ئەرکان باش: پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکەین

سەرۆکی گشتی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) ئەرکان باش دەربارەی ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە، گوتی: "کەس گومانی نەبێت کە سۆسیالیستەکان پشتگیری لە تێکۆشانی ماف و ئازادی گەلی کورد دەکەن".

 سەرۆکی گشتی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) ئەرکان باش دەربارەی بڕیارەکانی کۆنگرە ١٢ هەمینی پەکەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات  (ANF)کرد.

ئەرکان باش ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ئەو ئارگۆمێنتانەی کە ساڵانێکە دەسەڵات وەک پاساوێک بۆ هێرشکردن بەکاری دەهێنا، چیتر نەماون، ڕایگەیاند هەموو پێشهات و هەنگاوەکان بە ئەرێنی دەبینین بۆ ئاشتی، گوتی: "لەگەڵ ئەم بڕیارانەدا، ئیتر ئەو ئارگۆمێنتانەی کە دەسەڵات ساڵانێکە کردوویەتی بە پاساو بۆ ڕەفتاری نادیموکراتیک و فشار و فاشیزم، بە فەرمی گرنگییان نەماوە، هەر خودی ئەم گۆڕانکارییە، زۆر گرنگە".

ئەرکان باش جەختی کردەوە دەبێت هەمووان بۆ مسۆگەرکردنی هیوای ئاشتی بە ئەرکی خۆیان هەستن، گوتی: "بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕ و پێکدادان، پووچەڵکردنەوەی پلانی هێزە ئیمپریالیستەکان و هاوکارەکانیان و نەهێشتنی هەموو ڕەفتارە نادیموکراتیکەکان بەرامبەر گەلی کورد، دەبێت بەرخۆدانی زیاتر بکەین".

ئەرکان باش دووپاتی کردەوە، ڕایگەیاند تێکۆشانی شۆڕش و سۆسیالیزم لە تورکیا پڕە لە نموونەی پاراستنی خوشک و برایەتی گەلانی کورد و تورک، گوتی: "وەک هەمیشە، ئەمڕۆش کەس گومانی نەبێت کە سۆسیالیستەکان پشتگیری لە تێکۆشانی ماف و ئازادی گەلی کورد دەکەن".

ئەرکان باش تیشکی خستەسەر سۆسیالیزم کە لەنێو ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە و گوتی:
"تاکە ڕێگەی دادپەروەری بۆ هەمووان، سۆسیالیزمە".