لە چالاکییەکەی جنێڤدا داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرا
لە ٢٢٠ـەمین هەفتەی چالاکی دانیشتن لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڕێوەچوو، ڕاگەیەندرا کە بۆ ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار بێت، دەبێت ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت.
لە ٢٢٠ـەمین هەفتەی چالاکی دانیشتن لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڕێوەچوو، ڕاگەیەندرا کە بۆ ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار بێت، دەبێت ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت.
لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ چالاکی بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکە ئێستا لە ٢٢٠ـەمین هەفتەی خۆیدا بەردەوامە.
چالاکی ئەم هەفتەیە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی لەکۆمیتەی چالاکییەکانی جنێڤ خوێندرایەوە.
فەیسڵ کوشکانادی بەیاننامەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند کە دوای "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆ، حکومەتی تورکیا نەک هەر هیچ هەنگاوێکی نەناوە بەڵکوو بە بێ ڕاوەستان بەردەوام بووە لە هێرشەکانی. هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای تورک ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ جار هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە هێرشەکانیدا بەکار دەهێنت.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە مەرجەکانی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ نەکراون و ڕژێمی سەپێنراوی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمرالی وەک خۆی بەردەوامە.
لە بەیاننامەکەدا ڕەخنە لە کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی (CPT) گیراوە کە لە نێوان ٧بۆ ١١ی نیسان سەردانی هەندێک لە زیندانەکانی تورکیایان کردووە بەڵام سەردانی زیندانی ئیمرالییان نەکردووە، هەروەها ئاماژەی بە بڵاونەکردنەوەی ڕاپۆرتی سەردانەکەی ٢٠٢٢ سی پی تی بۆ ئیمرالی کرد.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندراوە؛ بۆ ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار بێت، پێویستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وێڕای بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی جینۆسایدی ئەنفال، ڕاگەیەندرا کە ئەم کارەساتە دەرئەنجامی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و وێرانکارییە دژ بە هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد.
پاش خوێندنەوەی بەیاننامەکە، چالاکوانان دەستیان بە دانیشتن کرد.