بافڵ تاڵەبانی: پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە دەکەین

سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی دەربارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) بافڵ تاڵەبانی دەربارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە، گوتی: "بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتایی هێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەکەکە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین".

هەروەها لە درێژەدا گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پڕۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پڕۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە

ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیجی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پڕۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە".

بافڵ تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە، چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد تاکە ڕێگەی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەڵێت: "هیوام سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت".