بە دیمەن

ئافرێنەر و ڕاگری کولتووری ئاپۆیی؛ ڕەزا ئاڵتوون

شوێن دەگۆڕێت، بەڵام ئامانج هەمیشەییە. ژیانی کۆچبەری ڕەزا ئاڵتوون کە بە ناچاریی کۆچبەرییەوە دەستی پێکرد و وەرچەرخایەسەر بژاردەیەکی بە زانا بوون، کۆتا وێستگەی ژیانی چیاکانی کوردستان بوو کە بەماناترین ژیان گوزارشتی لێکرد.

ڕەزا ئاڵتوون

لە کادرانی پێشەنگی پەکەکە، ڕەزا ئاڵتوون لە ساڵی ١٩٥٤دا لە گوندی کوچوکسۆبەچیمەنی قەیسەری-سارز لە دایک بوو. ئەم گوندە لە ٦٠ ماڵی کوردی عەلەوی پێکهات کە بە زازاکی قسەیان دەکرد، بە هۆکاری یاسای فیرقەی-ئیسڵاحی (سەرلەنوێ کۆنترۆڵکردنەوەی گۆڕەپانەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵ) کە لەسەدەی ١٩ـەمیندا عوسمانییەکانەوە ئامادەکرابوو، کۆچییان کرد، ناوچەیەکی داخرابوو کە لەگەڵ تورکە ئاڤشارییەکان لەسەر زەوییەکان شەڕیان کردبوو. ئاڵتوون شەش ساڵی تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەربرد. بەم هۆکارە جگە لە زازاکی هیچ زمانێکی دیکەی نەبیستبوو. دوای ئەوەی باوکی بەهۆی کێشەی دارایییەوە کۆچی ئەنقەرەی کرد، بنەماڵەکەیان لە ساڵی ١٩٦٠دا لە توزوولچایر جێگیر بوو.

ئاڵتوون بەهۆی خەریکبوون بە کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەوە قوتابخانەی سەرەتایی نەخوێند تا ئەوەی لەساڵی ١٩٧٤دا لەگەڵ شۆڕشگێراندا بجوڵێتەوە. لەو سەردەمەدا ئاڵتوون و بنەماڵەکەی لە توزلووچایر بەهۆکاری 'جیاوازی ئەتنیکی و باوەڕدارییەکەیان' توشتی هێرشی جیاکاری بوونەوە و لە دژی ئەو جیاکارییانە شەڕیان کرد. لە ساڵانی ١٩٧٠دا کاریگەریی تەڤگەرە شۆڕشگێڕییەکان لەسەر گەڕەکەکە بووە هۆکاری ئەوەی ئاڵتوون لە تەمەنی گەنجێتییەوە ئاشنای نەریتی شۆشگێڕێ ببێت و نزیکی بێتەوە. کاریگەری شۆڕگێڕی پێشەنگ، ئیبراهیم کایپاک‌کایە و حوسێن ئینان لە گەڕەکەکە، کودەتای ١٢ی ئادار، لەسێدارەدانی دەنیزان، تیرۆرکردنی ماهیر چایان؛ هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر گەڕەکی توزوولچایر دانا، کە بووە هۆکاری شەپۆلە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان. لە لە دایکبوونییەوە لە لایەکەوە لە ڕووی جیاکاری بەهۆکاری ناسنامەییەوە، لەلایەکی دیکەوە لە ناکۆکی لە پاراستندا، لە کۆتاییدا ئەوی گەیاند بە کۆمەڵایەتیبوونێک کە بەخۆیەوە بینی. بەم هۆکارە ئاڵتوون و تەواوی بنەماڵەکەی لەگەڵ تەڤگەرە شۆرشگێرییەکاندا یەکیانگرت و هەوڵیاندا ببنە بەشێک لەو کۆمەڵایەتی بوونە.

ئاشنابوون بە کەمال پیر

لەساڵانی دەستپێکی چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانییدا لەڕێگەی کۆمەڵەیەکی گەڕەکەکەیانەوە (THOK)ی ناسی. لەساڵی ١٩٧٤دا بە کەسایەتییەکانی وەک عەلی دۆغان یڵدرم، عەلی ڕەزا یڵدرم، حەسەن شەریک و دۆغان کلچکایە جوڵانەوەکانی خۆی دەستپێکرد. لەوکاتەدا کەمال پیر دەناسێت. لە هەموو هەنگاوێکییدا هاوڕێتی کەمال پیری کرد. هەمووکاتێک دەڕۆشتە ئەو ماڵەی کە کەمال پیری تێدابوو. لەوێ ئاشنای حەقی کارەر دەبێت. ڕووحی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێری لەو دوو شۆڕشگێڕەدا ناسی کە تا ئەوکاتە ناوی نەبوو. هەبوونی ڕێگەی ڕاستی ژیانی درووستی مرۆڤایەتی، بۆ دامەزراندنی شتی باش و جوان لە ژیانییدا بەهێزترین بنەڕەت بوو. بۆ ژیان و درێژەدانی هەبوونی ناسنامەی خۆی، سەرهەڵدێری و تێکۆشەری لەگەڵ چاندی شۆڕشگێڕییدا ئاوێتان کرد. بەم شێوەیە جێگەی خۆی لە نێو ئاپۆییە سەرەتاییەکاندا گرت کە لەزمانی هەموواندا بڵاوببوونەوە. دواتر ڕێبەر ئاپۆی ناسی و بەشداری گرووپ بوو. رەزا ئاڵتوون بەم شێوەیە سەرەتای پەیوەندی خۆی بەو ماڵەی لە دیلۆک بوو گێڕاوەتەوە:

" "دوای ڕۆیشتنی بۆ ئانتەپە، ئیدی پەیەوەندییەکانی تەنها مانەوە لەگەڵ کەمال پیردا نەمایەوە، دواتر خودی ڕێبەرایەتی دەستی بە هاتوچۆ کرد، هەڤاڵ جومعە و هەڤاڵ عەباس زۆرجار دەهاتن و دەچوون و گفتوگۆی چڕیان دەکرد، ئەوکاتەی کەمال پیرم ناسی، ناسنامەی خۆی بۆ ئاشکرا نەکردم، کە هەندێک کات گفتوگۆیەکی بەرفراوانی ناوخۆیی بوو. دواتر بڕیار لەسەر ڕێکخستنبوون درا. دواتر پەیوەندییە گشتییە شۆرشگێرییەکان زیاتر پەڕیەوە بۆ پەیەوەندییەکی سیستەماتیکی. زۆرجار ڕێبەرێتی بۆ کۆبوونەوەکان دەهات. دەیگوت: گەنجانی بەهێز و یەکگرتوو کۆبکەنەوە. ڕێبەرێتی لەو کاتەدا قسەی دەکرد و هەموو شتەکانی ڕوون دەکردەوە. بەردەوام کۆبوونەوەی ئەنجام دەدا. باسی داگیرکاری دەکرد. باسی مێژووی کوردستان و داگیرکارییەکانی کوردستان و تێگەیشتنی گشتی لە سۆسیالیزم و تێکۆشانی چەکداری کرد. کۆبوونەوەکان بەردەوام بوون. زۆربەی کۆبوونەوەکانی ڕ‌ێبەرێتیم لەبیرە. لەو کاتەدا هیچ کارێکی بەربڵاو بۆ ڕێکخستن و کاری جەماوەری نەبوو. لە گۆڕەپانەکە کراوەبوو، ئێمە کاریگەر بووین. ئەگەر بمانویستایە لەسەدا ٧٠ لەگەڵ ئێمەدا جوڵانەوە. بەڵام ڕ‌ێبەرێتی ڕازی نەبوو هەمووکەسێک بەشدارکەین، دەیگوت، 'مرۆڤە بە بڕیارەکان بهێنن."

ڕەزا ئاڵتون لە پێشەنگەکانی تێکۆشان دژ بە کاردانەوەی چەپەکانی تورکیا بوو لەو سەردەمەدا. بە دروشمی "کوردستان داگیرکراوە" و نووسینەکانی "بمرێ داگیرکاری" لە تێکۆشاندا بوو. گرنگ بارودۆخ و ئاستەنگیەکان نەبوو، بەڵکو گرنگ ئامانجەکە بوو. هەر لە تەمەنی گەنجیەوە بە لێهاتوویی لە لابردنی بەربەستەکان  و دیاری کردنی فاکتەرەکان سەرکەوتوو بوو.

یەکەم گەشتی بۆ کوردستان

ڕەزا ئاڵتۆن لە ساڵی ١٩٧٧ لە هەوڵێکدا بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی چووە دیلۆک. لەوێ لەگەڵ حەقی کارەر و کەماڵ پیر و مستەفا قەرەسو دەستی بە چالاکیی شۆڕشگێڕیی کردووە. ئەوان یەکەمین نوێنەری میراتی تێکۆشان بوون لەو کاتە زۆر زەحەتەدا. نەیانپرسی لە کوێ و چۆن و بە چ ئاسانکارییەک دەکرێت. تەنیا پشتیان بە باوەڕی دڵسۆزانەیان بوو بەو ڕاپەڕینەی دژی داگیرکاری دەستیان پێکردووە. ئاڵتۆن کە لە نێو ئەو گرووپە پێشەنگانەدا بوو کە چالاکانە لە چالاکییەکاندا بەشداربوون، سەبارەت بەو سەردەمە وەها دەڵێت:

"قەرەسو زیاتر لە نیزیپ کاری دەکرد، کرێکارانی سابونی بە ڕێکخستن دەکرد، کەماڵ پیر لە هاتو چۆدا بوو، دەچوو بۆ ڕحا و شوێنە جیاوازەکان، هەڤاڵ حەقی لەوێ دەمێنێتەوە. لەگەڵ هەڤاڵ حەقی لەوێ ماینەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەشداری چالاکییەکان بووم".

کاتێک حەقی کارەر لە دیلوک شەهید بوو، ڕەزا ئاڵتون کە بۆ چالاکییەکانی گرووپی ئاپۆیی لە شاری ئامەد بوو، لەوێوە دەچێتەوە دیلۆک. دواتر ڕەزا ئاڵتۆن گرنگی ئەم پڕۆسەیەی بەم شێوەیە باس دەکات: "شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی خاڵی وەرچەرخانی ئەم شۆڕشەیە، یەکەم: ئەو بیرۆکە و ڕێکخراوەی کە دەیویست گەشە بکات بە هەوڵی پێشەنگایەتی هەڤاڵ حەقی هاتە گەیشتە کوردستان و شوێنی خۆی لە ناوچەکەدا کردەوە، پێشکەوتن لە دێرسیم، ڕحا و ئێلح لە هەمان قۆناغدا دەستی پێکرد، ئێمە لە شاری ئامەد جێگیر بووین، ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی پەکەکە گەیشتبووە خاڵێکی وەرچەرخان. ئەو کاتەی کە ویستمان دەست بەکاری ڕێکخستنی بکەین و پێشبکەوین، ڕووبەڕووی بارودۆخی ئاڵۆز بووینەوە. بابەتیی یان فکری، مرۆڤ دەبێ فرەچەشنی هێزە دژبەرەکان لەبەر چاو بگرێت. هەندێک ڕەوت هەبوون، وەک بۆزان و محەمەد ئوزون کە هەمیشە خەڵکی ناو پارتیان بەلاڕیدا دەبرد. جگە لەوەش لە ئاستێکی جیاواز و لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا ڕێبازێکی چەپی تورکیش هەبوو. لە هەمان کاتدا دژی فاشیستە مەدەنییەکان بوون.

شەهیدکردنی هەڤاڵ حەقی لەلایەن پێنج پارچەکانەوە بوو. دەرکەوت کە تێکۆشان ئاسان نییە. ڕ‌ێبەرێتی دەڵێت بەم شەهادەتەوە بڕیاری نوێ درا. باشترین وەڵام بۆ شەهیدان گەشەپێدانی ڕێکخراوەییە. ئەمە هەمان بە پارتی بوونە. تا ئەو کاتە هیچ توندوتیژییەک بەکارنەهێنرا. توندوتیژی لە لایەن پەکەکەوە وەک بەرگریکردن لە خۆمان سەریهەڵدا. دوای ئەوە بزووتنەوەکە دەستی پێکرد. کۆکردنەوەی چەک لە ناو پەکەکەدا لەو بەروارەوە پەرەی سەند. بڕیارەکە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو پێنج پارچە درا. من هیچ پەیوەندییەکم بە ڕ‌ێبەرێتیەوە نەبوو، بەڵام من و کەماڵ پیر بڕیارمان دابوو کە لێپرسینەوە لەو گروپە پێنج پاڕچەیەدا بکەین. بۆ گەرەنتیکردنی حیزب پێویست بوو. ئەگەر ئێمە ئەم کارەمان نەکردبا چی ڕووی دەدا؟ هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی HK و KUK پشتگیری لە پێنج پارچە بکەن. شەڕ لە دیلوک بەم شێوەیە دەستی پێکرد. "تا ساڵی ١٩٨٠ قۆناغێکی بەرفراوانی شەڕ دەستی پێکرد."

شوێن دەگۆڕدرێت بەڵام ئامانج دەمێنێتەوە

یەکەمین خوڵقێنەری نەریتی ئاپۆیی بوون. نەریتی گەشتکردنە بۆ هەموو گۆشەیەکی کوردستان گەشتێکە بەرەو باشی و جوانی. لەوانەیە شوێنەکە بگۆڕدرێت، بەڵام ئامانج هەمیشە وەک خۆی دەمێنێەوە. وێستگەی داهاتوو شوێنێک بوو کە کەمێک لە ڕەگەکانی نزیکتر بوو. ئەمجارە هاوسەفەرەکەی جەمیل بایک بوو. لەگەڵ جەمیل بایک لە ئەلعەزیز تێکۆشانیان کردووە. لە مانگی نیسانی ١٩٧٨دا لە کاتی گەشتکردن لە ئامەدەوە بۆ ئەلعەزیز، لە ڕێگادا لە ڕووداوێکی ناو پاسدا قاچ و پەراسوی دەشکێ. بۆ ماوەیەکی زۆر ناچار بووە چارەسەری بۆ بکرێ. دوای چارەسەر گەڕاوەتەوە ئامەد و لەگەڵ حسێن ساری چیچەک، مستەفا یۆندەم، شاهین کلاڤوز، موزەفەر مۆغۆڵتاش و سوروچلو و بژی یوسف چالاکیی شۆڕشگێڕیی ئەنجام دەدات. لەم ماوەیەدا ئەو سەرکەوتنانەی کە لە دژی خەباتی ڕزگاریخوازی گەل و ڕێکخراوەکان نیشانیان دا، سەلماندی کە بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ئامەد سەردەکەوێت.

دوای دیلۆک ئەمجارە ڕەزا ئاڵتون لە ڕحا دەست بە تێکۆشان دەکات. لێرەدا لەگەڵ محەمەد قەرەسونگور ڕۆڵێکی گرنگی لە تێکۆشان دژ بە کاردانەوەکان بینی. لە هەمان کاتدا پرۆسەی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ئەلعەزیز دەستی پێکردبوو. بە خیانەتەکەی شاهین دۆنمەز، بەڵگەنامەکان ڕادەستی دەوڵەت کرا، لەناکاو بزووتنەوەی ئاپۆیی کرایە ئامانج. کادرە پێشەنگەکانی وەک مەزڵوم دۆغان و خەیری دورموش بە ڕێگەی ئەو زانیاریانەوە بە دیل گیران. ڕەزا ئاڵتون لەو کاتەدا یارمەتیدەری بەرپرسیاری ڕێکخراوەیی سەربازی، محەمەد قەرەسونگور بوو. هەروەها ڕەزا ئاڵتون لەگەڵ کادیرە پێشەنگەکانی ئەو سەردەمەدا لە تێکۆشانی سەربازیدا کە لە ڕحا بەڕێوەچوو بەشداریی کرد.

ئاڵتۆن لە ساڵی ١٩٧٩ لە شاری ڕحا بەدیل دەگیڕدرێت و دەخرێتە زیندانەوە. هەتا ساڵی ١٩٩١بەو ئیرادەیەی لە گرنگترین ساتەکانی بەرخۆدانی زینداندا نیشانیدا، بوو بە کەسایەتییەکی بەرچاو. بەرەنگاری ئەو هەلومەرجە ترسناکە بووەوە کە مرۆڤایەتی لەبەرامبەریدا بێدەنگ بوو. ئەم بەرخۆدانەی نەک تەنها بە جەستە، بەڵکو بە بەرخۆدانێکی فکری و مەعنەویی ڕێگریی لەو مەبەستەی داگیرکەران کرد کە دەیانویست بە ئەنجامی بگەیەنن؛ بە هێز و ئیرادەیەکی بەرزەوە بەرەنگاریان بووەوە، ڕاستە شوێنەکە گۆڕاو بوو، بەڵام ئامانجەکە وەک خۆی بەردەوام بوو. ئەو توانی خۆی لەگەڵ ئەو بارودۆخانەدا بگونجێنێت تا ئەو ڕادەیەی کە ئامادەبوو بۆ هەتا هەتایە لە زیندان بمێنێتەوە. بەو پێیەی کە هەرگیز بڕوای نەدەکرد ڕۆژێ ڕزگاری دەبێت، ئەو ڕۆژانە بەم شێوەیە باس دەکات:

دادگاییکردنێک بەڕێوەچوو. بڕیار بوو ئەو ڕۆژە لەبارەی حیزبەوە من پەروەردەیەک بدەم. وتم: چ دادگایەک؟ نایەم. من ئامادەی دادگایی نیم. من پەروەردەی هاوڕێکانم دەکەم. بەڵام هاوڕێکانی تر ڕۆیشتن. منیش چووم پەروەردەکەم بڵێمەوە.

لە ژووری ٣٥ی زیندان نانی نیوەڕۆم دەخوارد و لە بەرامبەرمدا گوندی وڵاتپارێزانێک کە لە جزیرەوە هێنرابوون و هاوڕێکانمان لەوێ بوون. هەروەها گوتم هاوڕێکانم ئێستا لە دادگا دێنەوە و ئەوەی من لەگەڵیانم کرد لەگەڵم دەکەن و دەڵێن ڕەزا تۆ ئازادی. جلەکانت ئامادە بکە، دەچیتە دەرەوە. من ئەمەم باس کرد و نیو کاتژمێر تێپەڕی. هەڤاڵ یڵماز ئوزون و هەڤاڵێکی دیکە بەخێرایی هاتنە ژوورەوە و گوتیان تۆ ئازاد کرایت. هەموومان پێکەوە پێکەنین. وتم: "بەڵام سەیرکە من چۆن ئەم کەسانە دەناسم. ئایا پێم نەوتیت کە دێن و پێم دەڵێن کە تۆ ئازاد کرایت؟'' گوتیان؛ نەخێر، بەڕاستی تۆ ئازاد کراویت. گوتم: "واز لە گاڵتە بێنن. ئێمە کارمان ماوە بیکەین."

هێشتا باوەڕ ناکەم. من دەڵێم کە وادیارە هەڤاڵان بە پاسەوانەکانیان گوتوە بەم شێوەیە بیڵێن. چونکە زۆر گاڵتەی لەم شێوەیە لەگەڵ هەڤاڵان کردووە. خۆم بەخۆم دەمگوت کە ئەگەر ئەمە گاڵتەیەک بێت، ناتوانم لەم کارە دەربچم، بەڵام لە لایەکی تر، ئەگەری راست بوونی هەیە. چوم و وتم: "بەڵام سەیرکە هەڤاڵ، ئەمە چیتر گاڵتە نییە." سوێندم خوارد. بە ترسێکەوە چوم بە ناو قاووشەکاندا گەڕام، کەس باوەڕ نەکات، بەڵام دەبینم کە زۆر هەڤاڵ دەگرین. بەرپرسیارم و ناوێکیشم هەیە. هەندێک دەگرین، هەندێکیش دڵخۆش دەبن. بارودۆخێکی زۆر سەیر ڕوویدا. بەهەرحاڵ، بەو بازنەیاندا گەڕام. لەبارەی ئەوەی کە بچمە ناو پارتییەوە، بەڵێنم دا. چومە هەموو قاووشەکان گەڕام و بەڵێنم دا. کاتێک چومە قاووشی ٣٥هەمین، لەوێ هەڤاڵ فازڵ هەبوو، چوم و چوومە ناو بازنەکەوە، قسەم کرد و بینیم کە زۆر هەڤاڵ دەگرین. کاتێک بینیم هەڤاڵان دەگرین، باوەڕم کرد. پاشان پاسەوانەکە هات و گوتی بانگت دەکەن. چوم و گوتیان کە تۆ ئازاد بووی. هاتن و ئێمە ڕێگەی دەرەوەمان گرت و لە دەرگاکە دەرچوومبە هیچ شێوەیەک بیرم لە ژیانی دەرەوە نەکردبووە. لە زیندان ئەمەم وەک پرەنسیپێک سەرەکی گرتبوو. واتا هەموو ژیانم لە زیندان دروست کردبوو. بەڕاستی زیندان جیهانی من بوو. دەروونی من و ڕووداوەکان ئەمەیان پێویست کرد. پێش ئەوەی سەربازەکان بیانھێنن بۆ ناوەندی سەربازی، سوێند دەخۆم کە ویستم بەرەو ناوەوە ڕابکەم. بارودۆخێکی زۆر سەیر بوو. من زۆر سەرم سوڕما بوو. لەو کاتەدا زۆر هەستیار بووم و ویستم دووبارە بچمەوە ناوەوە.

دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەرێتی

پەیوەست بەو بەڵێنەی بەخۆی دایی و بە هەڤالانی دا لە زیندان مامەڵە دەکات. شوێنی تێکۆشانی جارێکی دیکە گۆڕا. دوای ئەوەی ڕەزا ئالتون لە ساڵی ١٩٩٢ ئازادکرا، لەگەڵ موستەفا قەرەسوو ڕوویان لە گۆڕەپانی ڕێبەرێتی کرد. ئەوکەسانەی بەشداری ئەم ڕێپێوانەی ئاپۆچییەکانی توزلۆچاییر بوون، کۆمەڵگەیبوون لە دەوری ئەو گەورەتر بوو.

 ئاڵتون بەم شێوەیە باسی ئەو سەردەمە دەکات: "چووم بۆلای ڕێبەرێتی-ڕێبەرێتی لە حەلەب بوو، لە بینایەکی سێ چوار نهۆمی ماینەوە. کاتێک چووین، بەرەو پێشەوەمان هات و لەبەردەرگادا پێشوازی لێکردین. زۆر دڵخۆشبوو بە هاتنمان. پێکەنی و گوتی: 'تێپەڕبوونتان لە سنوریش زۆر گرنگە بۆم.' بێگومان زۆر نیگەرانابم. ڕێبەرێتی مانایەکی جیاوازی لە شێوازی هاتنماندا دەبینی. دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لە حەلەب ماینەوە، دەربازی دیمەشقبووین. ڕێبەرێتی من و هەڤاڵ موستەفا قەرەسوی میوانداری ماڵەکەی کرد. قەرەسوو پاشان ڕووی لە ئەوروپا کرد، بەڵام ماوەیەکی زۆر لەوێ مامەوە. تاوەکو دەربازی ئێران ببم لەوێ مامەوە. لەوێ بەشدارم زۆر تێکۆشان بووم. ڕاستەوخۆ بەشدارم بوو لە تێکۆشان. بە تایبەتیش بەشداریم کرد لە کارە دیپلۆماسییەکان.

ئەو کاتە زۆرم خوێند لەوێ. واتا لە چوارچێوەی پێکهاتەی نوێی ڕێکخستندا، زۆرم خوێند. ئەوە چیرۆکێکی زۆر درێژە. ئەو کاتە سەرم سوڕما بوو لەم نزیکبوونەوەی ڕێبەرێتی. ڕێبەرێتی دەیبردم بۆ هەموو چاوپێکەوتنە دیپلۆماسییەکان. هەروەها بەشداری هەموو چاوپێکەوتنەکانم کردووە لەگەڵ پەدەکە و یەنەکە. بووم بە گواهیدەری هەموو ئاگربەست و کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکان. بەشداری هەموویانم کردبوو، زۆر جاریش بە ناوی ڕێبەرتی بەشدار بووم لە تێکۆشانی بەمجۆرە. ئەزموونی گەورە هەبوو. لەو پڕۆسەیەدا زۆر کتێبم خوێندنەوە. هەروەها ڕێبەرێتی ڕۆژانە دوو سێ کاتژمێر لەگەڵم قسەی دەکرد. بۆ ئامادەکاری، ئەو بۆ من سەردەمێکی زۆر باشبوو.

مەرجی سەرەکی ئازادی چیایە

ڕەزا ئاڵتون دواتر بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەشداری لە تێکۆشانە دیپلۆماسییەکان کرد و بەرپرسیارێتی گۆڕەپانەکانی گەریلاییشی گرتە ئەستۆ. ئالتون تا ساڵی ٢٠٠١ لە زۆر ناوچەی کوردستان تێکۆشانی بەڕێوەبرد و بە تایبەتی لە کۆنگرەی شەشەمی پەکەکە لە سەردەمی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا.

ڕەزا ئاڵتون لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژیانی لە شاخەکان ئەمە دەڵێت:

 "بەڵێ ئەوە بوارێکە کە دەتوانین گوزارشت لە ئازادی خۆمان بکەین. نابێت بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە بە کەم سەیر بکرێت. بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت شۆڕشگێڕ بێت لەناو کۆمەڵگەیەکدا، بەڵام بە شێوەیەک ئازاد نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا چیاکان ئەم دەرفەتە بە مرۆڤ دەبەخشن. بە واتایەکی تر گۆڕەپانێکی زۆر ئازادە. لە لایەکی دیکەوە سەرکەوتووترین گۆڕەپانی تێکۆشانمانە. بە واتایەکی تر پێویستە هەم بۆ ژیان و هەم بۆ پاراستنی ئازادی، و بۆ بەردەوامیدان. تێکۆشانی ئازادی چیا مەرجی سەرەکی تێکۆشانی ئازادییە.

وە ئەمە ماوەیەکی کەم نییە، لەماوەی ٣٠-٣٥ ساڵدا چیاکان گۆڕەپانی سەرەکییەکانی ئازادیین، هەڵگری مانای جیاواز بووە بۆ مرۆڤ و بووەتە شێوازێکی سەرەکی ژیان بۆ مرۆڤ. بێگومان پێویست ناکات بە درێژی باسی کاریگەرییە جیاوازەکانی بکەین. بە پشت بەستن بە قسەکانی من چیاکان بۆ ئێمە زۆر گرنگن و گۆڕەپانی سەرەکی ژیانن.

ساڵی ٢٠٠١ ڕووی لە ئەوروپا کرد. کاتێک لە ئەوروپا کاری دەکرد، بوو بە میوانی ماڵی کوردان. کە دەچووە هەر شوێنێک بە زیرەکی و شێوازە کاریگەرەکەی، پەیوەندییەکی بەهێزی گەل و ئاپۆیی دروست دەکرد. لە ناوەندی سەرمایەداریشدا، وای لە هەر گەنج و ژنێک کرد کە پەیوەندی لەگەڵ ئەم نرخانەدا ببینێت. پەیوەندی لەگەڵ کەسانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دروست دەکرد. بە ئەزموونەکانی لە گۆڕەپانە جیاوازەکان تێکۆشانی دەکرد، بە بیرۆکە تایبەت و بێوێنەکەی، بە شارەزایی لەسەر هەڵسەنگاندنی سۆسۆلۆژیای کۆمەڵگە، و بە شێوازە قایلکەرەکەی، بوو بە شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە و سەرنجڕاکێش پاک.

 ڕەزا ئاڵتون ساڵی ٢٠٠٧ جارێکی تر گەڕایەوە بۆ گۆڕەپانی کوردستان. لە گۆڕەپانی گەریلایشدا بەشداری لە کارە دیپلۆماسی و پەروەردەییەکان کرد. ڕەزا ئاڵتون لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٩ شەهید بوو.

شوێن دەگۆڕێت، بەڵام ئامانج هەمیشەییە. ژیانی کۆچبەری ڕەزا ئاڵتوون کە بە ناچاریی کۆچبەرییەوە دەستی پێکرد و وەرچەرخایەسەر بژاردەیەکی بە زانابوون، کۆتای وێستگەی چیاکانی کوردستان بوو کە بەماناترین ژیان گوزارشتی لێکرد.لە هەر ناوچەیەک کە تێدابووبێت، لە هەر شوێن و کەسێکدا وەک ئامانجەکەی؛ لە دڵ و مێشکدا، لە قسە و چالاکییدا ڕوونە، هەمیشەییە."