پارتی چەپی ئەڵمانیا: پەکەکە هەنگاوێکی مێژوویی نا، دەبێت ئۆجالان ئازادبکرێت

پەرلەمانتار جانسو ئۆزدەمیر لە هەژماری فەرمی فراکسیۆنی پەرلەمانی پارتی چەپی ئەڵمانیا لە میدیای دیجیتاڵ، دەربارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "پەکەکە هەنگاوێکی مێژوویی نا".

پەیامەکەی پارتی چەپی ئەڵمانیا (Die Linke) بەم جۆرەیە: "پەکەکە هەنگاوێکی مێژوویی نا و لەژێر هەلومەرجی دژواردا دەرگای پرۆسەی ئاشتی کردەوە. ئێستە نۆرەی حکومەتی تورکیایە: پرۆسەی ئاشتی تەنها دەتوانرێت لەژێر هەلومەرجی یەکسان و مافی یەکساندا بێتەدی.

بۆیە، دەبێت ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان وەک هاوبەشی دیالۆگی ڕاستەوخۆ بەشێوەی یاسایی مسۆگەربکرێت. ئەمە هاوکات مانای ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنانە بە توندوتیژیی سەربازیی سوپای تورک.

ئێستە حکومەتی ئەڵمانیا دەتوانێت ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت و دەبێت پشتگیری بکات لەم دەرفەتە مێژووییە بۆ ئاشتی و دیموکراسی. دەبێت وەک هەنگاوی یەکەم ئەڵمانیا کۆتایی بە تاوانبارکردنی کوردان بهێنێت کە پشت دەبەستێت بە بڕیاری قەدەغەکردنی پەکەکە، وە دەبێت ناردنی چەک بۆ تورکیا ڕابگرێت".