بە دیمەن

دکتۆر یادگار عەلی: بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆسەپێنی بهێنین پێویستە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین

لەگەڵ هێرشەکانى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ئاڵۆزی دۆخی باشووری کوردستان، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستانیش نزیکە، چاودێری سیاسی یادگاری عەلی دەڵێت: "پێویستە دەنگ بەو لایەن بدرێت کۆتایی بە تەنگەژە ئابوورییەکان و خۆسەپێنی پەدەکە دەهێنێت."

بڕیارە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت و چەندین لیست و هاوپەیمانیش کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمان کە بەسەر چوار بازنەدا دابەش دەبن، شارەزایانیش پێیان وایە بەشێک لەو لیست و پارتانەی بەشداری هەڵبژاردنەکانن لەبەرەی خیانەتن و دەبێت دەنگ بە کاندیدی وڵات پارێز بدرێت، لەوبارەیەوە چاودێری سیاسی یادگار عەلی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

لە سەرەتایی قسەکانییدا یادگار عەلی باسی لەوەکرد لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵیک قەیران و دۆخی سەختدا تێپەر دەبێت و دوا: "هەموو ئەو قەیرانە کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە زادەی ئەو حکومەڕانییەیە کە لە ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، بەداخەوە لێکەوتەی خراپی لەسەر کۆمەڵگە کەمان جێهێشتووە.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئابووری و دارییەوە تەماشای بکەین دەبین ئێمە بووین بە پاشکۆی ئێراق، دەبێت چاوەڕوانی حکومەتی ئێراق بین کە موچە و نەوت، دەرمانمان بۆ بنێرێت. لە ڕووی دارییەوە دۆخی فەرمانبەران خراپە و هەلی کار بۆ گەنجان فەراهەم ناکرێت.

لە ڕووی سیاسیەوە دەبینین گوشارێکی زۆر لە سەر هەرێمی کوردستان هەیە کە وڵاتێکی وەکو تورکیا دەستوەردانی زۆر دەکات لە کار و باری سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. تورکیا داگیرکاری و ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدات. ئەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئالۆزدایە، زۆربەی دامەزراوەکان لاوازکراون لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی نەکراوە. لایەنیکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات و کێشەی بۆ دروست کردووە.

سەرباری ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) بەشێکە لە دەسەڵات بەڵام یەکێتی پێی وایە هاوبەشی ڕاستیی نییە، بەڵکو پارتی (پەدەکە) دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی دامەزراوەکان و پەرلەماندا سەپاندووە. هەربۆیە ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی کە ڕووبەرووی هەرێمی کورستان بووەتەوە هۆکارەکە بۆ ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتی پارتی (پەدەکە) دەیگەڕێنمەوە.

تەنانەت پارتی (پەدەکە) نەیتوانیووە ڕاستگۆبێت لەگەڵ هاوبەشەکەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە بۆیە یەکێتی دەڵیت کۆتایی بە خۆسەپینین دێنین، خۆسەپێنی چیە؟ پەرلەمان هەرکات بیەوێت دەیکاتەوە و هەرکاتیس بیەوێت دایدەخات، هەرکات ویستی بوو لەگەڵ بەغداد ئاشتی ئەنجام دەدات و ویستی نەما ئاشتیش نامێنێت. هەربۆیە ناکرێت حیزبێکی سیاسی یاری بە چارەنووسی میللەتێک بکات."

'بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆسەپێنی بێنین پیویستە بەشداری هەڵبژاردنەکان ببین'

وتیشی: "لەپاش شەش مانگ لە گەڕانەوەی بڕیاری تەوتین کردنی موچەی فەرمانبەران کە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام پارتی (پەدەکە) تاوەکو ئیستا ئامادەنەبووە ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بکات لە بەرانبەردا (هەژماری من)ی دروستکردووە کە بە تەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی.

لە ڕووە سیاسیەکەشەوە ئەتوانین بڵێن ئەم حیزبە چۆنی بوێت بڕیار دەدات و ملاملانێ دروست دەکات، بەرانبەر دەنگی ئازاد دەستێتەوە. بیرناکاتەوە لە پرسە نەتەوەییەکان لە ڕاستییدا. یانی ئەم حیزبە پێی وایە هەرێمی کوردستان هی ئەوە لە کاتێکدا نابێت شتی وا چونکە ئیمە پەرلەمانمان هەیە.

لە ڕاستییدا دەبێت بڕیارەکان بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمانیش شەرعییەتی هەبێت ڕەنگدانەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت. بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەوەنەکراوە بۆچی نەکراوە لەبەر ئەوەی بە ناوی سیستەمی هەڵبژاردنەوە کە پێشتر سیستەمێکی زۆر خراپبوو کە پارتی (پەدەکە) دایهێنابوو. بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆسەپێنی بێنین پیویستە بەشداری هەڵبژاردنەکان ببین."

'ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتی دەستوەردان و ساختەکردنی نییە'

لە درێژەیی قسەکانییدا یادگار عەلی باسی لەوەکرد کە لە ئیستادا بۆ ئەوەی ئەم هاوکێشە خوار و خێچەی کە بوونی هەیە بیگۆڕین پیویستە دەنگبدەین گەر نا ڕاستکردنەوەی ئاسان نییە. گوتی: "دەرفەتێکی زۆر گرنگ لە پێشمانە و دادگای فیدڕاڵی ئێراقیش بڕیاریی داوە کە سیستەمی هەڵبژاردن بە شێوەی فرە بازنەی بەڕێووە بچێت کە ئەم بڕیارەش زۆر گرنگە، لەمەش گرنگتر ڕێکخستنەوەی کورسی کۆتاکانە کە لە ماوەی ڕابردوودا زۆر کێشەبوون لە بەردەم هەر هەنگاوێکدا بۆ چاکسازی و بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.

هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی وایکردووە کۆمیسینۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات. گرنگی ئەمە لە وەدایە بواری دەست وەردان و ساختەکردنی کەم کردۆتەوە. واتا ئێستا ئێمە زەمینەیەکی زۆر باشمان هەیە تەنها بەشداری کردنی خەڵکی کوردستان بە دروستی و دەنگدان بەو حیزب و لایەنەی کە بتوانێت ئەو هاوکێشەیە ڕاست بکاتەوە.

هەربۆیە گرنگە خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان ببێت بە شێوەیەکی هۆشیارانە دەنگبدات بەو لایەنەی کە دەتوانێت کۆتایی بەخۆسەپێنێ بێنێت. وە لە کاتی دەنگدان هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەوەی بزانێت کام لایەن ئەتوانێت کۆتایی بەقەیران و تەنگژەکانی هەرێمی کوردستان بهێنێت."

'بەشێکی زۆری پارێزگای دهۆک تنراوە بە سەرباز و بازگەی تورکی'

هەروەها دکتۆر یادگار عەلی ئاماژەی بەوەشکرد هێزێکی وەکو پەدەکە وەک پێشتر دەنگ ناهێنیت، بەمجۆرە بەردەوامبوو: "ئێمە وتارەکانی سەرۆکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) بافل تاڵەبانی دەبین کە زۆر بە ئاشکرا بە پارتی (پەدەکە) دەڵێت خاکفرۆش، بەشێکی زۆری پارێزگای دهۆک بەداخەوە تەنراوە بە سەربازی تورک و بازگەی تورکی.

ڕۆژانە ئەمانە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاوڵاتی ئێمە شەهید دەکەن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان شەهید دەکەن، ئارامی و ئاسایشی ئێمە دەخنە مەترسییەوە. ئەمە مانای وایە ئیمە دەسەڵاتێکمان نییە ئەم کیانە بپارێزێت، دەسەڵاتێکی نیشتیمانی وامان نییە گیانی هاوڵاتیانی خۆی بەلاوە گرنگ بێت.

ئەگەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان گیانی هاولاتیانی بەلاوە گرنگە ئەو هەنگاوە چیە کە بەرانبەر تورکیا نایبێت؟ لە ئاستی ئێراق چیکردووە؟ لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان چیکردووە؟ لە بەرانبەر ئەم هەموو پێشێل کاریی و بێحورمەتییەی تورکیا کە بەرانبەر کوردستان و خەڵکی کوردستان دەیکات، چی کراوە هیچ نەکراوە!. ڕۆژانە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکرێت بەیاننامەیەکی نییە و ئیدانەشی ناکات، واتا ئێمە کێشەی گەورەمان لە حکومڕانی هەیە و پێویستی بە چاکسازی هەیە. ئەو هێزەی کە دەسەڵاتی بە دەستە پارتی (پەدەکە)یە ئەبێت بە هەڵبژاردن بگۆردرێت."

'هەندێک لایەن دەترسن هەوڵدەدەن هەڵبژاردن بەڕێوە نەچێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا یادگار عەلی باسی لەوەکرد پەدەکە ترساوە لە هەڵبژاردن بۆیە چەواشەکاری دروست دەکات، وتی: "پارتی (پەدەکە) ئەگەر بیزانیایە دۆخی باشە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەوا چەواشەکاری نەدەکرد ئەو نامە دەنگیانەی دروست نەدەکرد. پێشتر پارتی (پەدەکە) لایەنەکانی تر تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە هەڵبژاردن دوادەخەن و هەندێک شتی تر چونکە ئەوکاتە هەموو شتێک لە بەرژەندی خۆیبوون. دەنگی مردوان هەبوو، دەنگی ئاوارەکان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەمانە هیچیان نەماون.

پارتی (پەدەکە) ترسێکی زۆری هەیە بەشێکی ترسەکانی ئەو چاکسازیانەیە کە کراوە لە سیستەمی هەڵبژاردن کراوە. بەشێکی تری ترسەکانی یەکگرتووی یەکێتییە (یەنەکە) چونکە ئێستا ئەو یەکێتیییەی پێشتر نییە لە ئێستادا یەکگرتوو، یەک دەست و یەک بڕیارە تەنها یەک کەس بڕیار دەرە ئەویش سەرۆکی حیزبەکەیە.

هەندێک لایەن دەترسن هەوڵدەدەن هەڵبژاردن بەڕێوە نەچێت، پێیان خۆشە دۆخی ئێراق تێکبچێت، پشێوی دروست ببێت بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت. ئەوەی کە ماوەتەوە خەڵکی کوردستانە هیوادارین بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، بە هۆشیارییەوە بەشداربن کۆتایی بەم حکومڕانییە بینین چونکە ئەم جۆرە لە حکومڕانی بەکەڵکی ئەم سەردەمە نایەت."