت

ئادریا گیڤارا، سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی چەپی کۆماریخوازی کەتەلۆنیا(ERC ) ڕایگەیاند، "حکومەتی نوێی دیمەشق جێگای متمانە نییە بۆ داهاتووی سووریا، بەڵام ڕۆژئاوا نمونەیەکە دەبێت بپارێزرێت لە هێرشە داگیرکاریییەکانی تورکیا."

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەم، هاوسەنگی سیاسی و سەربازی لە سووریا کەوتە قۆناغێکی نوێیەوە. چەند مانگێک بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دۆخی نادیاری و ئاڵۆزی لە وڵاتدا بەردەوامە. ڕووخانی ڕژیم بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نەبوو. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەزوویی دەستی هاوکاری بۆ ئەکتەرە نوێیەکان درێژ کرد و کەوتنە هەوڵدان بەدوای پرۆسەیەکی دیپلۆماسی بۆ دروستکردنی سووریایەکی نوێ.

جۆلانی، سەرۆکی ڕێکخراوی تەحریر شام (هەتەشە) کە دەستبەجێ بۆشایی دەسەڵاتی پڕکردەوە، لەکاتێکدا پێشتر بە کردەوە چەکدارییە ڕادیکاڵەکانی دەناسرا، لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی وەک کەسایەتییەکی سیاسی نیشان بدات. هەتەشە بە سەرۆکایەتی جۆلانی ئیدارەیەکی کاتی پێکهێناوە و هەوڵدەدات لە ئاستی نێونەتەوەییدا شەرعیەتی خۆی بەدەستبهێنێت.

بەڵام ڕووداوە سەرەتاییەکان لە پرۆسەی تێپەڕبوونی دەسەڵات لەلایەن هەتەشەوە هیوابەخش نین. بەتایبەت هەواڵی کوشتنی گەلی مەدەنی عەلەوی لە ناوچە کەناراویەکان ناڕازییەکی جیددی لە ناوخۆی سووریا و لە ئاستی نێونەتەوەییدا لێکەوتەوە. بێدەنگی حکومەتی نوێ لە بەرامبەر ئەم هێرشانە نیگەرانییەکانی لە چاوەڕوانی بۆ داهاتوویەکی ئارام بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە تورکیە کە گەورەترین لایەنگری هەتەشە و گروپە چەکدارەکانییە، بەردەوامە لە داگیرکردنی بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بوونی داگیرکەری تورکیە لەو ناوچانە، مەترسی لەسەر سەقامگیری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەیە و داهاتووی سوریا زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.

'دەبێت داگیرکارییەکانی تورکیا لە سووریا کۆتایی پێ بهێنرێت'

ئادریا گیڤارا پارتی چەپی کۆماریخوازی کاتەلۆنیا (ئەرەک) و سکرتێکری پەیوەندییە نێونەتەییەکانی پارتەکە، هەڕەشەکانی دژی ڕۆژئاوا و گرنگی سیستەمی ڕۆژئاوا بۆ داهاتوی سووریای لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە هەڵسەنگاند.

ئادریا گیڤارا بە ئاماژەدان بەوەی کە بوونی حکومەتی داگیرکەری تورکیا لەسەر خاکی سووریا بەردەوامە و مەترسی لەسەر داهاتووی ڕۆژئاوا هەیە و وتی: "وەک لایەنێک پێمان وایە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕە. تورکیا درێژە بە ستراتیجی داگیرکردنی ناوچە کوردییەکان دەدات. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەبێت کۆتایی بەم داگیرکارییە بێت. پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دڕندەییەکانی حکومەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا وەک خۆی ببینێت و پشتیوانی لە گەلی کورد بکات."

'نموونەی ڕۆژئاوا ڕێگاکە روون دەکاتەوە'

ئادریا گیڤارا بە ئاماژەدان بەوەی کە سیستەمێک کە لە ڕۆژئاوا بنیات نراوە، ڕێگە بۆ داهاتوو روون دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەدا کە داهاتووی سووریا پێویستی بە مۆدێلێکی لەو شێوەیە هەیە. ئادریا گیوارا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بە بۆچوونی ئێمە سیستمی ڕۆژئاوا زۆر باشە؛ لەبەرئەوەی ئەم سیستەمە فرە کولتورییە و هەموو نەتەوە، کولتوور و بیروباوەڕییە جیاوازەکانی ناوچەکە لەخۆدەگرێت، ڕێز لە هەموو نەتەوەکان دەگرێت و لەخۆیدا جێگای کردووتەوە. کار و سیاسەتەکانی ئیدارەی ڕۆژئاوا زۆر ئەرێنییە. باشترین دەرفەت دروست دەکات کە تیایدا گروپە جیاوازەکان بتوانن بە ئاشتی پێکەوە بژین. پێویستە بە وردی چاودێری بکەین کە چی ڕوودەدات لە ناوچەکەدا. گۆڕانکاری لە هاوسەنگیەکان نابێت زیان بە ڕۆژئاوا بگەیەنێت."

'هەتەشە جێی متمانە نییە'

ئادریا گیڤارا بە ئاماژەدان بەوەی کە حکومەتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی هەتەشە، ئاماژەیەکی باش نییە بۆ داهاتووی سووریا و ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێویستە بە وریایی زیاترەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە. گیوارا وتی: "حکومەتی نوێی سووریا بۆ ئێمە ‌هێشتا جێگای نیگەرانیە. چونکە ئەم حکومەتە پێکهاتەیەکی ئیسلامی توندڕەوی هەیە. ڕوون نییە حکومەتێک کە بناغەیەکی لەو شێوەیەی هەبێت بەرەو کوێ دەڕوات، چۆن مافی فرەنەتەوەکانی وڵات جێبەجێ دەکات، چۆن مافی ناوچەکانی وەک ڕۆژئاوا دەپارێزێت."

"پێویستە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەورووپا لەو باریەوە بگۆڕێت'

ئادریا گیڤارا بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتانی ئەورووپا دەبێ بەرپرسیارانە لە گەڵ دۆخی هەستیاری سووریا مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا، وتی: "زۆربەی وڵاتان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بێدەنگن. ئێمە بەساڵانە لە کەتەلۆنیا پاڵپشتی پرسی کورد دەکەین. ئێمە لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا چەندین بڕیارمان بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد و گەلی ڕۆژئاوا دەرکردووە. بەڵام ڕوونە کە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی ئەو کارەیان نەکردووە. بەڕای من هۆکاری ئەمەش کاریگەرییەکانی تورکیەیە. ڕێککەوتن لە نێوان یەکێتی ئەورووپا و حکومەتی تورکیادا لەسەر کۆچبەران و چەندین بابەتی تر هەیە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوە بێت کە هەندێک وڵاتی گەورەی ئەورووپایی بە ئاشکرا پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ڕۆژئاوا نیشان نادەن، بەڵام ئەم ڕێبازە دەبێت بگۆڕدرێت. ئێمە وەک گەلی کەتەلۆنیا بە ڕێبازەکەمان ڕێگەمان بەم وڵاتانە نیشان داوە. ئەوان دەبێ ڕێبازی ئێمە بگرنە بەر و هاوشێوەی ئێمە بڕیار لە سەر ڕۆژئاوا بدەن. بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ پێویستە پێکەوە کاربکەین."

'ئێمە پێکەوە بەهێزترین'

ئادریا گیڤارا ، لە کۆتایی قسەکانیدا بە وەبیرهێنایەوە کە ئازارەکانی گەلانی کەتەلۆنیا و کورد لە ڕووی مێژووییەوە هاوشێوەی یەکن و تێکۆشانەکانی ئەوانیش هاوشێوەی ئێمەن و وتی: "گەلی کەتەلۆنیا و گەلی کورد دۆست و خوشک و برای یەکترن. ئێمە بۆ یەک شت تێكۆشان دەکەین؛ ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین بەبێ دەستوەردانە دەرەکیەکان، پاراستنی زمان و کولتووری خۆمان. پێویستە پێکەوە لە هاوکاری پەیوەندیدا بین، چونکە پێکەوە بەهێزترین، ئەمەش ڕێگەی گەیشتن بە مافەکانمانە."