لە کەرکوک یادی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم بەرز ڕاگیرا
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی ٥١هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم بەرز ڕاگیرا.
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی ٥١هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم بەرز ڕاگیرا.
ژنە تێكۆشەری كورد لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی ھەژار و نیشتمانپەروەری كورد لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا، لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا خوێندویەتی، لەیلا كە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕژێمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستكردبوو.
ڕژیمی بەعس بەمەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد، ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی١٢/٥/١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستاندا بڵاو بۆوە، ھەروەھا ھەندێك لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە، بێگومان لەسێدارەدانی ژنە كوردێك بەدەستی ڕێژیمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیاكان بكەن.
دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران، لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و زۆری تر.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥، لە بارەگای یەکێتی کوردانی فەیلی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی (٥١)هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد شەهید لەیلا قاسم، لە مەڕاسیمێکدا یادی ئەو ژنە شۆرشگێرە کوردە کرایەوە.
جێگای باسە، لە مەڕاسیمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە، هەروەها کەسایەتی ووڵاتپارێز، رۆشنبیر، نوێنەری حزب و لایەن، ڕێکخراو و چالاکوانان ئامادەبوون، سەرەتای مەڕاسیمەکەش بە خوێندنەوە قورئانی پیرۆز و پاشان بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان لەسەر دەنگی سرودی نشتیمانی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێکرد.
'بەردەوام دەبین لەپێناو کورد و کوردایەتی'
نەسرەین محەمەد، بەرپرسی ئافرەتانی کوردی فەیلی لە کەرکوک، سەبارەت بە بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "لەیلا قاسم پێشەنگە بۆ ئێمەی ژنانی فەیلی لەسەر ڕێبازی ئەویش بەردەوام دەبین لەپێناو کورد و کوردایەتی، ئێمەش وەکو ئافرەتانی کوردانی فەیلی هەوڵمانداوە لەپێناو مافەکانی ژنانی فەیلی کاربکەین چونکە لەیلا قاسم لەپێناو مافەکانی کوردو ژنان تێکۆشانی کردووە و شەهیدبووە".
'ناسنامەی خۆمان دەپارێزین'
ئیسرا وەلید وەکو ژنێکی فەیلی، لە ٥١هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم، ڕایگەیاند: "داواکارم هەموو ژنانی کورد لەم یادەدا لەگەڵ ئێمەی ژنانی فەیلی بوەستنەوە، ئێمە وەکو ژنانی فەیلی شانازی بە ژنە تێکۆشەر شەهید لەیلا قاسم دەکەین، ئەو ژنە تێکۆشەرە لەسەر داکۆکی کردن لە ناسنامەو دۆزی ڕەوای گەلەکەی شەهید بوو ئێمەش لەسەر ڕێبازی شەهید لەیلا قاسم بەردەوام دەبین و ناسنامەی خۆمان وەکو کوردانی فەیلی دەپارێزین".
'یادی ئەو ژنە شەهیدە بەرز ڕادەگرین'
لەلای خۆیەوە حاجی داود ئەسعەد، سەرۆکی یەکێتی کوردانی فەیلی لە کەرکوک، سەبارەت بە بەرزاگرتنی یادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم، ووتی: "ئەمڕۆ (٥١)هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم دەکەینەوە، کە یەکەم ژنە کوردی فەیلی بوو دەستی رژێمی پێشووی بەعس، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی لە رۆژی ١٢ی ئایار لە سێدارەدرا، لەیلا قاسم لەسەر تێکۆشەری، کوردایەتی و فەیلی بوونی لەسێدارا درا، ، ئێمەی کوردانی فەیلی لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، لە شارەکانی، کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، خانقین و مەندەلی و بەغدا یادی ئەو ژنە شەهیدە بەرز ڕادەگرین".
'لەیلا قاسم وەکو ژنانی گەریلا و شەڕڤان لەپێناو گەلەکەی خەباتی کرد'
لە کۆتایی قسەکانیدا حاجی داود ئەسعەد، جەختی لەوەکردەوە: "وەکو کوردانی فەیلی شانازی بە شەهیدبوونی لەیلا قاسم دەکەین و سەربەرزییە بۆ هەموو کوردانی فەیلی لە جیهاندا کە خاوەن ژنە تێکۆشەرێکی شەهیدی وەکو لەیلا قاسم-ین، وە لەیلا قاسم خوشکی هەموو کوردێکی بە شەرەفە وەکو تەواوی ئەو گەریلا و شەڕڤانەی کە لە چیاکانی کوردستان و هەر چوارپارچەی کوردستان خەبات و تێکۆشان دەکەن لەپێناو ئازادی گەلەکەمان هەموویان خوشک و برای لەیلا قاسم-ن، لێرەوە پەیامێک ئاڕاستەی هەموو ژنانی تێکۆشەری کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەم، کە ئەوانیش وەکو شەهید لەیلا قاسم جێگای شانازین بۆ تەواوی گەلی کورد".