سیناتۆر کارلۆ سۆمارۆگا، ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتی سویسرا، بانگەوازە مێژووییەکەی رێبەر ئاپۆ و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاند.
سیناتۆر سۆماروگا سەرەتا ڕایگەیاند کە بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ سەرسام بووە و وتی: "لەوباوەڕەدام ئەوەی کردوویەتی هەنگاوە درووست و ڕاستەکەیە. پێم وایە ئەم بانگەوازە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی گەلی کورد لە تورکیا زۆر گرنگە. بۆیە ئەم بانگەوازە، لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، دەتوانێت زەمینە بۆ پرۆسەی ئاشتی و تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی و دامەزراوە دیموکراتیکەکان خۆش بکات. بەداخەوە هێشتا سەرۆککومار ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئەم دەرفەتەیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە تورکیە و دەستپێکردنی پرۆسەیەک لەگەڵ پەکەکە و هێزە کۆمەڵایەتییەکان بەکار نەهێناوە، ئەمەش جێگەی نیگەرانیە."
دەبێت دانوستانەکان دەست پێ بکەن
هەروەها سیناتۆر سۆماروگا ئاماژەی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، "یەکەم شت کە پێویستە لەسەر ئاستی هەموواندا ئەنجام بدرێت، مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش دەستپێکردنی پرۆسەیەکی گفتوگۆیە. پێش ئەوەی دەست بە قسەکردن بکرێت لەسەر دانوستان، دەبێت لەسەر بنەمای متمانە گفتوگۆ بکرێت و دواتر شاند بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان پێکبهێنرێت. من باوەڕم بەوە نییە کە ئەمە تەنها بە فەرمی لەناو تورکیە ئەنجام بدرێت. بۆیە وەک هەنگاوی یەکەم پێویستە کۆبوونەوەی نافەرمی و نهێنی ئەنجام بدرێت.
بە دڵنیاییەوە بۆ ئەمەش سێ لایەن پێویستە: "پێش هەموو شتێک حکومەتێک کە ئەمەی قبووڵ بێت؛ پاشان پەکەکە یان بەرپرسانی بزووتنەوەی سیاسی نزیک لە پەکەکە و لە کۆتاییدا ئەو وڵاتەی کە میوانداری کۆبوونەوەکان دەکات. لەم پرۆسەیەدا لەبری کەسانی بەرپرسی ڕاستەوخۆ لە حکومەتدا، دەتوانرێت کەسانی نزیک لە حکومەت یان سەرۆککومار بتوانن ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن. وەک پێشتر لە هەوڵەکانی جنێڤ بۆ فەلەستین ئەنجامدرا. هەردوولا نوێنەریان هەبوو کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیار نەبوون بەڵام لە دەسەڵات نزیک بوون. ئەم کەسایەتیانە دەتوانن پرۆسەی دانوستان بەرەوپێش ببەن. پێموایە دەکرێت بەم شێوەیە باشتر بەرەو پێش بڕوات."
سویسرا دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سویسرا دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولادا بگێڕێت، سیناتۆر سۆماروگا وتی: "بەڵێ بۆچی نا. وەک دەزانن لە سویسرا حکومەتێکی دوولایەنە هەیە. لە سەرەتادا ئەم وڵاتە توانای وەرگرتنی بەشداربووانی کۆبوونەوەکانی هەیە. هەروەها ئەم شوێنە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی لە لای دەریاچەی جنێڤ بێت؛ دەکرێت جنێڤ، لۆزان یان مۆنترۆ بێت، بەڵام ناوچە ئەڵمانی زمانەکانی سویسراش دەتوانرێت وەک شوێنی گونجاو بەکار بهێنرێت. بۆ نموونە دەکرێت لە داڤۆس بێت، بەڵام بە مەرجێک هاوکات نەبێت لەگەڵ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (WEF). ئەمەش بەو مانایەیە کە سویسرا چەندین شوێنی گونجاو و گرنگی هەیە بۆ کۆبوونەوەی ئامانجدار و نهێنی.
دووەم: سویسرا دەتوانێت کەسانی لێهاتووی بەرز دەستنیشان بکات بۆ ئاسانکاری لە کۆبوونەوەکان. سویسرا ڕۆڵێکی چالاکانەی بینی لە ڕێککەوتنی ئاشتی لەکۆڵۆمبیا. کۆبوونەوەکان لە کوبا بەڕێوەچوون و سویسرا لەگەڵ نەرویج لە بەدیهێنانی ئەم ڕێککەوتنە هاوکاریان کرد."
هەروەها سیناتۆری سویسری سەبارەت بە ڕۆڵی ئەکتەرە نێونەتەوەییەکان وتی: "بە بۆچوونی من هاوبەشە ئاساییەکانی تورکیە، بەتایبەت هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، دەتوانن تورکیا بەرەو بەرپرسیارێتی و ئاشتی ناوخۆیی پاڵ بنێن. ناوچەکە لە ڕووداو و پێشهاتەکانی لەو شێوەیە سوودی تەواو وەردەگرێت."
ئازادیی ئۆجالان دەبێتە نیشانەی ڕاستگۆیی
سیناتۆر سۆماروگا بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئازادیی رێبەر ئاپۆ وتی: "ئێوە باستان لە ڕەوتی جۆراوجۆر کرد، بەڵام دیارترین نموونە کە دێتە بەرچاو ئەفریقای باشوورە. ئازادکردنی ماندێلا ڕێگەی بۆ پرۆسەی ئاشتی کردەوە. ئۆجالان وەک ماندێلا کەسایەتییەکی مێژووییە لە نێو گەلی کورددا و لە نێو گەلی کورددا کەسایەتیەکی دیار و قبوڵکراوە. بۆیە ئازادکردنی پەیامێکی زۆر بەهێز دەبێت بۆ چارەسەری. بۆیە ئەمە هەنگاوێک بۆ دواوە یان نیشانەی لاوازی بۆ حکومەتی تورکیا نییە. بەپێچەوانەوە ئازادکردنی ئۆجالان هەنگاوێکە کە هێز و متمانە بەخۆبوونی حکومەت نیشان دەدات، هەم بۆ حکومەتی ئێستا و هەم بۆ سەرۆککومار. هەروەها ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوانەی دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی بەرەوپێش ببەن چەندە باوەڕیان بە خۆیانە.
ئێمەش هەمان شتمان لە کۆڵۆمبیا بینی. بەشێک لە ئەندامانی چەکداری بزووتنەوەی ئازادیی بەر لە کۆتایی حوکمەکانیان ئازاد کران. ئەمەش لە چوارچێوەی لێبوردندا نەکرا؛ بەڵکو لە ڕێگەی نێوەندگیری نێوان گروپە چەکدارەکان و حکومەتەوە ئەنجامدرا، بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی گفتوگۆ ئەمە ئەنجامدرا. بۆیە ئازادکردنی ئۆجالان زۆر گرنگ دەبێت. وەک وتم ئەمە نە شکستە بۆ حکومەت و نە سەرکەوتنی ڕاستەوخۆیە بۆ گەلی تورکیا. لە ئاستی کەسایەتیدا بە مانای کۆتایی هاتنی ئازارێکی شەخسیە بۆ ئۆجالان. بەڵام بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەم هەنگاوە دەتوانێت وەک سەرەتایەک بە ئەرێنی سەیر بکرێت."