کەجەکە: هەر چالاکییەکی گەلی کوردی بەرخودێر وەکو رۆژوو خێرە

کەجەکە رایگەیاند، بەگوێرەی ئیسلام ئەو کارانەی لە ئاستی ڕۆژوودا ئەنجام دەدرێن خێرەکەیان گەورەیە. دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان ئیسلام بەکار دێنێ و نکوڵی لە راستی و حەقیقەتی گەلەکەمان دەکات، بۆیە هەر چالاکییەکی ئەو کوردانەی لە دژی هێرشەکان بەرخۆدان دەکەن، ڕۆژووە.

 کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کەجەکە، بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "وەکچۆن موشریکە مەککەییەکان سەرەتا باوەڕی موسڵمانەکانیان رەتکردەوە و زوڵمیان لێکردن دەوڵەتی تورکی قڕکەریش بەهەمان شێوە هێرشی سەر کورد دەکات. گەلی کورد لەناو هێرشێکی لەو شێوەیەدا دەست بە ڕەمەزانی ئەمساڵ دەکات. هەزاران رۆڵەی کورد لە دژی ئەو زوڵم و نکۆڵیلێکردنە چەندین مانگە بە مانگرتن بەرخۆدان دەکەن. هەفتەیەکیشە ١٥ گەنجی کورد دەستیان بە ڕۆژووی مردن کردووە. دایکانی کورد کە دەنگی ویژدان و ئاکارن و ئەوەش ئەمری هەموو دینەکانە، لەگەڵ ڕۆڵەکانیان لە مانگرتن و بەرخوداندان.

وەکو دەزانرێت لە قورئانیشدا بەڕۆژووبوونی کەسێک پاراستنی نامووس و کەرامەتیەتی، بەهاکانی وڵات و ناسنامەش لەناو چوارچێوەی سنووری نامووس دان. پاراستنی هەموو ئەوانە لەناو هەمان ئایەتدا ئەمری پێ کراوە. ئاماژە بەوەکراوە و بۆ ئەو کەسانەی کە بەپێی ئەو ئەمرە ڕەفتار دەکەن، لێبوردنێک و دیارییەکی گەورە ئامادەکراوە. بەگوێرەی ئیسلام ئەو کارانەی وەکو ڕۆژوو ئەنجام دەدرێن خێرەکانیان گەورەیە. دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان ئیسلام بەکاردێنێ. نکۆڵی لە حەقیقەتی گەلەکەمان دەکات و هێرش دەکات. بۆیە هەر چالاکییەکی ئەو کوردانە، کە لەدژی ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەکەن، ڕۆژووە و هێندەی ڕۆژوو خێری خۆی هەیە. بەهۆی ئەو پێوەرە ئیسلامییەوە، مانگی ڕەمەزان پێش هەموویان بۆ گەلی کورد لە باکوری کوردستان، بۆ هەموو کوردانی موسڵمان بە بەرپرسیاریەتییەکەی گەورە دەستیپێکردووە".

کەجەکە لە دژی هێرش بۆسەر دایکانی کورد، لەدژی بێڕێزیکردن بەرامبەر گەلی کورد، داوای کرد کە لە ڕەمەزاندا تێکۆشانی گەلی کورد لە دژی دەوڵەتی تورکی زاڵم مەزنتر بکرێت.

کەجەکە ئاماژەشی بەوەکرد، بۆ ئەو کوردستانیانەی کە ئەرکیان پاراستنی ئابڕوو و ناموسە عیبادەت بە بەرخۆدان دەبێت، بۆیە خێرەکەشی گەورەترە. کەجەکە راشیگەیاند: "چونکە بۆ موسڵمانێک ڕووبەڕووی هێرش و لەناوچوون دەبێتەوە، بەرخۆدان عیبادەتە".

هەر سەرفیترە و زەکاتێک بدرێت بە دامەزراوەکانی دەوڵەتى تورک دەبێتە بۆمب بۆ سەر گەلی کورد

کەجەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو سەرفیترە و زەکاتانەی کە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتى تورک بدرێت، یان بەو دامەزراوانە بدرێن، کە پەیوەندییان بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە هەیە، بە پێی ئیسلام هیچ خێرێکیان نییە.

کەجەکە راشیگەیاند: "چونکە ئەوەی ئێوە دەیدەن بەو دامەزاروانە، دەبنە فیشەک، گاز و بۆمب و بەسەر سەری خۆتانیاندا دەبارێنەوە. بەبۆنەی ڕەمەزانەوە ئێمە داوالە گەلی موسڵمانی خۆمان لە باکور و دەورەی وڵات دەکەین کە نەچنە مزگەوتەکانی سەر بە دەزگاى دیانەتى تورک. لە مزگەوتەکانی دەزگاى دیانەتى تورک دا جگە لە نکۆڵی، درۆ، فیتنە، بوختان، فەسادی، داوای کۆمەڵکوژکردنى گەلی کورد و دوڕوویی لە دژی گەلی کورد شتێکی دیکە نییە. هەموو ڕۆژێ بێڕێزیی بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەییتان، هەستە ئاینییەکانتان، بەها ویژدانیەکانتان دەکەن و لە کەسایەتی ئێوەدا نکۆڵی لە ئایەتەکان دەکەن، بۆیە مەچنە ئەو مزگەوتانە. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەگەر ئێوە نوێژەکانتان لە ماڵەکانی خۆتان، لە گەڕەکەکانی خۆتان، لە ناوچەی خۆتان بکەن زۆر خێری زۆرترە. خێری زۆرترە کە ئێوە خوانی بەربانگیشتان بەهەمان هەست و فیکر بڕازێننەوە و بەڕێوەى ببەن.

گەلی باشوور دەبێت بە رۆحی شێلادزێ-وە دەست بە ڕەمەزان بکات

ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم ڕەمەزانە ئێوە قسەکانی خۆتان، وەعز و خوتبەکانتان لەبارەی بیر و هۆشمەندیى و هەستی یەکێتیی نەتەوەیی دیمکراتیکەوە دەبێت. دەمانەوێت جارێکی دیکە بەبیرتان بهێنینەوە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەر، بە پشتگیریی گرنگی ئابووری، سەربازی و هەواڵگری، کە لە باشووری کوردستانەوە وەریدەگرێت، لە باکور و هەرچوار پارچەی کوردستان هێرش لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورک کە دوژمنی کوردە، لە ڕێگای هاوکاریی ماددیی خۆیەوە، رەنج و مافی گەلەکەمان لە باشوور دەدزێ و وەکو ڕژێمی بەعس هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان لە باشوور و پارچەکانی دیکە. وڵاتپارێزی، ئایین، ئەخەلاق و ئیمان و ویژدان ئەوەى لێمان دەوێت، کە لە دژی ئەو هێرشە داگیرکارییانە ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر بە ڕێکخستنی و بەهێز و بەهەڵوێست ڕەفتار بکەین. ئێمە لەو باوەڕە داین کە بە رۆحی شێلادزێ، ئێوە ئەم ڕەمەزانە دەکەنە ڕێکارێکی بەرخۆدانێکى هاوشێوەتان لە دژی ڕژێمی بەعس، بەڵام ئەمجارەیان لە دژی کۆماری تورکیاى داگیرکەر.

گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لەژێر گوشاری ڕژێمدان و لەبەر ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە، لەناو هەلومەرجێکی قورسدا دەست بە ڕەمەزانی ئەمساڵ دەکەن. گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن. ئێمە لەو باوەڕەداین کە لە ڕەمەزانی ئەمساڵدا باوەڕ و پشتگیریکردنی یەکتر بەهێزتر دەکەن و هاوکاریی لێقەوماوان دەکەن.

گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و باکووری سوریا وەک ساڵی ڕابردوو لە دۆخێکی ئەرێنیدا دەست بە ڕەمەزانی ئەمساڵ دەکات. هەڕەشە و هێرشی کۆمارى تورکیاى قڕکە و پاکتاوکار لەدژی  گەلەکەمان لەو هەرێمەدا بەردەوامیى هەیە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە بەپێی ساڵانی ڕابردوو ئێوە زیاتر لە دەوری تێکۆشان و ئەو فکرەی کە ئەو دۆخە ئەرێنیەی وەدیهێناوە کۆ دەببنەوە. ئێمە بانگ لە گەلی خۆمان دەکەین، کە هۆشیاریی نەتەوەی دیموکراتیکی خۆیان مەزنتر بکەن و ڕێکخستن و سیستمی دیموکراتیکی خۆیان پتەوتر دەکەن.

بانگ دەکەین کە ئەم ڕەمەزانە بکەنە هۆکارێک بۆ پتەکردنی یەکێتیی خۆتان و ئاشتکردنەوەى ئەو کەسانەی لە یەکتری ڕەنجاون و پتەوکردنی پشتیوانیی یەکتری. بانگ دەکەین کە سەرفیترە و زەکاتەکانی ئەمساڵ بدرێن بە دامەزراوە وڵاتپارێزەکان، چونکە کە بڕوامان پێیان هەیە، کە ئەو هاوکارییانە دەگەیننە لێقەوماوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو کوردستانیانەی کە پێویستیان پێی هەیە. پێش هەموویان بۆ موسڵمانە کوردستانییەکان و بۆ هەموو موسلمانە دیموکراتیکەکان هیوای ئەوەمان هەیە، کە ڕەمەزان ببێتە هۆکارێکی خێر، رۆژوو، نزا و مرازەکان قبوڵ ببن".

ر.م