ڕێبەر ئاپۆ بانگهێشتی چالاکییەکانی ١ی ئایار کرا
ڕێبەر ئاپۆ وەک وتاردەری سەرەکی لە گردبوونەوەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە شاری زوریخی سویسرا بانگهێشت کرا.
ڕێبەر ئاپۆ وەک وتاردەری سەرەکی لە گردبوونەوەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە شاری زوریخی سویسرا بانگهێشت کرا.
بانگهێشتنامەکە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارییەکانی ١ی ئایارەوە کراوە کە زیاتر لە ٦٠ ڕێکخراو، پارتە سیاسی، سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سویسرا پێکهاتووە.
لە نامەیەکدا کە کۆمیتەکە بۆ ڕێبەر ئاپو کە لە زیندانی ئیمرالیدا ڕاگیراوە، ناردوویەتی ئاماژە بە مۆدێلە ئەڵتەرناتیفە کۆمەڵگەییەکانی ڕێبەر ئاپۆ کراوە.
لە نامەکەدا هاتووە: "هەوڵدان و دڵسۆزیتان بۆ ئاشتی و دیموکراسی، پەیوەست بە شەڕ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا و کوردستان لە مێژەوە هەستپێکراوە. هاوکات ئایدیاکانتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و چەندی شوێنی جیهان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی دیموکراتیکی، وەک ڕوانگە دەخوێندرێتەوە و پەسەند دەکرێت."
پرەنسیپی هاودەنگی ئێوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا بەدوای مۆدێلی کۆمەڵایەتی جێگرەوەدا دەگەڕێن، لەوانە سۆسیالیستەکان، دیموکرات، ئیکۆلۆژیست، فێمینیست، ئەنارشیست، ژنان، گەنجان، ئینتەرناسیۆناڵیستەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراوە.
کۆمیتەی ١ی ئایار زوریخ هەمیشە پاڵپشتی تێکۆشانی گەلی کورد بووە بۆ ئازادی، دیموکراسی، چارەسەری پرسی کورد و بە هاوسۆزییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتە نوێیەکان دەکات."
کۆمیتەی ئامادەکار لە نامەکەیدا بەم شێوەیە بانگهێشتی ڕێبەر ئاپۆ دەکات: "بۆ زۆرینەی کوردان ئێوە وەک گرنگترین نوێنەری سیاسی قبوڵ کراون. لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە هیوادارین لە ١ی ئایاردا لە گەڵ خۆماندا بتبینین. بەشداربوونتان بۆ تێکۆشانە سیاسییەکانی سویسرا دەبێتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن و دەوڵەمەندییەکی مەزن."
شایانی باسە، کۆمیتەکە بە هەمان مەبەست لە ساڵی ٢٠١٣دا لە کاتی 'پرۆسەی چارەسەری' نێوان تورکیا و پەکەکە بانگێشتنامەیەکی هاوشێوەیەی بۆ ڕێبەر ئاپۆ ناردبوو.