باخچەلی: ئاشتی و برایەتی سەردەکەون

سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی پاش بڕیاری کۆتایی هێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەکەکە، سوپاسی ڕێبەر ئاپۆ و دەم پارتی و شاندی ئیمراڵی کرد و گوتی: "مەشخەڵەکە داگیرسا، ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی سەردەکەوێت. ئەمڕۆ سیاسەت و دیموکراسی سەردەکەوێت".

باخچەلی لە ڕاگەیاندراوە نووسراوەکەدا گوتی: "دەبێت ژینگەی ئاشتی و ئاسایش بەردەوام و ڕاستەقینە بێت. ئەم وڵاتە هی هەموومانە، ئەمە بۆ هەموو کەسێک کە لەسەر ئەم وڵاتە دەژین، مەسەلەی شەرەف و شکۆیە".

مەشخەڵەکە داگیرسێندرا

باخچەلی ڕایگەیاند کە تورک و کورد هەردەم یەک و پێکەوەبوون، گوتی: "ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی سەردەکەوێت. ئەمڕۆ سیاسەت و دیموکراسی سەردەکەوێت. لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا، لە باشوور تا باکوور، میللەتی تورک سەردەکەوێت".  

باخچەلی سوپاسی هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ و سری سورەیا ئۆندەر و دەم پارتی و شاندی ئیمراڵی کرد، گوتی: "بەم بۆنەیەوە سری سورەیا ئۆندەر بە ڕێزەوە بیردەهێنمەوە کە ٣ ی ئایاری ٢٠٢٥ کۆچی دوایی کرد. سوپاسی سەرۆککۆمار دەکەم کە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆری کردە سیاسەتی دەوڵەت، هەڵوێست و نزیکایەتی فیداکارانەی پیشاندا، سوپاسی هاوکارانی دەکەم لە پارتەکە و دەوڵەت کە پشتگیربوون لە بنیاتنانی ئایندەیەکی بێ تیرۆر. سوپاسی ڕێبەری دامەزرێنەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم کە بە بانگەوازی ٢٧ ی شوبات بەرپرسیارێتی مێژوویی گرتەئەستۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. سوپاسی ئەو شاندانە دەکەم کە لەنێوان ئیمراڵی_دەم پارتی_قەندیل کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. سوپاسی هاوسەرۆک و بەڕێوەبەران و پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەکەم".