بە دیمەن

لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "باخچەکانی ناو شارو کێشەکانی بەبیابان بوون" کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، بەمەبەستی تیشک خستنەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی بەبیابان بوون، کۆڕێک بۆ ئەندازیاری کشتوکاڵی ئەیوب سابر محەمەد ڕێکخرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هۆڵی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ڕۆشنبیر و چالاکوانی شارەکە، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە لە هۆکارو کاریگەرییەکانی بەبیابان بوون لەسەر کۆمەڵگا، کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک- بەشی باخچەکان، لەژێر ناونیشانی "باخچەکان لە ناو شار و کێشەکانی بیابان بوون" هەستان بە سازکردنی کۆڕێک بۆ مامۆستا ئەیوب سابیر محەمەد ئەندازیاری کشتوکاڵی و جێگری بەڕێوەبەری بەشی باخچەکانی کەرکوک.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا، ئەیوب سابر، ئەندازیاری کشتوکاڵی و جێگیری بەڕێوبەری بەشی باخچەکانی کەرکوک، باسی لە بەش و ئەرکەکانی بەشی باخچەکانی کەرکوک کرد و هەروەها تیشکی خستەسەر سەر ئەو ئاستەنگیانەی کە وایکردووە نەتوانن وەکو پێویست خزمەت بە تەواوی ناوچەکانی شارەکە بگەینن بەهۆی نەبوونی توانای پێویست لە ژمارەی کڕێکار و باخەوان و پێدوایستی کارکردن.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەندازیار ئەیوب سابر باسی لە گرنگی باخچە کرد وەک بەشێک لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا و پێویستییەک بۆ ژیانێکی هاوسەنگ و پاک، وەبەرهێنانێکن لە ئاسوودەیی مرۆڤ و جوانی شوێنەکە، پاشان ناوبراو ئاشکرای کرد کە ڕووبەری سەوزی ناو سەنتەری شاری کەرکوک نزیکەی ٢٩١ هەزار و ٨٣١ مەتر چوارگۆشە بووە و لە زیادبووندایە، وە ئیدارەی خۆجێی کەرکوک کۆمەڵێک دارستان و باخچەی نوێی دامەزراندووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی جوانی و ڕووبەری سەوزایی بۆ شارەکە، بەڵام هەرچەندە ڕووبەری سەوزایی ناو شارەکە چەند گەورە بێت، ئەمە لە ڕێگەی گۆڕانی کەشوهەوا یان ئەو ڕێژە زۆرەی پیسبوونی ژینگە ناوەستێت، مەگەر پشتێنەی سەوزو دارستانی بچووک و چاندنی جۆرەکانی درەختی بەرز لەسەر ڕێگاکانی دەرەوە شار نەبن، هەروەها پیویستە ئەو کارگانەی کە دەبنە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی و پیسبوونی ژینگەوە پێویستە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ دانانی چارەسەری سەرەتایی وەک فلتەری پاککردنەوە و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزی ناو ئەو کارگانە بسەپێندرێت.

'لە ڕێگەی دروستکردنی دارستان و پشتێنەی سەوازیی چارەسەری بکەین'

سەبارەت بە کۆڕەکەی. ئەندازیار ئەیوب سابر محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "لەم کۆڕەی ئەمڕۆ زیاتر تیشکمان خستەسەر ئەوەی کە کێشەیەکی هەرێمی هەیە، کە بیابان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەتر دەبێتەوە و تووشی هەموو ناوچەکە بووە، زۆر لایەن پیان وایە کە چارەسەرکردنی کێشەکان لەناوەوەی لەڕێگەی زیادکردنی ڕێژەی سەوازیی لەناو ماڵەکان و باخچەکانی ناو شار، بەڵام بۆ چارەسەری کێشەی بە بیابان بوون پێویستی بە کارێکی زۆر هەیە کە دەوڵەت پی هەستێت و لە دەرەوەی شارەوە هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری کێشەکە لە ڕێگەی دروستکردنی دارستان و دروستکردنی پشتێنەی سەوازیی لە چوارچێوەی شارەکان، هەروەها پێویستمانە کە هۆشاریی تاکەکانی کۆمەڵگا لەم بابەتە زیاتر بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت هەوڵی بدەن بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە".

'پێویستە ڕێگری لە سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە بکەین'

هەروەها ئەندازیار ئەیوب سابر باسی لە خراپی دۆخی ژینگەی شاری کەرکوک و کرد و گووتی: "کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە لە لایەنی پاراستنی ژینگەیی چونکە نەک تەنها ڕێژەی سەوازیی لە شارەکە کەمە، بەڵکو دوو کۆمپانیای زۆر گەورەی چەمەنتۆ لە شارەکە هەن کە ژینگەی شارەکەیان پیس کردووە هەروەها کۆمپانیای نەوت لە شارەکە کاریگەری زۆری هەیە لە پیسبوونی کەشوهەوا و ژینگەی کەرکوک، بۆیە پێش ئەوەی ڕێژەی سەوازی زیاتر بکەین گرنگە کە ڕێگری لە سەرچاوەکانی پیس کردنی ژینگەی شارەکە بکەین، لە سەردەمی کۆڕۆنا و کاتێک کە کارگەکانی لەکار وەستان بینیمان کە کەشوهەوای جیهان بەرەوە باشتر چوو و چینی ئۆزۆنی زەوی بەرەوە چاکبوون چوو".

'یەکێکە لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بۆتەوە'

لەلای خۆیەوە، یوسف تەیب، بەڕێوبەری کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک، سەبارەت بە کۆڕەکە ڕاگەیاند: "هەڵبەتە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بە بیابان بوون کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە ئەرکی هەموومانە، ئێمە وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە شاری گەرمیان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین کار لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بکەین کە پەیوەستن بە ژیانی تاکی کۆمەڵگاوە لە چوارچێوەی کەرکوک، ئەمڕۆش بە هاوکاری بەشێ باخچەکان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک، کۆڕێکمان بۆ ئەندازیار "ئەیوب سابر" لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی بە بیابان بوون و ڕۆڵی باخچەکانی ناوشار لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا سازکرد، هەڵبەتە یەکێک لەو ئەرک و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی تەواوی کۆمەڵگای عێراقی و تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێتەوە، ئەوەیە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی بیابان بوون زیاد دەکات بۆیە پێویستە تەواوی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و هەموو بەرپرسان و دەزگا حکومییەکان کار لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بکەن بۆ چارەسەری ئەو گرفتە، لەئیستا بەدواوە بە ڕوواندنی نەمام بێت، یان خود دروستکردنی باخ و باخچەی ناوشار بێت".